ئاریان محەمەد
به‌خۆی و توكتوكه‌كه‌یه‌وه له‌به‌رده‌م مزگه‌وته‌كه هاواری بۆ نوێژخوێنان ده‌كرد «وه‌رنه‌وه، وه‌رنه‌وه، گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ی دڵزاره و یه‌ك لوله‌ی به هه‌زاره«، «وه‌رنه‌وه و ده‌رمانی پرته و بۆڵه ببه‌نه‌وه و ماڵه‌وه‌تان بێده‌نگ بكه‌ن»، ئاخر نه‌گبه‌تى نه‌بێت توكتوكی به‌غدا تشرینییه‌كان ده‌یانه‌ویست بیكه‌نه گالیسكه‌ی شۆڕش و بونیادی ده‌وڵه‌تی پێ هه‌ڵاوژێر بكه‌ن، كه‌چی ئه‌و ترۆمبێله چكۆله‌یه‌ی ئێمه وا له‌به‌رده‌م مزگه‌وتێكدا بۆته دوكانێكی قشتیله و برێشكه‌ی تێدا ده‌فرۆشرێت، جا چ ترومبێلێك، رێك ده‌تووت مۆزه‌خانه‌یه‌كه بۆ خۆی، كابرا هێنده سه‌ری مار و مێرووی پێوه هه‌ڵواسیبوو له‌وه ده‌چوو له‌بری فرۆشتنی كاڵا مامه‌ڵه به ئێستاتیكاوه بكات، ئه‌وه‌نده‌ش سه‌مه‌ره كاسبیه‌كه‌ی خۆی لێ ببووه ته‌یاره، وایده‌زانی فابریكه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه و سه‌رمایه‌یه‌كی زه‌به‌لاحی وه‌به‌رهێناوه، به خه‌تێكی خوار و خێچیش له‌سه‌ر مقابه‌یه‌ك وته‌یه‌كی (سانجۆك)ی له درامای (بازرگان) نووسیبوو، كه ده‌ڵێت «بازرگانی به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی خه‌ڵكه نه‌ك پاره‌كانیان»، واپێده‌چوو له ده‌نكۆڵه ورده‌كانی گوڵەبەڕۆژە‌وه خه‌یاڵی ئه‌وه بكات كه به‌رهه‌مه‌كه‌ی براندێكی هێنده به‌ناوه متمانه‌ی هه‌موو كڕیاره‌كانی زه‌وتكردووه.
سۆفی سه‌راب، ره‌شتاڵه‌یه‌كی به قه‌ڵافه‌ت بوو، هه‌موو هه‌ینییه‌ك به‌رماڵێكی ده‌خسته بن باڵ و پێش بانگخوێنه‌كه ده‌گه‌یشته مزگه‌وت، چاكه‌ته‌كه‌ی به جێده‌ستی تابوته‌كه‌وه هه‌ڵده‌واسی و پنت به پنتی مزگه‌وتی خاوێن ده‌كرده‌وه، هێنده ورد بوو له پاككردنه‌وه له خاڵی سه‌ر تاته نوێژه‌كه‌ش وردده‌بۆوه نه‌بادا باڵنده‌یه‌كی كۆچه‌ری له بێ ئاگاییدا ریقنه‌یه‌كی لێ به‌جێمابێت، به گورجیی مێش و مه‌گه‌زی له‌و ناوه راوده‌نا، كه زه‌وییه‌كه‌شی ده‌كرد به ئاوێنه خه‌ریكی خه‌تم و دانه‌وه‌ی نوێژه قه‌رزه‌كانی بوو. له خه‌یاڵی كاكه سۆفیدا شوێنه‌كان ته‌نها جێ و رێیه‌كی فیزیكی نه‌بوون، به‌ڵكو هاوشێوه‌ى (میشێل فۆكۆ) مانای سیمبولی ده‌به‌خشى، ئه‌مه له‌لای ئه‌و ناوده‌نرێت (هیترۆتۆپیا) كه به‌واتای جێگه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی بمانگه‌یه‌نێته جێگه‌یه‌كی تر، وادیاربوو (سه‌راب) له‌ناو ماڵه‌كه‌یدا هه‌میشه خه‌یاڵی به شوێنێكی تره‌وه ده‌كرد، بیری له پیاوه ردێن سپییه‌كه‌ی مزگه‌وت ده‌كرده‌وه كه به ده‌نگه به‌سۆزه‌كه‌ى بانگی ده‌خوێند، زڕ توه‌كه‌ی حه‌وشه‌كه‌ی ده‌هاته‌وه خه‌یاڵ كه رۆژانه به حه‌وجێی نازی نوێژخوێنه‌كان بوو، داڵغه‌ی ده‌كه‌وته سه‌ر مینبه‌ره‌كه، كه هێنده سه‌وز و جوان بوو ده‌تووت به موفه‌رك روپۆشكراوه، مه‌لای مزگه‌وته‌كه‌ی ده‌هاته‌وه بیر كه به‌ده‌نگێكی هێمن دوای هه‌موو نوێژێك به گوێیدا ده‌چرپاند، رۆڵه‌كه‌م وریابه «شه‌یتان له‌ماڵه‌كه‌تدا به پێخه‌فێكی ره‌شه‌وه پاڵكه‌وتووه«، ئه‌و سه‌ره‌تا نه‌یده‌زانی شه‌یتان له‌و گه‌ردوونه گه‌وره‌یه‌دا بۆ ئه‌وه‌نده له كارترازه‌وه ته‌نها له ماڵه‌كه‌ی ئه‌واندا ماوه‌ته‌وه، ئاخر شه‌یتان چ كارێكى به خانه‌واده‌كه‌ی سه‌راب هه‌یه، كه به جۆرێك بچووك ببۆوه ته‌نها (سینه‌می خاڵكوت)ی دایكی و (خه‌ره‌ندی تاتۆ)ی خوشكی مابوونه‌وه، خوشك و دایكێك كه هه‌ردووكیان له نه‌سلی مرۆڤێك بوون كه خه‌ت و خاڵی سه‌ر جه‌سته‌یان به ئیستاتیكا و جوانناسی ده‌خوێنده‌وه، به‌جۆرێك كه له ره‌فه‌ی دووه‌می كتێبخانه‌كه‌ی ماڵه‌كه‌یان به خه‌تێكی جوان تابلۆیه‌كی خۆشنووسیان هه‌ڵواسیبوو، له‌تابلۆكه نووسرابوو «تاتۆكان نووسراوی سه‌ر دیواره‌كانی په‌رستگای جه‌سته‌ن». له‌وه‌وه تێگه‌یشت ئه‌وه‌ی شه‌یتانی بانگهێشتكردووه بۆ سه‌ر خوانی هه‌میشه‌یی ماڵه‌كه‌ی، خاڵكوتینه‌كه‌ی (سینه‌م)ی دایك و تاتۆسازییه‌كه‌ی(خه‌ره‌ند)ی خوشكیه‌تی.
مرۆڤ كه شوێن باوه‌ڕه‌كانی ده‌كه‌وێ و له‌ناو دیووه په‌نهانه‌كانی رۆح و ئاییندا رۆده‌چێ، هیچ شتێكی بیر نامێنێ له خودا و سروته‌كانی بترازێ، ئاخر له رۆژی خه‌تمكردنی قورئاندا ئیماندار هێنده به خه‌ونێكی گه‌وره‌وه رێده‌كات، رێك ده‌ڵێی كه‌ژاوه‌یه‌كی شاهانه‌ی بۆ په‌ڕینه‌وه‌ی له سیرات بۆ سازاوه، ئه‌وه‌نده كه‌یفساز و به جۆشه هه‌ر له‌وه ده‌چێت ره‌چه‌ته‌ی ئیمانی پڕ بووبێت له فه‌زڵ و حه‌سه‌نات، (سۆفی سه‌راب) به‌و كه‌یفه‌وه له مزگه‌وت دێته‌ده‌ر و له‌به‌رده‌م ده‌رگاكه له ترومبێله توكتوكه‌كه لوله‌یه‌كی گوڵه‌به‌ڕۆژه ده‌كڕێ و به ئه‌سپایی ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵ. له‌ناو حه‌وشه پانوپۆڕه‌كه‌یان له‌سه‌ر كورسییه‌كی دارینه‌ی قه‌دیم داده‌نیشێ، كورسییه‌ك له‌وه‌ی (تۆم هانكس)ی فیلمی (فۆڕست گه‌مپ) ده‌چێ، هه‌موو رۆژ به‌ده‌م دانیشتنه‌وه چیرۆكه‌كانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه و جارجاریش له‌گه‌ڵ پیره دایك یان خوشكه پزیشكه‌كه‌ی ده‌كه‌ونه شه‌ش و حه‌وتی دابه‌شكردنی لیستی حه‌ڵاڵ و حه‌رامیی رزق و رۆزییه‌كه‌یان. ئه‌مڕۆژه سۆفی سه‌راب هێمن و بێده‌نگ گوڵه به‌رۆژه‌كه ده‌خوات و دواجاریش لوله‌كه ده‌خوێنێته‌وه، نازانم بۆچی گۆڤارێكی عه‌ره‌بی كراوه‌ته لوله و شیعری گۆرانییه‌كه‌ی (نازم غه‌زالی) تێدا بڵاوكراوه‌ته‌وه، كه ده‌ڵێت « له خال على صفحات خد. كنقطة عنبر في صحن مرمر»، ئه‌گه‌رچی تێكسته‌كه ره‌نگه خاڵی خواكردنی سه‌ر جه‌سته‌ی ئه‌وینداره‌كه‌ی مه‌به‌ست بێت، به‌ڵام دیسان په‌ڕه كاغه‌زی لووله‌یه‌ك كای كۆنی نێوان خوشك و برایه‌كی به (با) كرده‌وه، راستییه‌كه‌شی ماوه‌یه‌كی زۆر بوو (سینه‌می خاڵكوت)ی دایك له‌نێوان به‌رداشی دوالیزمی باوه‌ڕ و نه‌ریت هاڕدرابوو، سه‌روه‌ختی ئه‌وه‌بوو له‌داخی مشتومڕی كوڕ و كچه‌كه‌ی (سۆفی سه‌راب) و (خه‌ره‌ندی تاتۆ) كه یه‌كێكیان به چاویلكه‌ی ئایین بیری ئه‌كرده‌وه و ئه‌وی تریش به خه‌یاڵێكی پزیشكیی، یاده‌وه‌ریی له مایه‌پوچ بوون نزیك ببێته‌وه. ئاخر خۆ له‌كۆندا سینه‌میش نانی له‌سه‌ر گۆڕینی دیزاینی رومه‌ت و قۆڵ و باسكی كیژۆڵه‌كان بووه تا له رێگه‌ی خاڵدانانه‌وه ره‌ونه‌قێكی تر به مرۆڤ بدات و بژێویه‌كی چنگ بكه‌وێت، ئه‌مڕۆش گیای كچۆڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر پنجی دایكی شین بۆته‌وه و له نۆڕینگه‌یه‌كی گه‌وره‌دا پزیشكه و تاتۆ له‌سه‌ر جوگرافیای جه‌سته ده‌چێنێ.
مێژووی خاڵكوتین و مرۆڤی سه‌هۆڵین
خه‌ره‌ند له‌و گشتاندنه ئایینیه‌ی براكه‌ی قه‌ڵسه، چونكه به‌درێژایی مێژوو سه‌ره‌ڕای به‌ستنه‌وه‌ی خاڵ كووتان به نه‌ریت و جوانی و خۆجیایی نه‌ته‌وه‌یی و هۆزگه‌راییه‌وه، پاساوی ئاینیش له‌پشت دنه‌دان و بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌ر هه‌بووه، ده‌زانێ خاڵ و خه‌تی سه‌رجه‌سته‌ی مرۆڤ له چه‌رخی به‌ردینه‌وه هه‌یه، لاشه و جه‌سته‌ی به به‌ردبووی ناوچه به‌سته‌ڵه‌كه‌كان هه‌ندۆكێك ئاماژه‌ی سه‌یر و شوێنه‌واری خاڵكوتانی مرۆڤیان بۆ جێهێشتووین، وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت هونه‌ر و ئێستاتیكای ره‌ونه‌ق به‌خشی سه‌ر جه‌سته له دۆزینه‌وه و كنه‌كردنی شوێنه‌واره مێژووییه‌كان و پاشماوه‌كانی مرۆڤی نیانده‌رتاڵ هه‌ر هه‌بووه، به‌ڵگه‌ی راست و دروستی یه‌كه‌م دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و هونه‌ره‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چاخی به‌ردینی ئه‌وروپا و به‌دیاریكراویش بۆ دۆزینه‌وه‌ی كۆنترین مرۆڤ كه مێژووی ژیان و بوونی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پاشماوه‌ی پێستی مرۆڤی (ئۆتزی) یان پیاوی سه‌هۆڵین كه له (3370)ی پێش زایین ژیاوه، بێ له‌وه‌ش له (49) ناوچه‌ی شوێنه‌واریی تر له له (ئالاسكا و سیبریا و مه‌نگۆلیا و رۆژئاوای چین و میسر و عیراق) ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن كه مرۆڤی ئه‌و زه‌مان و زه‌مینه خاڵكوتانیان به هه‌ر پاساوێك بێ به‌كارهێناوه، له‌وانه‌ش جه‌سته‌ی مۆمیاكراوی (ئامۆنیت)ی گه‌وره كاهینی میسر له ساڵه‌كانی (2134)ی پێش زایین.
(سینۆهه) وته‌نی به‌رله ده‌یان هه‌زار ساڵ نه‌ریتی مرۆڤ هه‌ر دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان كردار و ره‌فتار بووه له خۆپه‌نادان له‌په‌نای شتگه‌لی له‌خۆی به‌هێزتر و باڵاتر، دابی خۆبه‌ستنه‌وه‌ش به هێزه‌كانی تره‌وه خۆی له كێشانه‌وه‌ی وێنه‌ی ئه‌وان له‌سه‌ر دیواری ئه‌شكه‌وت و قه‌دپاڵی چیاكان بینیووه‌ته‌وه، دواجاریش ئه‌و دیزاین و ئیستاتیكایه له‌سه‌ر دار‌و په‌ردوی ئه‌شكه‌وته‌كانه‌وه ده‌گوزارێته‌وه سه‌ر جه‌سته و مرۆڤه‌كان به‌هه‌ر سروت و سروشتێك بێت شوێنی خه‌ت و خاڵ و تابلۆكانیان هێناوه‌ته سه‌ر لاشه‌ی خۆیان، خه‌ره‌ند سه‌رگوزشته‌ی خاڵكوتانی مرۆڤی سه‌هۆڵین ده‌گێڕێته‌وه كه به‌ر له (3250) ساڵ له‌سه‌ر لاشه‌ی دۆزراوه‌ی یه‌كه‌مین مرۆڤ شه‌ست و یه‌ك تاتۆی له‌سه‌ر بووه، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی پزیشكی له‌و باوه‌ڕه‌دان ده‌شێت ئه‌م خه‌ت و خاڵه زۆرانه شوێنه‌واری چاره‌سه‌ریی ده‌رزی ئاژنینی چینییه‌كان بێ و له‌سه‌ر لاشه‌ی مابێته‌وه، به‌تایبه‌ت كه شیكاری جه‌سته‌ی مرۆڤی ئۆتزی ئه‌وه‌ی به‌یانكردووه به‌ر له‌مردنی بڕبڕه‌كانی پشتی شوێن شكان و برینی گه‌وره‌ی پێوه‌بووه.
په‌یبردن به زانیارییه‌كانی دۆزینه‌وه‌ی مرۆڤی سه‌هۆڵین شتێكه و دیتنه‌وه‌ی مێژووی تاتۆش شتێكی تره، خه‌ره‌ند دركی به‌وه كردبوو كه راسته گریمانه‌ی ده‌ركه‌وتنی تاتۆ له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ئۆنزی له‌وانه‌یه لێكه‌وته‌ی ده‌رزی ئاژنین و وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ریی پزیشكی بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌زانی كه پێش (8000) ساڵ خاڵكوتان هه‌بووه و نیوه‌ی ئه‌وه‌ش له مۆمیاكانی میسردا دۆزراوه‌ته‌وه. بۆ سه‌لماندنی ئه‌و تێڕوانینه‌ش كتێبێكی كۆنی چنگ كه‌وتبوو ئاماژه به گه‌ڕیده‌یه‌ك ده‌كرد بۆ دۆزینه‌وه‌ی فێربوونی هونه‌ر و ئێستاتیكای خاڵڕێژی سه‌ر جه‌سته‌ی مرۆڤ زۆر شوێنی به‌سه‌ركردبۆوه، به‌پێی په‌ڕاوه‌كه (جیمس كۆك) له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی حه‌ڤده گه‌شتێكی بۆ فه‌ره‌نسا ئه‌نجامداوه و له‌و به‌سه‌ركردنه‌وه و كنه‌كردنه رێی ده‌كه‌وێته دوورگه‌ی (تاهیتی)، دانیشتوانی ئه‌وێنده‌ر به زمانی (بولینزی) قسه‌یان ده‌كرد و به خاڵی سه‌ر جه‌سته‌یان ده‌وت «تاتاو»، له‌وێوه پادشایه‌كی ئینگلیز ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی گواسته‌وه و بۆ ساناكردنه‌وه‌ی ده‌ربڕینیش ناونرا «تاتۆ». بۆ خه‌ره‌ند لێك نزیككردنه‌وه‌و پێچواندنی وشه‌كان خه‌یاڵێكی جوان بوو، به‌تایبه‌ت كه خه‌یاڵه ته‌واوكارییه‌كه‌ی ئه‌و چیرۆكه‌ی گه‌ڕیده‌كه له‌سۆنگه‌ی باوه‌ڕی گوندنشینانی ئه‌وێنده‌ر سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت كه له‌و باوه‌ڕه‌دابوون خاڵكوتان په‌یڕه‌وكردنی سروتێكی ئایینی و بیروباوه‌ڕێكی كۆنینه‌ی مرۆڤی ئه‌و ده‌مه‌یه، هاوشێوه له‌گه‌ڵ ره‌فتاری میسریی و یابانییه‌كان كه تاتۆشیان له پێناو سروشتی خه‌یاڵه ئیمانییه‌كه‌ی خۆیان ره‌عه‌مه‌ل دێنا.
تێگه‌یشتنی خه‌ره‌ند له خاڵكوتین له منداڵدانی ئه‌و كتێبانه‌وه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت، كه لێره و له‌وێ له‌باره‌ی مێژووی خه‌ت و خاڵه‌وه نووسراون، ئینسرۆپۆلۆجییه‌كان وایده‌بینن كه خاڵی سه‌رجه‌سته‌ی مرۆڤ له بنه‌ماوه بۆ ئه‌و قۆناغه مێژووییه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه مرۆڤی سه‌ره‌تایی له‌رێگه‌ی په‌رستشی ئاژه‌ڵگه‌ڵ و دیارده سروشتییه‌كانی وه‌ك باو و بۆران و هه‌وره بروسكه ئولفه‌تی پێوه گرتووه، ئه‌مه‌ش ده‌مانباته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا ته‌وته‌مه‌كان كه له‌تیره و هۆزی بچووكی ناوچه‌یی پێكهاتبوون هێما و گوزارشته ناوچه‌ییه‌كانی خۆیان بۆ شانازیی و ناسینه‌وه له‌سه‌ر جه‌سته‌ی خۆیان كردۆته هێما، ئه‌و هێما و خاڵانه گوزارشتێكی سه‌یری ئه‌ندازیاریی یان كۆمه‌ڵه هێڵێك بوون كه وێنه‌ی ناوچه‌یی له‌خۆده‌گرت و تیره و هۆزێك خۆی پێ له‌وانی دیكه جیاده‌كرده‌وه، هه‌ندێك ده‌ڵێن دانیشتوانه ره‌سه‌نه‌كه‌ی ئوسترالیا ئه‌و ره‌فتارانه‌یان داهێناوه و هه‌ندێكی دیكه‌ش ئه‌و ئیستاتیكایه ده‌به‌نه‌وه وڵاتی فه‌ره‌نگی و لێره و له‌وێش روسه‌كان ده‌كه‌نه‌وه خاوه‌ندار و نه‌سلی ره‌سه‌نی دیزاینی سه‌ر جه‌سته.
میسۆلۆژیای دێرینه‌ی میسر‌و میسۆپۆتامیا
سه‌وداسه‌ری خه‌ره‌ند له‌گه‌ڵ تاتۆ و خاڵكوتین به‌جۆرێك بۆته چه‌له‌حانێیه‌كی دوباره، له‌خۆی وه‌ڕس بووه، پێی نه‌نگییه له‌لای مامه سۆفی (خاڵکوتان) گوناه و (خه‌ڵك كوتان) فه‌زیڵه‌یه، هه‌موو ته‌مه‌نی بیستوویه‌تی له‌ش و لاری مرۆڤ هه‌رگیز مادده‌یه‌كی خام نیه، به‌ڵكو هه‌میشه كاری تێدا ده‌كرێ، ئیدی ئه‌م كار و ره‌نگڕێژی و ئیستاتیكایه به خاڵ كوتان بێت یا سمین ته‌نانه‌ت به برسیكردن و كوشتنیشی، ئه‌مه‌ش مانای بوون و خاوه‌ندارییه‌تی مرۆڤه بۆ جه‌سته‌ی خۆی، هه‌ڵبه‌ت مرۆڤ به‌و هێماسازیی و نه‌خشه‌سازییه نوێیه‌ی گه‌ره‌كیه‌تی له‌رێگای دیزاینی ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌وه به‌ناوه‌وه‌ی بگاته‌وه، ئامانجی گه‌یشتن به ناوه‌وه‌ی خۆی دۆخێكی پڕبوون و فێربوونی خوده.
بۆ خه‌ره‌ند گه‌ڕانه‌وه بۆ میسۆلۆژیا و شارستانییه‌تی دێرینه هه‌م خولیا و هه‌م وانه‌شه، خولیایه بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌سڵ و فه‌سڵی ئه‌و خووه‌ی مرۆڤ تێ بگات و ئه‌زموون و وانه‌شه تا (سۆفی سه‌راب) حاڵی بێت كه به‌درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تی هیچ باوه‌ڕ و ئایینێك نه‌یتوانیووه خاوه‌ندارییه‌تی (جه‌سته) له مرۆڤ خۆی زه‌وت بكات، ئه‌مه (غاده سه‌لمان) ناویده‌نێ ئارگۆمێنتێكی ئه‌به‌دی، كه تا دنیا دنیایه، باوه‌ڕ و نه‌ریته جیاوازه‌كان شه‌ڕه ده‌نووك ده‌كه‌ن له‌سه‌ری. ئاخر خۆ مێژووی شارستانیه‌تیه دێرینه‌كان چۆن له ته‌لارسازیی و رازاندنه‌وه‌ی كۆشك و ته‌لاره‌كان ده‌ستڕه‌نگین و به‌هره‌دارییان تاقیكردۆته‌وه، به‌و ئه‌ندازه‌ش له هونه‌ری ره‌ونه‌ق به‌خشین به جه‌سته و خاڵسازییدا ته‌لاری جه‌سته‌ی مرۆڤیان كردۆته مۆزه‌خانه‌یه‌ك بۆخۆی، ره‌نگه ئه‌كته‌ری به‌ناوبانگ و مرۆڤدۆست (ئه‌نجیلینا جۆلی) ئه‌و مێژووه‌ی خوێندبێته‌وه، بۆیه ده‌ڵێت «له‌وه‌ته‌ی نه‌سلی مرۆڤ هه‌یه، بوون و مانه‌وه‌ی، جوانی و كه‌سایه‌تی خۆی، له‌خه‌ت و خاڵی سه‌ر جه‌سته‌ی خۆیدا ده‌بینێته‌وه«.
میسری كۆن و شارسته‌نیه‌تی دێرینی فیرعه‌ونه‌كان هه‌م خاڵکوتانیان به‌چاكی ناسیووه و هه‌میش له ئایینی كۆنینه‌ی خۆیاندا وه‌ك سروتێك په‌یڕه‌ویان كردووه، خه‌ره‌ند بۆ تێگه‌یشتنی سۆفیه ئازیزه‌كه‌ی برای، كنه‌كردنی زانستیيانه‌ی پرۆفیسۆر (كیمێر) ده‌خوێنێته‌وه، كه له‌رێگه‌ی شه‌نوكه‌وێكی تاقه‌تپڕوكێنه‌وه به‌وه گه‌یشتووه كه میسرییه‌كان سه‌مایان كردووه به به‌شێك له په‌رستشه ئایینییه‌كان و هه‌موو سه‌ماكارێكیش خه‌ت و خاڵی هه‌مه‌جۆری له‌سه‌ر جه‌سته‌ی خۆی به‌یانكردووه. وه‌نه‌بێ ته‌نها له‌و سروته ئایینه‌دا خاڵڕێژی سه‌ر جه‌سته هه‌بووبێت، به‌ڵكو له گۆڕ و ئارامگه‌ی پیاوه گه‌وره‌كانی فیرعه‌ونه‌كانیش هه‌ر شوێنه‌واری خاڵ ماونه‌ته‌وه، له‌وانه‌ش له‌سه‌ر گۆڕ و جه‌سته‌ی (توت گنگ ئامون) خاڵ و نه‌خشی ره‌نگ ره‌ش و شین هه‌بوون، راستییه‌كه‌ی له میسۆلۆژیای (میسۆپۆتامیا)ش ره‌نگیی شین یان پیرۆزه‌یی هه‌ر په‌یوه‌ندی به خواوه‌ندیی بای چه‌رخێنه‌ری دنیاوه هه‌بووه.
مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی په‌ی به بایه‌خی شوێن ببات و له‌گرنگی جێگه تێ بگات، ده‌بێت هه‌میشه به‌شوێن تێزه‌كانی (گاستون باشلا‌ر) دا بچێت، له‌و رێگه‌یه‌وه ده‌توانین هه‌مان هه‌ڵسه‌نگاندن دووباره بكه‌ینه‌وه و تێبگه‌ین كه «شوێن» ئه‌و پانتاییه‌ی هۆگریی مرۆڤ له خۆده‌گرێ و تێیدا ده‌حه‌وێته‌وه، هه‌مان ئه‌و جێگه‌یه كه له‌رێگه‌ی بۆ ماوه‌ییه‌وه خه‌سڵه‌ت به‌ده‌ست دێنێ، بۆ خه‌ره‌ند حه‌وانه‌وه‌ی بیر و ئه‌ندێشه‌ی گرێدراوی ئه‌و جوگرافیایه‌یه كه میسۆلۆژیا و مێژوو ناویناوه (میسۆپۆتامیا) و هه‌موو نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزاكان به‌شی زۆری سروت و سروشتی خۆیان له‌وه‌وه وه‌رگرتووه، له‌به‌رئه‌وه‌یه به قیرسیچمه‌ییه‌كی زۆره‌وه شوێن ئه‌و مێژووه ده‌كه‌وێ و هه‌رچی كونوكه‌له‌به‌ری ناو كتێبه‌كانی وڵاتی نێو دوو روباره بۆ ساغكردنه‌وه‌ی خاڵڕێژی سه‌ر جه‌سته ده‌گه‌ڕێ. كتێبێك كه زۆر سه‌رنجی خه‌ره‌ندی راكێشاوه (هۆشیاریی فۆلكلۆریی له فه‌له‌ستین و ئه‌رده‌ن)ه، به وردی خاڵکوتان له‌میسۆپۆتامیا راڤه ده‌كات و مێژووی ئه‌و هونه‌ر و قه‌شه‌نگسازییه ده‌گێڕێته‌وه، كه له میسۆپۆتامیا نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر راڕه‌وه‌كانی كۆشك و ته‌لاره‌كان، به‌ڵكو له‌سه‌ر جه‌سته‌ش ده‌نه‌خشێنرا، كتێبێكی دیكه(رۆڵه‌كانی پرۆمیسیۆس)ه، ده‌رباره‌ی مێژووی شارنشینی ئه‌وێنده‌ر ئاماژه به‌وه ده‌كات له چه‌رخی به‌ردینه‌وه له میزۆپۆتامیا خاڵکوتان هه‌ر هه‌بووه و له‌وه تێپه‌ڕیبوو به‌شێك بێت له دیزاین و جوانكاریی جه‌سته، به‌ڵكو جگه له سروته ئایینیه‌كان، به‌شێك بووه له شوناس، له‌رێگه‌ی ئه‌و خاڵانه‌وه ناسنامه‌ی كه‌سه‌كان و چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌ناسرانه‌وه، خه‌ره‌ند له‌سه‌ر زاری پاتریارك (دۆنیسیۆس تلمیحه‌ر) رێكارێكی تری به‌كارهێنانی خاڵکوتین باس ده‌كات، كه كۆیله‌كان بۆ ناسینه‌وه‌ی خاوه‌نداریی و چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یان له‌رێگه‌ی داخكردنه‌وه ئاماژه و نیشانه‌یه‌كیان ده‌خرایه سه‌ر نێو چه‌وان.
له‌یاساو رێساكانی شارستانیه‌تی میزۆپۆتامیا، جه‌سته بوونێكی پیرۆز و گرنگ بووه و مرۆڤ به‌حه‌وجێی ئه‌وه بووه هه‌میشه به‌وپه‌ڕی به‌رپرسیارییه‌تیه‌وه له‌گه‌ڵ جه‌سته‌ی خۆی بجوڵێته‌وه، چونكه به‌رده‌وام له‌ش و به‌ده‌نی مرۆڤ روبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی سروشت و نه‌خۆشی و نه‌فره‌ت و جادوو ده‌بۆوه، له‌به‌رئه‌وه‌یه پیشه‌ی پزیشكی ئه‌و زه‌مان و زه‌مینه به پیاوانی ئایینییه‌وه به‌سترابۆوه، هه‌ندێك باوه‌ڕیان وابوو كه هۆی نه‌خۆشكه‌وتنی مرۆڤ توڕه‌بوونی خواوه‌نده‌كانه، ئه‌وكاته‌ی ئێزدان دێ‌و و درنج ده‌نێرێت بۆ ئازاردانی جه‌سته‌ی مرۆڤ و له‌پای سه‌رپێچییه‌كانی سزا ده‌درێت، خۆ هه‌ندێكیش سه‌رچاوه‌ی بیماریی جه‌سته‌یان خستۆته پاڵ جادووی ره‌شه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ش بووه سزای توندیان له‌سه‌ر جادوكاران داناوه و ئه‌وانه‌ی جادووی ره‌شیان كردووه په‌لكێشی زیندان و كوشتارگه‌كان كراون و تۆڵه‌یان لێسه‌ندراوه‌ته‌وه، بۆ ده‌ردانی به‌ڵا‌و نه‌خۆشیش هانا بۆ كاهینه‌كان براوه تا له‌رێگه‌یه‌وه ئه‌گه‌ری به‌دبه‌ختی مرۆڤ پوچه‌ڵ بكه‌نه‌وه، ئێ خۆ خاڵكوتان و خه‌ت و خاڵی سه‌ر جه‌سته‌ش به‌شێك له‌و سروته ئایینییه بووه كه دواجار بۆ پاراستنی جه‌سته و به‌ده‌نی مرۆڤ به‌كارهێنراوه. خه‌ره‌ند بیری ده‌كه‌وێته‌وه له‌قۆناغی خوێندنی زانكۆییدا په‌یپه‌رێكی له مامۆستاكه‌ی چنگ كه‌وتووه له باره‌ی (لێكه‌وته‌كانی ده‌رزی ئاژنین و خاڵكوتین له‌سه‌ر جه‌سته)، له‌وێدا سه‌رگوزشته‌ی ئه‌وینی سۆمه‌رییه‌كانی له‌باره‌ی خاڵكوتان تێدا تۆماركراوه، به‌پێی ناوه‌ڕۆكی په‌یپه‌ره‌كه له پێنج هه‌زار ساڵ پێش زایین ژنانی سۆمه‌ری له جوگرافیای میسۆپۆتامیا سه‌رمه‌ستی خه‌ت و خاڵ بوون و له‌رێگه‌ی ئه‌و هێماسازییه‌ی سه‌ر جه‌سته به ئاماژه‌ی جادوویی خۆیان له موسیبه‌ت و به‌دفه‌ڕییه‌كانی رۆژگار پاراستووه، ئه‌وانه‌ش له‌پێناو وه‌چه‌خستنه‌وه‌ی زیاتر و ته‌مه‌نی درێژتر و ته‌ندروستی زۆرتر، هه‌ر ئه‌وانیش نا، به‌ڵكو پادشا و وه‌زیره‌كانیش (3000) هه‌زار ساڵ پێش زایین له‌سه‌ر قۆڵ و مه‌چه‌كیان ناو و پله‌به‌ندییه سیاسیی و كارگێڕییه‌كه‌یان تێدا تۆماركردووه.
جاروبار سه‌راب په‌ست ده‌بوو، به‌ڵام بیری ده‌هاته‌وه كه «شه‌ڕی خوشك و براكان ئاهه‌نگ و سه‌رچۆپی شه‌یتانه«، بۆیه چه‌ندی بۆی كرابا به نه‌رم و نیانی و پێكه‌نینه‌وه له‌وپه‌ڕی توڕه‌ییه‌وه له‌به‌رامبه‌ر خه‌ره‌ند هێوربوونه‌وه‌ی هه‌ڵده‌بژارد، خه‌ره‌ندیش به زمانی قۆشمه‌یی خۆیه‌وه رووی تێده‌كرد و پێی ده‌وت «مامه سۆفی وای ته‌مایه هه‌ر به‌ڕیشی پانه‌وه، قه‌سری بۆ حازر كرابێ پڕ به حۆری جوانه‌وه«، ئاخر خۆ ردێنی سۆفی سه‌رابیش كه له‌ژێر تایتڵی سوننه‌ت جێگه‌ی كراوه‌ته‌وه، هه‌ر جۆرێك بووه له خۆجیایی و به‌خشینی شوناسی ئایینی به شوێنكه‌وتوانی ئاینێك تا له هه‌ڵگرانی بیروباوه‌ڕێكی تری جیا بكاته‌وه. له روخساری سه‌رابدا له‌وه نه‌ده‌چوو ئه‌م ساغكردنه‌وه مێژووییانه له‌باره‌ی میسۆلۆژیای میسۆپۆتامیا جێگه‌ی ناڕه‌حه‌تی و نیگه‌رانی بێت، چونكه ئه‌مه ته‌نها گفتوگۆ نه‌بوو له‌باره‌ی خه‌ت و خاڵی مرۆڤه‌وه، به‌ڵكو شه‌نوكه‌وی مێژووی شارستانیه‌تیه‌كی گه‌وره‌یه له‌باره‌ی هونه‌ریی جوانناسیی و ئێستاتیكای مرۆڤه‌وه.
كه‌ره‌سته‌كانی خاڵكوتین، شیری دایك و خۆڵ و زه‌رداوی ئاژه‌ڵ
مرۆڤ دنیا له‌سه‌ر شێوه‌ی وێنه ده‌بینێ، بۆ ئه‌وه‌ش پێویستی به‌وه‌یه دنیا به‌گشتی یان دیمه‌نه‌كه‌ی به‌رامبه‌ری پارچه پارچه بكات، تا وێنه وێنه له یاده‌وه‌ریی خۆیدا بیانپارێزێ، ئه‌وه‌ی بۆ رابردووش هه‌یه‌تی هه‌ر ئه‌و وێنه بچووكانه‌یه كه پێی ده‌ووترێت «نۆستالیژیا»، سینه‌می خاڵكوت له‌به‌ر پیریی نه زمانی گۆی ده‌كرد و نه ده‌سته‌كانیشی له‌سه‌ر خولگه‌یه‌كی ئاماژه ده‌وه‌ستان، به‌ڵام نۆستالیژیای پێشینه خه‌یاڵی ده‌برده‌وه بۆ رابردوو، بیری كه‌وته‌وه له پێشینانه‌وه بیستراوه خاڵكوتان هه‌یه و هه‌ر سه‌رده‌مه و ئامراز و كه‌ره‌سته‌یه‌ك به‌كارهێنراون بۆ ئه‌نجامدانی، سه‌ره‌تای ئه‌و خووه‌ی مرۆڤ له‌رێگه‌ی لقه‌داری نوك تیژ یانیش ئێسك و پروسكی ئاژه‌ڵه‌وه پێستی مرۆڤ هه‌ڵكۆلراوه و دواتریش ده‌رزی برۆنز به‌كارده‌هات، خۆ جیاواز له ده‌رزی و داری نوك تیژ به‌پێی سروشتی ناوچه‌كان مادده‌ی تری ره‌عه‌مه‌ڵ هاتووه بۆ ره‌نگڕێژكردنی شوێنه‌كه و ره‌نگدانه‌وه‌ی ره‌نگ و هێشتنه‌وه‌ی شوێنه‌وار پاشماوه‌ی لاستیكی سووتاویان به‌كارده‌هێنا و به‌هۆی كارلێكی ئه‌و مادده و خوێنی مرۆڤ ده‌بووه شوێنه‌وار و خه‌وشییه‌ك كه وه‌ك خاڵ خۆی ده‌نواند، كه‌چی له‌هه‌ندێك ناوچه‌ی دیكه هه‌ندێك قه‌دی دره‌خت یان گه‌ڵا له‌گه‌ڵ شیری دایكێك كه نۆبه‌ره‌كه‌ی كچ بێت ئاوێزان ده‌كران. رۆژنامه‌ی (الشرق الاوسط) له‌راپۆرتێكدا بڵاویكردۆته‌وه كه له كه‌ره‌سته و مادده به‌كارهێنراوه‌كاندا به‌پێی جوگرافیا جیاوازه‌كان جودایه، ده‌ڵێن لە میسری کەونارادا خەڵکی بە مەرەکەب، وێنەیان لەسەر جەستەی خۆیان دەکوتا و لە پێکهاتەی سەیر و سەمەرەی وەک ئاوێته‌كردنی شیری دایک و تەنانەت زەرداوی توورکەی زراوی مەڕ و بزن کەڵکیان وەردەگرت.
راست نه‌وه‌كان به‌و ئامێرانه ده‌ناسرێنه‌وه كه له‌گه‌ڵیاندا گه‌وره‌بوون، هه‌ر نه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ جۆرێك له ئامێر و كه‌ره‌سته‌دا گه‌وره ده‌بێت، له‌وانه‌شه نه‌وه‌ی (سینه‌م) كه‌ره‌سته‌كانی خاڵکوتانی جیاواز بێت له‌گه‌ڵ میسۆلۆژیای دێرینه و له زه‌مه‌نی هاوچه‌رخی ئێستاش، ده‌شێت سروشتی خه‌ت و خاڵی سه‌ر جه‌سته‌ی مرۆڤ به‌پێی قۆناغ و سه‌رده‌مه‌كان و دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگه‌یی و دابه‌كان گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتبێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له خاڵكوتین هاوبه‌شه رێگاكانی كوتینی پێست و ره‌نگڕێژكردنی خاڵ و نه‌خشاندنی وێنه و هێماكانه، ده‌گێڕنه‌وه له‌ناو مێژووی دێرینه جگه له‌وه رێگای تریش هه‌بووه، ئاسنی نوك تیژی سوره‌وه‌كراوه و خۆڵ و كلی چاو ره‌عه‌مه‌ل هاتووه، به‌كارهێنانی ئه‌و كه‌ره‌ستانه به‌جۆرێك به ئازار بووه كه (مه‌ولانای رۆمی) له كتێبی (مه‌سنه‌وییه‌كانی مه‌وله‌وی) سه‌رگوزشته‌یه‌كی خۆش له باره‌ی ئازاره‌كانی خاڵكوتینه‌وه ده‌گێڕێته‌وه، ده‌ڵێن كات و ده‌ورانی قه‌دیم پیاوێك هه‌بووه بانگه‌شه‌ی پاڵه‌وانیه‌تی خۆی كردووه و زۆر خۆی به ئازا‌و به‌جه‌رگ نیشانداوه، رۆژێك ده‌چێته لای خاڵكوتێك بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی شێرێكی له‌سه‌ر پشت بۆ بكوتێ، ئاخر ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت وێنه‌ی شێرێك له‌سه‌ر پشتی بێت ده‌بێت لانی كه‌م به‌رگه‌ی دوو كاتژمێر ئازاری ده‌رزی و برینی سه‌ر جه‌سته بگرێت، كاتێك خاڵكوت ده‌ست به‌كاره‌كه‌ی ده‌كات پاڵه‌وان له‌به‌ر ئازار ده‌ست به نه‌ڕه ده‌كات و پرسیار له خاڵكوت ده‌كات له‌كوێوه ده‌ستت پێكردووه، كابراش پێی ده‌ڵێت له‌كلكه‌كه‌یه‌وه، وه‌ڵامی ده‌داته‌وه و پێی ده‌ڵێ واز له كلكی بێنه، خاڵكوت ده‌رزییه‌كه ده‌گوازێته‌وه بۆ ئه‌و شوێنه‌ی بڕیاربوو سه‌رو سه‌كوتی شێره‌كه‌ی لێ بنه‌خشرێ، دیسانه‌وه پاڵه‌وان ده‌ستی كرده‌وه به نوزه و فه‌رمانیكرد واز له‌سه‌ری شێره‌كه‌ش بێنه و شێر به حه‌وجێی كه‌له‌سه‌ر نییه، پاشان چووه سه‌ر كێشانی جه‌سته‌ی شێره‌كه و نه‌ڕه‌ی پاڵه‌وان دووباره بۆوه و به خاڵكوتی ووت جه‌سته‌شی پێویست نیه، سه‌ره‌نجام له‌و شێره به قه‌د و قه‌ڵافه‌ته‌ی پاڵه‌وان ده‌یه‌ویست له‌سه‌ر جه‌سته‌ی بنه‌خشێنرێت، ته‌نها خاڵێك مایه‌وه كه له‌هیچ بونه‌وه‌رێك نه‌ده‌چوو. خه‌ره‌ند به‌راوردكارییه‌كی سه‌یر له‌نێوان خاڵكوتانی ئه‌و زه‌مان و تاتۆی ئێستا ده‌كات و نووسراوه‌كانی ئه‌فسانه‌ی خاڵكوتانی چینی (زانك زی) بیرده‌كه‌وێته‌وه، كه به‌درێژایی مێژوو باشترین وێنه‌كێشی سه‌ر جه‌سته‌ی مرۆڤ بووه و خاوه‌نی گه‌له‌رییه به‌ناوبانگه‌كه‌ی (جین بادی یین)ی به‌ناوبانگه بۆ وێنه تاتۆییه‌كان، كاتی خۆی وتویه‌تی «ئازاری خاڵكوتان به ئاگر و كه‌ره‌سته دێرینه‌كان به‌سوێ و ئازاربه‌خشه، به‌ڵام له‌سایه‌ی ته‌كنۆلۆژیا و هێمابه‌خشییه‌كانی تاتۆ ته‌نها له‌رێگه‌ی كۆمپیوته‌ره‌وه وێنه‌كه ده‌خرێته سه‌ر جه‌سته«.
فه‌لسه‌فه‌و ئامانجه‌كانی پشت خاڵ كوتین
ئامانجی مرۆڤ له خاڵكوتین هه‌رگیز ته‌نها له جوانكاریی و ئیستاتیكای جه‌سته‌دا كورت نه‌بۆته‌وه، به‌ڵكو مرۆڤ له‌پای په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و سروته ئێستاتیكیه مانای به خاڵه‌كانیش به‌خشیووه، له‌وانه‌یه ده‌ربڕینی ئه‌وین، یان خه‌یاڵ و خۆجیایی نه‌ته‌وه‌یی یان ئایینی، له‌وه‌شه ترس یان باوه‌ڕێك بووبێ و گه‌ره‌كی بووه بیگه‌یه‌نێت، خۆ ئه‌گه‌ریش هه‌بووه بۆ پیشاندانی جیاوازی و پارێزگاریی له فره‌یی بووبێت، خه‌ره‌ندی تاتۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌سڵ و فه‌سڵی نه‌سل و نه‌ژاده مێژووییه‌كان، كه بۆ ناسینه‌وه و په‌یوه‌ستبوونی ئه‌ندامه‌كانی به‌چوارچێوه نه‌ریتییه‌كانه‌وه شێوازێكی دیاریكراویان به خاڵ له‌سه‌ر جه‌سته ده‌نه‌خشاند، ئه‌و نه‌خشه و خۆجیاكردنه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی خاڵكوتینیش به رێگای تردا په‌یڕه‌وكراوه، له‌وه‌شدا ریش و سمێڵ له‌نێوان په‌یڕه‌وانی ئایینه‌كانی (ئیسلام) و (مه‌سیحی) و (جوله‌كه) كه ئێستا وه‌ك سوننه‌ت و سروتێكی ئایینی لێهاتووه، ده‌گێڕنه‌وه پێشتر هه‌ر ته‌كنیك و فۆڕمێكی خۆجیاكردنه‌وه و لێك هاوێركردنی خه‌ڵك بووه له‌سه‌ر بنه‌مای بیروباوه‌ڕه‌كان.
جگە لەناسینەوەی ئەندامانی خێڵ، هەریەک لەو سیمبوڵانە بەمەبەستێکی دیاریکراو کوتراون، وەک: جوانکاری، خۆپاراستن لە چاوی پیس، دوورخستنەوەی گیانی بەد و هێزی شەڕ و نەخۆشی، تەمەندرێژی و تەندروستی باش، بە بەرهەمی و نەوەخستنەوە و بەختێکی باش. هەڵبەت پەیوەندی بە ئایینە کۆنەکانی زەردەشتی و پێش زەردەشتیەوە هەیە، بەتایبەت میترایی. مێژوو پێمان ده‌ڵێت خاڵکوتان بۆ ئێستاتیكای جەستە، هەڵکۆڵینی هێماکان لەسەر پێست، بۆ دیاریکردنی ناسنامەی خۆجیایی نه‌ته‌وه‌یی و گوزارشتی ئایینزایی کەڵکی لێوەرگیراوە، خه‌ره‌ند ئه‌وه به‌یانده‌كات كه ئامانج و فه‌لسه‌فه‌ی پشت خاڵكوتین وه‌ك یه‌ك نه‌بووه، ره‌نگه له شوێنگه‌ل و قۆناغێكی مێژوویی به ئامانجی پلانی جه‌نگی و هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازیی و گه‌یاندنی په‌یام و مه‌سجێك بووبێت، له‌و چركه‌دا نامه‌كه‌ی (هیرۆدۆت)ی ده‌كه‌وێته خه‌یاڵ كه له‌سه‌رده‌می (داریوشی یه‌كه‌م)ی هه‌خامه‌نشیدا، حاکمی شارێکی ئەنادۆڵ غوڵامێکی خۆی ناردووە بۆ لای (ئه‌ریستاگۆراس) حاکمی مەڵاتیە لە ئاسیای بچوک، داوای لێکردووە سەری غوڵامەکە بتاشێ، کاتێک سەری دەتاشێ سەیردەکات نه‌خشه‌یه‌كی پڕ له كۆدی له‌ژێر تاڵه قژه‌كانی ئه‌فسه‌رێكدا تۆماركردووه و پاش هه‌ڵپاچینی پرچه درێژه‌كه ریسی دوژمنی له ئاشكراكردنی به‌ره‌كانی جه‌نگ كردۆته خوری و نه‌یهێشتووه دزه به شوێنه په‌نهانه‌كانی به‌ره‌كانی جه‌نگ بكرێ، وه‌به‌رهێنان و به‌كارهێنانی خاڵ له‌سه‌ر جه‌سته بۆ ئامانجی جه‌نگیی و گواستنه‌وه‌ی په‌یامی جه‌نگیی زیاد له نموونه‌یه‌ك هه‌یه، خۆ له مێژووی كۆریاش له ده‌سه‌ڵاتی (گۆگۆریۆ) كه‌له سه‌ری سه‌رباز بۆ كێشانه‌وه و ئاشكراكردنی نه‌خشه‌ی قه‌ڵاكانی دووژمن به‌كارهێنراوه و به‌و رێگایه له‌ژێر پرچی درێژی سه‌ربازدا خاڵی لاوازی دوژمن و سه‌نگه‌ره‌كانی ئاشكراكراوه.
دیوێكی تری شێوازه‌كانی خاڵكوتین بۆ ناسینه‌وه و به‌خشینی شوناس بووه به كۆیله‌كان تا بناسرێنه‌وه و بواری راكردن و هه‌ڵاتنیان نه‌مێنێ، خه‌ره‌ند له‌باره‌ی داخكردن یان وه‌ك له هه‌مبانه بۆرینه به (ئارهاندن) یان (چزاندن) ناوده‌برێ، زۆری بیستووه و فه‌رهه‌نگی كۆنینه‌ی كۆمه‌ڵگاشی بیرده‌كه‌وێته‌وه، كه وه‌ك به‌شێك له په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ناو خێزانه‌كان منداڵه‌كانیان پێ له لاساریی و چه‌قاوه‌سوویی پاراستووه، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌و چه‌مك و ره‌فتاره له‌ناو شارستانیه‌تی كۆن و ئیمپراتۆریه‌ته دێرینه‌كان به ئامانجێكی تر به‌كارخرابێت، نازانم بۆچی له‌رێگه‌ی زنجیره‌ی ته‌له‌فزیۆنی (سپارتاكۆس)ه‌وه چیرۆكی كۆیله كوتراوه‌كانی دێته‌وه به‌رچاو، كه چۆن له‌پێناو زۆرانبازیی و چێژبه‌خشی ده‌وڵه‌مه‌ند و پاره‌داره‌كان به نیشانه‌یه‌ك داخ ده‌كران تا خه‌ت و خاڵی خاوه‌نه‌كه‌ی به‌سه‌ریانه‌وه بمێنێته‌وه. ئه‌گه‌رچی پرسه‌كه په‌یوه‌ندی به كۆیلایه‌تیه‌وه نه‌بوو، به‌ڵام نیشانه و ناسینه‌وه‌ی تۆمه‌تبارێكی هه‌ڵاتوو گفتوگۆی لێكۆڵه‌ڕێكی ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكای بیر خه‌ره‌ند هێنایه‌وه، كاتێك (سه‌دام حوسێن) ده‌ستگیرده‌كرێت له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ناسینه‌وه‌ی پرسیار له ئه‌فسه‌ره‌كه ده‌كه‌ن، بێ دوودڵی شوێنه‌واری خاڵكوتان به‌ده‌ست و مه‌چه‌كیه‌وه ده‌كاته به‌ڵگه‌ی ناسینه‌وه‌ی.
چه‌نده خاڵه‌كان هه‌ڵگری مانای سیبمولین، به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش شوێنی خه‌ت و خاڵی سه‌ر جه‌سته هه‌ڵگری هه‌مان مانان، له میسۆلۆژیای كۆن له میسر و میسۆپۆتامیا و ته‌نانه‌ت شارستانیه‌تیه دێرینه‌كانی تریشدا شوێنی کوتانی خاڵەکان مانای تایبەتیی خۆی هەیە، هێڵێکی ئەستوونی لەسەر چەنەگەی ئافرەت نیشانەی دەزگیرانداربوونی ئافرەتەکەیە و بوونی خاڵێک لەسەر نووکی لووت دەتوانێ نیشانەی زەماوەند یا مردنی مناڵێکی بێت. هێندێک لە خاڵکوتانەکانیش نیشانەی تێپەڕینی ئافرەت لە قۆناغی کچییەوە بۆ قۆناغی هاوسەردارییە و زۆربەی کاتەکان کچە هاوتەمەنەکان لە کاتێکی تایبەتدا خاڵ دادەکوتن. ئەم نەخش و نیگارانە جگە لە پێشاندانی هێمایی ڕووداوە گرنگەکانی تاک، بۆ پارێزراوی لەهەمبەر ڕۆحە پیسەکان و هەروەها جوانکاریی بەکاردەبرێن، خه‌ره‌ند دوپاتیده‌كاته‌وه كه زۆربەی خاڵکوتانەکانی سەر دەست و لەش پەیوەندییان بە ویستی تەندروستی و شیفاوە هەیە و هێندێک لە نیگارەکانیش کە لە ملەوە هەتا بەشی زگ درێژەیان هەیە هێمای بەرداری و زاووزێیە، لە خاڵکوتانەکانی ژنانی ئەمازیغدا، هێماکانی خۆرەتاو، چاوی کەو، زنجیر و مێش برەوی هەیە. لە کلتوری بەربەردا کەو بە مانای ناسکی و ڕێکوپێکی لێکدەدرێتەوە و چاوانیشیان هێمایەکە بۆ بوونی مەترسیی هەمیشەیی. لەبەرئه‌وەی نەریتی خاڵداکوتان نەریتێکی تایبەت بە ئافرەتانی ئامازیغە و خەڵکیی ئامازیغیش بە هێمایەکی تەواو ژنانەی دادەنێن. ئەو خاڵانەی لەنێوان چاوەکان و دەوربەریان دەکوترێن بە ئامانجی پاراستن لە چاوەزار و خەسارەکانی ئەم باوەڕە دێن. هه‌رچی هێمای (ڤی) ئینگلیزییه لەسەر چەناگە، بەشێوەی نەریتی پێشاندەری شوناسی قەبیلەییە کە پەیوەندییی بە ئاست و ڕادەی گەورەییی هۆزه‌كه‌یه‌وه هەیە. خۆر هێمای سەرچاوەی ژیانە و ئەم جۆرە دەقە لەنێو کوردانی ئێزدی‌دا زۆر بەرچاوە. هێندێک کەس لەسەر ئەم بڕوایەن کە هێماکانی ئەستێرە و خاچ بەجێماوی سەردەمێکن کە کوردەکان ئاسمان پەرست بوون. هەروەها خاچ، مرۆڤ لە شەڕی شەیتان دەپارێزێ. خه‌ره‌ندی تاتۆ درێژه‌ی ده‌داتێ و رونیده‌كاته‌وه كه بازنەکان پێشاندەری منداڵدان و کۆئەندامی زاوزێن و ئاستی بەرداری و بەرگرتن بەرزدەکەنەوە. ئەڵماس هێمای دەستەڵات و بوێرییە. «درەختی ژیان» پێشاندەری ویستنی ژیانی بێ‌کۆتایی و هەرمانە. ئەم جۆرە دەقە کە زۆرتر لەنێو ژنانی بەساڵاچووی کورددا بەرچاودەکەوێ لە سینگەوە دەستپێدەکات و هەتا خوارەوەی شێویلکە درێژ دەبێتەوە.
راستییه‌كه‌ی ئه‌وه ته‌نها میسۆلۆژیا نیه چیرۆكی خاڵكوتان و تاتۆی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌مان بۆ بگێڕێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌و مانا سیمبولیه له ئان و زه‌مانی تریش هه‌ر هه‌بووه، نووسه‌ری فه‌ره‌نسی (میشێل ساردۆ) كه خۆی تاتۆی (باز)ێكی له‌سه‌ر شان كوتاوه، بوونی خاڵی سه‌ر جه‌سته به ده‌رچه‌یه‌كی سایكۆلۆژی ناوده‌بات كه مرۆڤ له‌رێگه‌یه‌وه پێوانه‌ی كه‌سایه‌تی خۆی ده‌كات، ئه‌مه‌ش ته‌نها نه‌ریتێكی مرۆیی نیه له ئاسته‌كانی خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا په‌یڕه‌و بكرێت، به‌ڵكو چۆن له‌سه‌رده‌می میرو پادشاكانی میسۆپۆتامیا و فیرعه‌ونه‌كانی میسر له ئاسته‌كانی سه‌ره‌وه‌ش سه‌وداسه‌رییان له‌گه‌ڵ خاڵكوتین هه‌ر هه‌بووه، مرۆڤی ئه‌و چه‌رخه‌ش له ئاسته‌كانی سه‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگاش هه‌ر به ئولفه‌تی قه‌دیمه‌وه جه‌سته‌ی خۆیان به خاڵ پۆشیووه، (ترومان)ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا وێنه‌ی ئه‌ژدیها و (ستالین) تاتۆیه‌كی ره‌نگاوره‌نگ و (ناپلیۆن پۆناپارت)، (جۆرج كه‌نه‌دی)، (چه‌رچڵ) و ئه‌وانی دیكه‌ش هه‌ریه‌كه و له‌سۆنگه‌ی باوه‌ڕی خۆیه‌وه جه‌سته‌ی به خه‌تی پڕ هێما و مانا ره‌نگڕێژكردووه.
ئایینه‌كان و تابۆی تاتۆو خاڵكوتان
بۆ سه‌رابی سۆفی كه ئێستاتیكای راسته‌قینه له تێكست و فه‌رمایشته ئاینییه‌كاندا ده‌بینێته‌وه، ئه‌و قسانه له چه‌له‌حانێیه‌كی پوچ زیاتر شتێكی تر نین، چونكه ئیدی لەڕوانگەی ئیسلامەوە خاڵکوتین نەک هەر سه‌رچاوه‌ی نه‌فرینی خودایه، به‌ڵكو خاڵكوت و خاڵدار پێكه‌وه هێنده له به‌هه‌شت دوورده‌كه‌ونه‌وه و بۆنی نه‌سیمه‌كه‌شیان پێناگات، به فه‌رموده‌یه‌كیش مه‌به‌ستییه‌تی به خوشك و دایكی بڵێت په‌یامبه‌ری ئیسلام فه‌رموویه‌تی «نه‌فره‌تی خوا له‌و ئافره‌ته بێت كه قژی ده‌ستكرد درووست ده‌كات یان بۆی دروستده‌كرێت، هه‌روه‌ها ئه‌و ئافره‌ته‌ی كه خاڵ ده‌كوتێت یان بۆی ده‌كوترێت». ئاخر گۆڕین و ده‌ستكاریكردنی ئه‌فرێندراوێكی خودا و به‌خشینی شێوه و روخسارێكی تر به مرۆڤ ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌موو پنته‌كانی ئه‌ندازیارییه‌تی خواوه‌نده و شتێك نییه شایان به لێخۆشبوو‌ن بێت.
ئه‌و ململانێ و به‌ریه‌ككه‌وتنه‌ی نێوان فه‌رمایشته ئایینیه‌كان و ویستی مرۆڤ جه‌نگێكی بێ كۆتاییه و له‌وه‌ته‌ی هه‌یه هه‌ر هه‌بووه، نه‌ك هه‌ر روانگه‌ی ئیسلام خاڵكوتین به به‌دخویی و به‌دفه‌ڕی ده‌به‌ستێته‌وه، به‌ڵكو له‌ناو ئایینه‌كانی دیكه‌شدا به پاساوی جیاواز نیشانه‌ی خراپی له‌سه‌ر ئه‌و كاره دانراوه. سه‌رابیش بۆ ئه‌وه‌ی چه‌كی ئایینی به‌ده‌سته‌وه بێت، هه‌میشه له سێرچ و گه‌ڕانێكی به‌رده‌وامدایه بۆ ئه‌وه‌ی نیشانی بدات كه ئه‌وه ته‌نها دیدگای ئیسلام نیه كه خاڵكوتین و تاتۆ ده‌به‌ستێته‌وه به به‌دفه‌ڕی، به‌ڵكو ئایینه‌كانی دیكه‌ش به خه‌سڵه‌تێكی لاری مرۆڤیان زانیووه، شەریعەتی په‌یمانی كۆن فەرمان دەکات: «بۆ مردوو خۆتان بریندار مه‌كه‌ن، نه‌خش له له‌شی خۆتان مه‌كوتن، من یه‌زدانم». هه‌رچه‌نده باوه‌ڕدارانی مەسیحیی له ژێر شەریعەتی پەیمانی کۆندا نین، بەڵام ئه‌و ڕاستییه‌ی كه‌وا فەرمانێک هەبووە دژی خاڵ و تاتۆ دەبێت بەهەند وەربگیردرێت و ببێتە جێگەی پرسیار، راسته په‌یمانی نوێ هیچ شتێك ناڵیت لەبارەی ئەوەی کە باوەڕدارانی مەسیحیی تاتۆ بکەن یان نا. سه‌راب ده‌ڵێی هه‌نگی له كونه‌دار دۆزیوه‌ته‌وه و ئه‌و تێكستانه له په‌یمانی كۆنینه زیندوو ده‌كاته‌وه كه شوێنكه‌وتوانی باوه‌ڕی مه‌سیحیه‌ت خۆشیان له یادیان نه‌ماوه، تا بیسه‌لمێنێ كه خاڵ و تاتۆی مرۆڤ پێچه‌وانه‌ی ویستی كردگاره و چه‌ندی مرۆڤ بۆی بلوێ ده‌بێت خۆی له دوباره‌كردنه‌وه‌یان بپارێزێ، نموونه‌ش دێنێنه‌وه كه له تێكستێكدا (پیترۆس) ده‌ڵێت «با ڕازاوه‌ییتان ده‌ره‌كی نه‌بێت، له ئه‌گریجه‌ی پرچ و زێڕ به‌خۆوه‌كردن و جلی باش له‌به‌ركردن، به‌ڵكو له‌ناو دڵتان شاراوه و له‌ناونه‌چوو بێ، ڕازاندنه‌وه‌ی ڕۆحێكی نه‌رم و هێمن، ئه‌وه‌ی له‌لای خودا گرانبه‌هایه.» ئه‌م دەقە لەڕاستیدا ئاراستەی ژنانی مەسیحی کراوە، به‌ڵام بنه‌مایه‌كی جوانی هه‌یه كه ده‌بێت له‌به‌رچاو بگیردرێ، كه نابێت گرنگی بدەین بە ڕوخساری دەرەوەمان، به‌هه‌مان شێوه خاڵکوتان (تاتۆ) یان كونكردنی پێست بریتیه له «جوانكاری ده‌ره‌وه«، ئێمە پێویسته چاومان زیاتر لە به‌ره‌وپێشچوونی ناخ بێت به‌بێ جیاوازی ره‌گه‌ز. هه‌ر له‌و سۆنگه‌وه ساڵی (1969) له ئینگلته‌را (مارتن مادۆن) پرۆژه یاسایه‌كی پێشكه‌شكردووه بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی خاڵكوتان و له پرۆژه‌كه‌دا وێڕای ره‌هه‌نده ته‌ندروستییه‌كان، پاساوی ئایینیش به بنه‌ما گیراوه، له یابانیش ساڵی (1870) له‌رێگه‌ی مه‌رسومێكه‌وه تاتۆ له‌ژێر تایتڵی به‌دڕه‌فتاری جێگه كراوه‌ته‌وه، ئه‌وه خۆ مێژووش پێمان ده‌ڵێت كه ساڵی (787) مه‌لیك (ئایرین) ئیمپراتۆری شه‌شه‌می قوسته‌نتین به پاساوی ئه‌وه‌ی خودا مرۆڤی له‌سه‌ر شێوه‌ی خۆی دروستكردووه و خاڵ و تاتۆ ده‌ستكاریكردنی ویست و ئیراده‌ی خوایه، سزای له‌سێداره‌دانی بۆ هه‌ر كه‌سێك بڕییه‌وه كه جه‌سته‌ی ده‌خاته به‌ر نه‌شته‌ری خاڵڕێژكردنه‌وه.
سه‌راب ده‌زانێ ئایینه‌كان هه‌میشه به‌شوێن دانانی به‌ربه‌ست بوون له‌به‌رده‌م هه‌ڵكشانی ئه‌و دیارده‌یه، به‌ڵام خووی خه‌ڵكی له دۆڵێك بووه و فه‌رمانه ئایینیه‌كانیش له دۆڵێكی تر، ئه‌مه بۆ كوردیش هه‌ر ره‌وایه، ئه‌وه‌تا چواردە سەدەیە ئیسلام خاڵی سه‌رجه‌سته‌ی مرۆڤ به به‌دخویی ده‌به‌ستێته‌وه، كه‌چی کوردان خاڵکوتینیان وەک زۆر نەریتی تری کەلتوری دێرینی خۆیان پاراستووە، خۆ هه‌ر كورده‌كان ئه‌و یاخیبوونه‌یان رانه‌گه‌یاندووه، به‌ڵكو مه‌مله‌كه‌تی سارانشینی عه‌ره‌ب و موسڵمانه‌كانی ئه‌فریقیا لەسەر دەموچاو، جومگەی لاق و مەچەکی دەست و ئەندامەکانی تری جەستەیان خاڵ ده‌کوتن. ئەم کارە بە مەبەستی دوورکردنەوەی هێزە شەیتانییەکان، دەسەڵات و پارێزگاری لە شەڕەکاندا ئەنجام دەدرێت.
خه‌ره‌ند تێده‌گات كه خاڵ و تاتۆكان به‌ر نه‌فرینی خودا و ئایینه‌كان كه‌وتوون، به‌ڵام هه‌ر ئایینی یه‌كتاپه‌رستی دێرینه‌شه كه پاساوی بۆ بوون و نه‌خش و نیگاری سه‌ر جه‌سته هێشتۆته‌وه، له میسۆلۆژیا و شارسته‌نیه‌تی كۆنینه‌دا ئایین خۆی پاڵنه‌ری دروستكردنی خاڵه‌كان بووه و ئێستاش له په‌نای هه‌موو ئایینه‌كانه‌وه هه‌ر ئه‌و جۆره ئێستاتیكایه بره‌وی هه‌یه.
كورد‌و ئێستاتیكای خاڵکوتان، میراتێكی ده‌وڵه‌مه‌ند
مرۆڤی پێشینه هه‌میشه سه‌وداسه‌ری ئه‌وه‌بووه جه‌سته‌ی به خه‌ت و خاڵ برازێنێته‌وه و چاوشاركێ له‌گه‌ڵ نوكى تیژی ده‌رزییه‌ك یان یا لقێكی حه‌یزه‌ران بكات، ئه‌و خه‌یاڵه سه‌یره‌ی مرۆڤ به ته‌نها شوێنكه‌وتنی نه‌ریت نه‌بووه، به‌ڵكو ئاماژه‌ی باوه‌ڕی ئایینیش بووه، پێده‌چێت كورد هێنده سه‌راسیمه‌ی خاڵ بووبێت، كه هێما و وێنه و نه‌خشه‌كان له‌سه‌ر جه‌سته‌ی مرۆڤی قه‌دیمه‌ی كورد رێك هاوشێوه و هاوتابێ له‌گه‌ڵ ئه‌و تابلۆ هه‌ڵكۆڵدراوانه‌ی میسۆلۆژیای سۆمه‌ری و میسۆپۆتامیا به‌جێیهێشتوون، ئه‌وكاته‌ی خه‌ره‌ند خه‌یاڵ ده‌به‌خشێته‌وه، نازانم بۆچی له‌سه‌ر قه‌دی باریكی گوڵه ده‌مه شێره‌كه‌ی حه‌وشه‌كه‌یان(خاڵخاڵوكه)یه‌ك رێگه‌كه هه‌ڵه‌ده‌كات و له‌ماڵ و مه‌مله‌كه‌تی خاڵدان ده‌نیشێته‌وه، به خه‌نینێكی كیژۆڵانه‌وه روو له سه‌راب ده‌كات و به نۆستالیژیای منداڵییه‌وه ئه‌و مه‌خلوقه بچووكه ده‌خاته سه‌ر په‌نجه‌كانی و به هێمنی پێی ده‌ڵێ «خاڵخاڵۆكه ماڵی خاڵت له‌كوێیه«، پێده‌چێت ئیدی نه‌ك هه‌ر ماڵی خاڵی، به‌ڵكو مه‌مله‌كه‌تی خه‌ت و خاڵی خه‌ره‌ندی دۆزیبێته‌وه و له‌وێ خۆی بكاته په‌نابه‌ر.
خه‌ره‌ند روو له سه‌راب ئه‌كات و بۆی ده‌گێڕێته‌وه كه ئولفه‌تی مرۆڤ و خاڵه‌كانی سه‌ر مه‌چه‌ك و رومه‌ت و شاباڵه‌كانی كوڕ و كیژانی كورد بێ مه‌ڵامه‌ت و گۆتره‌كاریی نه‌بووه، له‌ودیو هه‌ر خاڵێك مانایه‌ك و له پشت هه‌ر یه‌كێكیان چیرۆك و خه‌یاڵێك هه‌بووه، ئه‌و ده‌زانێت كه سه‌وداسه‌ری پێشینان له‌گه‌ڵ خاڵكوتین جۆرێك بووه له نه‌ریتێكی دێرینه‌ی مرۆڤایه‌تی و كوردیش نه‌ته‌وه‌یه‌كه له‌هه‌موو ده‌سكێك ئاونگێكه بۆ خۆی و هه‌میشه‌ش پارێزگاریی له‌و نه‌سل و ره‌چه‌ڵه‌كه ره‌سه‌نه‌ی خۆیكردووه. خه‌ره‌ند سه‌ربورده‌ى خاڵکوتان له كتێبه‌كه‌ى (محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ)ه‌وه ده‌گێڕێته‌وه، كه وا ته‌ماشای دیارده‌ی خاڵكوتینی كورده‌كان ده‌كات هه‌ڵگری ریشه‌یه‌كى مێژووییه، ئه‌و دابە له‌ناو كورددا دێرینه و به ئاینیی زه‌رده‌شتییه‌وه ده‌به‌سترێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پارێزگاریی هه‌میشه‌ییان له‌و نه‌ریته كردووه و به زیندوویی ماوه‌ته‌وه، شوێنكه‌وتووانی ئایینی ئێزدی بوون، خۆ هه‌ندێكیش ده‌ڵێن ئه‌وه نه‌ریتێكی ئایینی یه‌كتاپه‌رستی ئیبراهیمیی بووه و له ناو ته‌واوی بیروباوه‌ڕه‌كانی دوای ئه‌ویش ماوه‌ته‌وه، پێده‌چێت ئه‌و تیۆرییه مێژووییه‌ش راست بێت، چونكه پارێزگای موسڵ كه نیشتمانی په‌یڕه‌وه جیاوازه‌كان و ئایینه جۆراوجۆره‌كانه له شه‌به‌ك و ئێزدی و مه‌سیحی و موسڵمان هه‌موویان هه‌ر شوێنه‌واریی خاڵكوتین به‌سه‌ر روخسار و جه‌سته‌یان ماوه‌ته‌وه و پارێزگاری‌یان لێكردووه، شوێنەوارناسی بەریتانیش (ئۆستن هێنری لایارد) لە گەشتێكی بۆ كوردستان و میسۆپۆتامیا بوونی خاڵكوتان پشتڕاستدەكاتەوە، كاتێك چیرۆكی میواندارییەكەی لەلایەن ئاغایەكی كوردی موسڵەوە دەگێڕێتەوە، كە «ئاغا زیاد لە پێنج جار هاوسەرگیریی كردوە و هەر یەكێك لەهاوسەرەكانی لەوەی تر جوانتر بووە، سەر و چاویان لە ئەوروپی چووە و ئەوەی لەیەكتر جودای كردوونەوە ئەو هێما و خاڵانە بوون كە لەسەر دەست و مەچەك و روومەتیان هەبووە». هه‌رئه‌وه‌نده‌ش نا، به‌ڵكو سه‌رچاوه‌ى تریش ئاوێزانبوونى كورد و خاڵكوتین هه‌ر دووپاتده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وه‌تا كتێبیTattoos and Body Art around the World كه هه‌ر خۆى فه‌رهه‌نگێكى گه‌وره‌ی تۆماری مێژووییه سه‌باره‌ت به مرۆڤ و ئێستاتیكاى جه‌سته بە بایەخەوە لە مێژووی خاڵکوتینی كوردەكان دەدوێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ى سه‌یره دابی دێرینه‌ى كورده‌كان وابووه كه مەیلی خاڵكوتان تەنها خواستێكی ژنانە بووه و بەدەگمەن لەناو پیاوانی قەدیمە دیاردەی خەت و خاڵی سەرجەستە هەبوون. خەرەند وێنە پچڕاوەكانی رابردوو، دیمەنی چیرۆك و یادەوەرییەكان وەك بەشێكی گرنگی نۆستالیژیای نەتەوە تەماشا دەكات و بە هەر كڵۆجێك بێت گەرەكیەتی لەزمانی ئەوانی دیكەوە رابردوو بگێڕێتەوە، ئەو دەزانێت مێژووی ئێمە دوو شتی دەرهەق بە ژنان جێهێشتووە، یەكەمیان ئەوینی خانمانی كورد بۆ ئێستاتیكا و دووەمیش هێز و پتەویی ژن و كچۆڵە قەدیمەكانی كوردە، نازانم بۆچی كتێبەكەی (شاكر خەسباك)ی ده‌كه‌وێته‌وه به‌ردڵ و یاده‌وه‌ریی، كە چیرۆكی سەمەرەیی خەت و خاڵی كوردەكان بەیان دەكات، كە چۆن نێوچەوان و گەردن و دەست و مەچەكیان هەر دەتووت مۆزەخانەیەكە بۆ خۆی، ئاخر ژنانی كورد له‌مێژوودا لەریزی هەرە باڵاكانی كۆمەڵگەی كوردی بوون و پێگه‌و شوێنێكى شایسته‌یان هه‌بووه، خۆ له سكێچی به‌ده‌ن و جه‌سته‌یان هه‌ر گه‌ڕێ كه هەر یەكێكیان تاتۆیەكی لەسەر جەستەی خۆی نەخشاندبوو.
