ئوپێك پڵەس و سیاسەتی كەمكردنەوەی خۆبەخشانەی هەناردەی نەوت

10:17 - 2024-06-05
ئابووری
306 جار خوێندراوەتەوە
ئەندامانی ئۆپێك پڵەس دەیانەوێ هاوسەنگی نرخ راگرن

ل: ئابووری

 

رێكخراوی ئۆپێك لە كۆبوونەوەی دووی حوزەیرانیدا كە بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، بڕیاریدا سیاسەتی كەمكردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمهێنانی نەوت درێژ بكاتەوە تا كۆتایی 2025 و ئامانجی رێكخراوەكەش پشتیوانیكردنە لە نرخی نەوت بۆ ئەوەی لە بازاڕی جیهانیدا نرخەكەی دانەبەزێت. لە هەمان كاتدا لەگەڵ بڵاوكردنەوەی بەیاننامەی تایبەت بە كۆبوونەوەكەیاندا ئاماژەیان بەوە كرد، كە دەكرێ لە مانگی ئۆكتۆبەری داهاتووەوە وردە وردە دەستبەداری سیاسەتی كەمكردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمی نەوت بن، ئەو هەواڵە وایكرد نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا دابەزێت.
لە دوای ئەو هەواڵەوە نرخی نەوت دابەزی بۆ 77.7 دۆلار و هەندێك وڵاتی ئەندامی ئۆپێك پڵەس بە كەمی دەزانن، چونكە نرخی كەمی نەوت كاریگەریی لەسەر هاوسەنگی بودجەی گشتیی وڵاتەكانیان دەبێت، هاوكات مەترسی ئەوەیان هەیە خواستی چین لەسەر نەوت كەم بێتەوە، كە گەورەترین وڵاتی بەكاربەری نەوتە، بە كەمبوونەوەی خواستی چین ئەگەری هەیە نرخی نەوتیش زیاتر دابەزێت.

 

هەندێك وڵاتی ئەندامی ئۆپێك پڵەس نرخی ئێستای نەوت بە كەم دەزانن، چونكە نرخی كەمی نەوت كاریگەریی لەسەر هاوسەنگی بودجەی گشتیی وڵاتەكانیان دەبێت

 

عیراق لە خۆبەخشەكانە
بە گوێرەی ئەو سیاسەتەی وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك گرتوویانەتەبەر، تا ئێستا بڕی بەرهەمی نەوتی ئۆپێك 5.86 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە كەم كراوەتەوە. سیاسەتی كەمكردنەوەكە بەو جۆرەیە كە وڵاتانی ئەندام بە شێوەیەكی بنەڕەتی دەبێ بڕێكی دیاریكراو بەرهەم و هەناردەی خۆیان كەم بكەنەوە، دواتریش هەریەك لە ئەندامان بە شێوەی خۆبەخش و قۆناغ بە قۆناغ بڕێكی دیكە كەم دەكاتەوە.
لەو وڵاتانەش كە لە قۆناغی یەكەمدا رازی بوون خۆبەخشانە بڕی بەرهەمیان كەم بكەنەوە: جەزائیر، عیراق، كازاخستان، كوێت، عەمان، روسیا، سعودیە، ئیمارات و گابۆن. هەمان ئەو وڵاتانەش لە قۆناغی دواتری كەمكردنەوەكەدا بەشدار بوون تەنیا گابۆن نەبێت.
سەرچاوە: سكای نیوز

#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان