بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت: گرفتی دەرمان گرفتێكی هەمیشەییە و لە هەموو سەنتەرە پێشكەوتووەكانیشدا ئەم گرفتە بوونی هەیە.
دكتۆر یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا سەبارەت بە كێشە و گرفتەكانی نەخۆشخانەكەیان لە لێدوانێكدا بە رۆژنامەی كوردستانی نوێی راگەیاند: نەخۆشخانەی هیوا ساڵی 2007 دامەزرا، سەرەتا تەنها چەند بەشێكی كەمی هەبوو، دواتر بەشەكانی فراوانتر كرا لەبەر زۆری نەخۆش، ئێستا نزیكەی (200) تەختمان هەیە و فراوانكردنەكەی لەسەر ئەركی خێرخوازان بووە، بە تایبەتی لەسەر ئەركی خێرخواز جەمالی حاجی جەمال بووە كە سوودێكی زۆری هەبووە، بەڵام ئێستا گرفتی شوێنمان هەیە، پێویستە نەخۆشخانەی هیوای گەورە دروست بكەین، كە پێشتر كێشەی گرفتی زەوییەكەی هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو گرفتەش چارەسەركراوە.
گرفتی دەرمان تا ئێستا بەردەوامە
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا سەبارەت بە گرفتی دەرمانيش وتی: راستە هەمیشە لێرە و لەوێ باس لە گرفتی دەرمان دەكرێت، گرفتی دەرمان هەمیشەییە، نەك تەنها لەلای ئێمە، بەڵكو لە سەنتەرە پێشكەوتنەكانیشدا هەمان گرفت هەیە. بە حوكمی ئەوەی نەخۆشخانەی هیوا بێ بەرامبەرە و زۆرینەی ئەو چارەسەرە گرانبەها پێشكەوتووانەی لە جیهانی زانستی پزیشكی شێرپەنجە دەدۆزرێتەوە لە هیواش بەكاردێت، ئەمەش وایكردووە هەندێكجار گرفتی ئەو دەرمانە گرانبەهایانەش دروست ببێت، ئێستا نەخۆشخانەی هیوا تاكە سەنتەرە لە عیراق و هەرێمی كوردستان كە بتوانێت بەو ئاستە بەرزە خزمەت پێشكەش بكات، ئەو ژمارە زۆرە و ئەو جۆرە دەرمان گرانبەهانە بەو رێژە زۆرە بدات بە زۆرترین نەخۆش.
نەخۆشخانەکە گرفتی ئامێری هەیە
دكتۆر یاد نەقشبەندی سەبارە بە كێشەی ئامێر وتی: ئێمە وەك تاقیگە كێشەمان نییە، بەڵام ئەوەی كە هەیە سەنتەری ژیانەوەیە كە تایبەتە بە چارەسەری تیشك، بێگومان گرفتی ئامێرمان هەیە، چونكە تەنها دوو ئامێری هەیە كە زیاتر لە 10 ساڵە ئەو ئامێرانە كار دەكەن، بۆیە ئێستا پێویستمان بە سیانەكردن و كڕینی ئامێری نوێ هەیە، بە راستی نەخۆشخانەی هیوا ئەگەر تەنها خزمەتی شاری سلێمانی بكردایە بە تەنها، بێگومان ئەو لۆدەی لەسەر نەدەبوو، بەڵام ئێمە لە ناوەڕاست و خوارووی عیراقیشەوە نەخۆش روومان تێدەكات.
وتیشی: شێرپەنجەی مەمك لە جۆرە هەرە باوەكانی شێرپەنجەیە، لە ساڵی رابردوودا نزیكەی %18ی حاڵەتەكانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا شێرپەنجەی مەمك بوون.
ساڵانە ئامارەكان زیاد دەكەن
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا وتی: ساڵانە ئامارەكان زیاد دەكەن، ئەمەش شتێك نییە كە تەنها لە سلێمانی بێت، بە داخەوە زۆر جار دەكرێت بە هەواڵێكی مەترسیدار، نەخێر وا نییە، لە هەموو جیهاندا وایە، ئەگەر بە رێژەی دانیشتوان وەریبگری هێشتا رێژەكە كەمە، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە تۆ چۆن ئەم حاڵەتانە لە قۆغانە هەرە سەرەتایەكەیدا بدۆزیتەوە، چونكە ئەوە گرنگترین شتە لە رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە.