راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد
ماوەی چەند رۆژێكە حزبی دەسەڵاتدار لە هەولێر، داوا لە سەرجەم فەرمانبەرانی حكومەت لەو شارە دەكات كە كۆپیەك لەكارتی دەنگدانی خۆیان رادەستی بەڕێوەبەری فەرمانگەكانیان بكەن و ئەوەش ئاشكرا بكەن كە سەر بەكام حزب و لایەنن و چەند كەسی خێزانەكانیان مافی دەنگدانیان هەیە، ئەوە لە كاتێكدایە حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای زانیاری و كارتی دەنگدانی لە هیچ فەرمانبەرێكی خۆی نەكردووە، بۆیە ئەوە لەلایەن فەرمانبەرانەوە بە كارێكی نایاسایی و دەستوەردان لە قەڵەم دەدرێت و بەهۆیەوە ناڕەزایی لێكەوتۆتەوە.
پڕۆسەی دەنگدان نهێنییە
ئارەزوو عومەر كارمەندی یەكێك لە فەرمانگە حكومییەکانە لە شاری هەولێر دەڵێت: چەند رۆژێكە هەموو کارمەندانی فەرمانگەکەمان لەلایەن بەڕێوەبەرەوە ئاگادار كراوینەتەوە دەبێت كارتی دەنگدانمانی بۆ بنێرین، پرسیاریم لە بەڕێوەبەرەکەم کرد ئەوە بۆ کێیە؟ وتی لە سەرووی خۆمەوە داوام لێكراوە، كاتێك بەدواداچوونم کرد دەركەوت مەبەست لە سەرووی خۆی بارەگای حزبێك بووە نەوەك بەڕێوەبەری گشتی دەزگا حكومییەكەمان، لە کاتێکدا بەپێی یاسا نابێت حزب هیچ پەیوەندییەكی بە كارمەندانی حكومەت و كارتی دەنگدانیانەوە هەبێت.
ئەو كارمەندە وتیشی: جگە لەوە داوای ئەوەشیان کردووە ئاشكرای بكەین سەر بە كام حزبین، لەكاتێكدا هیچ كەس و لایەنێك نابێت پاڵەپەستۆ بخاتە سەر هاووڵاتیان بە گشتی و كارمەندانی حكومەت بەتایبەتی كە لایەنی حزبی خۆیان ئاشكرا بكەن، لەبەرئەوەی پڕۆسەی دەنگدان شتێكی نهێنییە و زۆركات دەنگدەر هەبووە نەیویستووە هیچ لایەنێك بزانێت كە لەسەر سندوقەكانی دەنگدان دەنگ بەكام حزب دەدات.
لێپرسراوی دەستەی هەڵبژاردنەكان:
هەر فەرمانبەرێک حزب ناچاری بکات لایەنداریی خۆی ئاشکرا بکات، دەتوانێت سکاڵا بکات، بەدواداچوونی بۆ دەکەین و رێوشوێن بەرامبەر حزبەكە دەگرینەبەر
ترسی فەرمانبەران
لەوبارەیەوە نەبەرد عومەر لێپرسراوی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئێمە هەستمان بەو بابەتە كردووە و رۆژانەش شتی هاوشێوە روودەدات، بەڵام حزب هەیە بەشێوازی جۆراوجۆر هەڵسوكەوت لەگەڵ دەنگدەرانیدا دەكات، لەگەڵ ئەوەش پڕۆسەی دەنگدان مافی رەوای هەموو هاووڵاتییەكە و ئەوان سەرپشكن كە دەچنە پڕۆسەی دەنگدان یان ناچن و پڕۆسەكەش نهێنیە.
لەلایەكی ترەوە بەڕێز عەلی ئەویش بە هەمان شێوە فەرمانبەری حکومەتە لە شاری هەولێر، داوای کارتی دەنگدانی لێکراوە و دەڵێت: جگە لەوەی ئەو كارە دەستوەردانە لە كاروباری حكومەت و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەلایەن حزبێكی دیاریكراو، بەڵام ئەو كارە لەو كاتە دیاریكراوەدا ترسی بۆ زۆربەی كارمەندانی سەر بەحزبەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی هەولێر دروست کردووە، چونكە ئێستا حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە زەوی بەسەر كارمەندانیدا دابەش بكات، ئەوكات بەهۆی لێكۆڵینەوە لە كارتی دەنگدان و ئاشكراكردنی لایەنی حزبی كارمەندان، حزبی دەسەڵاتداری هەولێر دەتوانێت زەوی تەنیا بەسەر ئەو كارمەندانەدا دابەش بكات كە سەر بەحزبەكەی خۆیەتی كە پێشتریش ئەو كارە لەو شارە روویداوە كە خەڵكی سەر بەحزبەكانی تر لە پێدانی زەوی بێبەش كراون.
مافی سکاڵاکردن
نەبەرد عومەر لێپرسراوی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان وتی: هەر فەرمانبەرێک حزب ناچاری بکات لایەنداری خۆی ئاشکرا بکات، دەتوانێت سکاڵا بکات، ئەوكات ئێمە دەتوانین بەدواداچوونی بۆ بکەین و رێوشوێن بەرامبەر حزبەكە بگرینەبەر بۆ نموونە دەتوانێت سكاڵا بكات و بڵێت، بەڕێوەبەرەكەم ناچارم دەكات كارتی دەنگدانم یان كۆپییەکی بۆ ببەم، ئەوكات ئێمەش بۆ دەزگای سەرووی خۆمان بەرزی دەكەینەوە و كەیسەكە دەچێتە یاسای حزبەكان و بڕیاری لەسەر دەدرێت.
وتیشی: تائێستا سكاڵامان لەسەر ئەو بابەتە بۆ نەهاتووە، لە کاتێکدا هەموو كەس دەتوانێت بە ئازادانە بچێت سكاڵا لە كۆمسیۆنی بەغدا یان سلێمانی یانن هەولێر یا دهۆك تۆمار بكات بۆ ئەوەی بەدواداچوونی بۆ بکرێت، بەڵام ئێمە لە خۆماناوە بچین بەو حزبە بڵێین كە ئەو كارە دەكات، لەوانەیە وەڵامەكەیان ئەوە بێت كە ئەوان ئاگاداری ئەو بابەتە نین.