راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
یەكێك لە دیاردەکانی مرۆڤایەتی و ژیانی رۆژانەی كۆمەڵگە پرۆسەی ژنهێنان و شووكردنە، ئەم دابونەریتەش لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی تر جیاوازی هەیە و پەیوەستە بە كۆمەڵێك بنەمای دیاریكراوەوە كە لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا رەنگدانەوەی خۆی هەیە.
خێزان شانەیەکی بنچینەیی کۆمەڵگەیە، بە تێکچوونی، کۆمەڵگە تێکدەدات. ژنهێنان و شووکردن هەندێكجار بنەمای خێزانێکی ئاسوودە و بەختەوەری لەسەر دروستدەبێت، بەڵام هەندێک جاریش خێزانێکی شێواو، ئەوەش دەبێتە هۆیەک بۆ تێکدانی شیرازەی كۆمەڵگە و بەرەو داڕووخانی دەبات.
گرفتی کۆمەڵایەتی
ئومێد عەلی، گەنجێكی تەمەن 25 ساڵە وتی: هەرچەند دەمەوێت ژن بهێنم، بەڵام كۆمەڵێك هۆکاری دەرەكی و ناوخۆیی رۆڵ دەبینن لە سەرنەگرتنی پرۆسەكەدا، هۆکارە دەرەکییەکان وەک کۆمەڵگە کە کۆمەڵێک رێوشوێن و نەریتی بۆ دانراوە و دەبێت پێوەی پابەندبیت، هۆکارە ناوخۆییەکانیش خێزان و کەسوکارن کە دەستێوەردان دەکەن، لە کاتێکدا پێویستە هەردوولا هاوکاربن.
گەلێك هۆكاری سیاسیی، كۆمەڵایەتی، رۆشنبیری رەنگدانەوەی خۆیان دەبێت لەسەر پرۆسەی ژنهێنان و شووکردن، بە بارە نێگەتیڤ و پۆزەتیڤەکەیدا هەردوولا تووشی دڵەڕاوكێ و نا ئارامی دەكات، بۆیە ئێستا دەبینین گەنجێكی زۆر تووشی دڵەڕاوكێ بوون لە ژنهێنان و شووکردن.
تیشك مەجید توێژەری كۆمەڵایەتی لەسەر پرۆسەی ژنهێنان و شووكردن بە كوردستانی نوێی راگەیاند، یەكێك لەو هۆكارانەی لە هەموو كۆمەڵگەكاندا رۆڵ دەبینین لە پرۆسەی ژنهێنان و شووکردندا ئەوەیە پێویستە لە هەموو بوارەكاندا رەچاوی سەقامگیریی و دەروونی هەردوولا بكرێت، چونكە کاریگەریی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکە و هۆكاری سەركەوتنن لەو پرۆسەیەدا، بەشێوەیەک دەتوانێت ببێتە بنەمایەكی بەرچاو بۆ ئەوەی ژیانی لەسەر بنیات بنێت.
پارێزەرێک: دەستووری عیراق نەیتوانیوە کار بۆ بەئاسانی تێپەڕاندنی کارەکانی ژنهێنان و شووكردن بکات و پرۆسەکە لەنێوان یاسا و شەریعەتدا چەقی بەستووە
کاریگەریی قەیرانی دارایی
ناسەقامگیریی باری ئابووری، سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاریی بەتایبەت لەناو چینی گەنجان و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکاندا، یاخود کارکردن بە کرێیەکی کەم، یان کارێکی کاتی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و نەتوانینی دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بە خێزان و خستنەوەی منداڵ لە داهاتوودا، ئەرکی سەرشانی کوڕان و کچان زیاد دەکات و دەبێتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لە ژنهێنان و شووکردن.
دێکان عومەر کچێکی تەمەن 30 ساڵە زانکۆی تەواو کردووە، بەڵام تائێستا کارێکی دیاریکراوی نییە و وتی: یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی وایکردووە شوو نەکەم ئەوەیە کە کارێکی دیاریکراوم نییە تا بژێوی پێ دابین بکەم بۆ ئەوەی لەڕووی ئابورییەوە تاڕادەیەک سەربەخۆ بم، هاوکات لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانیشدا هاوکاری ئەو کەسە بم کە بڕیارە شووی پێ بکەم.
وتیشی: نەڕەخساندنی هەلی کار و دەست نەکەوتنی بە ئاسانی لەو بوارەی بڕوانامەت تیایدا بەدەستهێناوە، گرفتێکی سەرەکی گەنجانە بە کوڕ و کچەوە و وایکردووە بە ئاسانی بڕیاریان بۆ نەدرێت لەسەر شووکردن و ژنهێنان، لەبەرئەوەی دڵنیانین لە دابینکردنی بژێوی و پێداویستییەکانی ژیانیان.
لەبارنەبوونی رێکارە یاساییەكان
كەنعان چیمەنی پارێزەر لە دادگای كەركوك، بەكوردستانی نوێی راگەیاند: دەستووری عیراق تائێستا نەیتوانیوە وەك پێویست كارێكی ئەوتۆ بكات كە گونجاوبێت بۆ بەئاسانی تێپەڕاندنی کارەکانی پرۆسەی ژنهێنان و شووكردن و ئەو پرۆسەیە لەنێوان یاسا و شەریعەتدا چەقی بەستووە، هەندێكجار شەریعەت رۆڵی گەورە دەبینێت لە بەرجەستەكردنی یاساكاندا.
وتیشی: پێویستە بنەمای دەوڵەت لەسەر یاساكان بچەسپێت و ئەو دابونەریتانەی كۆمەڵگە سڕ بكات و بیخاتە چوارچێوەی زمانێكی لێكتێگەیشتن بۆ سەركەوتنی پرۆسەكە، چونكە جێگیركردنی یاسا بۆ هەموو لایەك گرنگە و دەتوانێت ئاسوودەیی بە هەردوولا بدات، لە بابەتی ئەرک و مافدا.
باسی لەوەشكرد، پێویستە یاساكان لەگەڵ پێشكەوتنی كۆمەڵگەدا پێش بخرێت، چونكە یاساكانی پێشوو پەیوەستی كۆمەڵگەیەكی دیاریكراو بووە، كە توانیویەتی لەوكاتەدا دەستپێشخەری جێبەجێكردن بێت، بەڵام ئێستا هەم كۆمەڵگە گۆڕاوە، هەم ژیان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و فراوان بووە، بۆیە پێویستە رەچاوی ئەو گۆڕانكارییانە بكرێت كە روویانداوە یان روودەدەن و یاساکان بەپێی گۆڕانکاری سەردەم هەموار بکرێنەوە.