بۆ خه‌ره‌ند دیارده دێرینه‌كه‌ی خاڵكوتان ته‌نها ره‌نگدانه‌وه‌ی ئێستا نیه، به‌ڵكو واوه‌تریش له فه‌رهه‌نگی قه‌دیمه‌دا خۆجیاكردنه‌وه و خۆهه‌ڵكێشان به شوناسی نه‌ته‌وه و ئایین جۆرێكی تر بووه له ره‌نگڕێژكردنی جه‌سته و دانانی خاڵه‌كان. بێ مه‌ڵامه‌ت نه‌بووه كوردیش له هه‌مان نه‌سلی به‌كارهێنانی جه‌سته بووه بۆ مانا به‌خشین به خاڵه‌كانی سه‌ر جه‌سته، ده‌شڵێن كه نه‌ریتێكی كۆنینه‌ی په‌یڕه‌وانی ئایینی زه‌رده‌شتی بووه و پاشان وه‌رگۆڕاوه بۆ فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوورێكی ناوچه‌یی و هه‌ر پێكهاته و كۆمه‌ڵه‌یه‌ك، تیره و هۆز و جوگرافیایه‌ك له خۆجیاكردنه‌وه‌یه‌كی جیاواز جۆرێك له خاڵى كێشاوه، خه‌ره‌ند وێنه‌ی تاتۆ مێژووییه‌كانی كورد به نموونه دێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێ كه قوڵاییه‌كی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی و فه‌رهه‌نگی كۆنینه‌ی هه‌یه، له‌وانه‌ش (دره‌ختی ژیان) كه له‌سه‌ر سینه ده‌كوترێ و تا مل درێژ ده‌بێته‌وه و ئاماژه‌یه بۆ نه‌مریی، هه‌روه‌ها تاتۆی (خۆر) كه هێمای پیرۆزییه له كه‌لتوور و فه‌رهه‌نگ و ئایینی زه‌رده‌شتیدا، یا تاتۆی (فارافاهار) كه رۆحی مرۆڤ و ره‌وتار و چاكه ده‌گێڕێته‌وه و تاتۆی بازنه‌ییش كه نیشانه‌یه بۆ هێز و ده‌سه‌ڵاتی جه‌سته‌یی پیاو له وه‌چه‌خستنه‌وه، جگه‌له‌وانه‌ش تاتۆی (شمشێر) كه له‌لای كورده عه‌له‌وییه‌كان پێزانینه بۆ شمشێره‌كه‌ی (عه‌لی كوڕی ئه‌بو تاڵیب).
هه‌موویان له چركه‌یه‌كدا بێده‌نگ ده‌بن، ئاخر ئه‌و شه‌مه‌ندۆفێری ژیانه‌ش سه‌یر و پوچه، هه‌ر وێستگه‌یه‌ك كۆمه‌ڵێك سه‌رنشین هه‌ڵده‌داته ده‌ره‌وه‌ى خۆى، ماوه‌یه‌كى كه‌مه داپیره‌ی خه‌ره‌ند و سه‌راب سه‌رنشینێك بوو له وێستگه‌ى كۆرۆنا دابه‌زی و فه‌رمانى خودای به‌جێهێنا، له‌بیركردنى ئه‌و كۆچ و كۆسته ناوه‌خته بۆ خه‌ره‌ند ئه‌سته‌م بوو، به‌ڵام هه‌میشه بیركردنه‌وه له قسه‌كانی بۆ ئه‌و خه‌یاڵێكى خۆش بوو تا له یه‌قینى زیندوویی رۆحى ئه‌و ژنه په‌رچه‌م سپییه‌دا بمێنێته‌وه، نازانم بۆچی باسی هه‌موو شتێكى ئه‌به‌سته‌وه به نه‌نكی و له‌گه‌ڵ هه‌ر بابه‌تێكدا نه‌زیله و بیره‌وه‌رییه‌كى ئه‌وى ده‌خسته رسته‌وه، بۆ خاڵكوتینیش هه‌روابوو رێك بیری بۆ نه‌نیله‌كه‌ى خۆى چوو، ئاخر داپیره‌ی بۆی گێڕاوه‌ته‌وه، كه ده‌ستگێڕه خاڵكوته‌كانی قه‌دیمه، تیره و هۆزه كۆچه‌رییه موسڵمانه‌كان بوون و ئه‌و فه‌رهه‌نگه وه‌ك كرده‌ی جێنزرگه‌كردنی خاڵ له‌سه‌ر جه‌سته پشت به پشت ماوه‌ته‌وه. بیستوێتی كه دۆمه‌كان وه‌ك عه‌شیره‌تێكی كوردی ره‌سه‌ن، بنه‌ڕه‌تیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هۆزی جاف و له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی سلێمانی بوونیان هه‌بووه و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ داره‌شمانه‌ییه‌كان دژی سوپای روسیا جه‌نگاون، جگه له نه‌نه‌ى، سینه‌می خاڵكوتیش ده‌ورانی هات و هه‌رای كۆڵانه‌كانی شاری بیرماوه، كه چۆن ژنه گه‌نم ڕه‌نگه دۆمه‌كان گه‌ڕه‌ك به گه‌ڕه‌ك ده‌گه‌ڕان بۆ چاندنی ددانی ئاڵتون، فاڵگرتنه‌وه، خاڵكوتینی سه‌ر جه‌سته، خۆ (دكتۆر كه‌مال مه‌زهه‌ر)یش پشتڕاستیده‌كاته‌وه كه دۆمەکان خەڵکێکی دیندار و ئازا‌و چاونەترس بوون و زۆربەیان سۆفی بوون و دەنگ خۆش بوون و دەفیان دروست کردوە، كه ده‌گه‌ڕان شمشاڵی ئاسن، بێژه‌نگ، ئه‌نگوستیله، ددانی ئاڵتون، مت و موریان ده‌فرۆشت، خاڵیان ده‌کوتا. جارێكیش پیرەژنێكی دۆم لەكۆڵانه‌كه‌ى ئه‌وان كه قسه‌یكردووه پێی وتوون: خاڵ مرۆڤ لە چاوی پیس بەدوور دەگرێت، شانس و بەختی پێ دەبەخشێ، هێزی زایەندی و زاوزێ و دڵاوایی و جوانیی بەرزدەکاتەوە. هێندێکیشیان لەسەر ئەم باوەڕەن کە هێما کوتراوەکان پێش بە مردن و نەخۆشییەکان دەگرن، ئه‌و باوه‌ڕه سه‌یره‌ى كورده‌كان له داڕشتنى ده‌ق و خاڵى سه‌رجه‌سته‌ش سه‌یره، كه هێندێک کەس لەسەر ئەم بڕوایەن کە هێماکانی ئەستێرە و خاچ بەجێماوی سەردەمێکن کە کوردەکان ئاسمانپەرەست بوون.
لە خەیاڵی سینەمی دایكدا خاڵکوتان بۆ ئێستاتیكای جەستە، هەڵکۆڵینی هێماکان لەسەر پێست، دیاریکردنی ناسنامەی خۆجیایی نه‌ته‌وه‌یی و گوزارشتی ئایینزایی کەڵکی لێوەرگیراوە، جاروباریش بەپێی سروشتی جوگرافیا و تایبەتمەندی ناوچەكان جیاوازیی تێدا دەركەوتووە، ئاخر تا رۆژگارێكی درێژیش (خاڵ کوتان) كه لای گوندەکانی گەرمیانی خۆمان بە جوانکاریی دادەنرا، کەچی لەشار بە شتێکی نابود و بێفه‌ڕ تەماشا دەکرا، ئه‌و هه‌ڵكشان و داكشانه له په‌سه‌ندكردنى كۆمه‌ڵگا بۆ نه‌ریته‌كان هه‌ر هه‌بووه، جارێك خاڵپه‌رست ده‌بن و جارێكیش هه‌رچی خه‌ت و هێمایه ئه‌به‌ستنه‌وه به شوره‌یی.
له خه‌یاڵى خه‌ره‌ند ئه‌و فره رووییه‌ى مرۆڤ به سه‌رابی براشیه‌وه سه‌مه‌ره‌یه، ئه‌وانه‌ى شانامه دژى خاڵ و تاتۆ ده‌هۆننه‌وه و كه‌چی له پڕێكدا ده‌نگى ئه‌و ستران و حه‌یرانانه هێند به‌رز ده‌كه‌نه‌وه كه به‌سه‌ر خه‌ت و خاڵی جه‌سته‌دا ده‌یڵێ ته‌نها دووفاقیه‌و هیچی تر، ئاخر ئێستاتیكاى خاڵ له‌سه‌ر جه‌سته ئه‌وه‌نده قوڵاییه‌كى مێژوویی له‌ناو فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری ئێمه‌دا هه‌یه هه‌ر خۆى چیرۆكێكه، گۆرانیە میللیەکان پڕن لەو بەیت و بەستانەی بەسەر خاڵ و خەتی یارا وتراون، ئەوەتا (حەسەن زیرەک) خاڵی لامل دەیکوژێ و هیلاکی خاڵێکی بۆ کەس مەعلوم نەبووی سەر سنگی یارە، (حسێن عەلی) ش دوو خاڵی سەر شەمامەی بێ ئیمانێک کوشتویەتی، (مەولەوی) مەزنیش ئەگەرچی بە ناوهێنانی «خاڵۆ» ڕائەچڵەکێ وەلێ بۆ خاڵێک شەرتی گەڕانەوە بۆ چواردە ساڵی دەکات. جا چجاى ئه‌و خاڵه ده‌ستكردو خواكردانه له‌سه‌ر رومه‌ت و سینه‌ى خانم و شۆخێكى كورد بن.
ئه‌و شانازییه نه‌ته‌وه‌ییانه‌ى مرۆڤ له‌سه‌ر جه‌سته‌ى خۆی ده‌یهۆنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌یه شانازیی به رابردوى خۆیه‌وه بكات، هه‌ن وێنه‌ى كاوه‌ى ئاسنگه‌ر و كه‌له‌سه‌ری زوحاك ده‌كێشن و هه‌شن نه‌خشه‌و جوگرافیاى كوردستانێكى پارچه ده‌خه‌نه سه‌ر جه‌سته‌یان، خه‌ره‌ند تایتڵه گه‌وره‌كه‌ى رۆژنامه‌ى (ئاسۆ)ی بیرده‌كه‌وێته‌وه كه به گه‌وره‌یی نووسرابوو «یه‌كخستنى نه‌ته‌وه له‌سه‌ر كاغه‌ز»، تاتۆكانیش وه‌ك یه‌كخستنى نه‌ته‌وه له‌سه‌ر په‌رستگاى جه‌سته ده‌بینێ، به‌ڵام قێزیش له‌وه ئه‌كاته‌وه كه مرۆڤپه‌رستى له‌پشت خاڵ و تاتۆكان وه‌خته ببێته دیارده و ناوه‌ناوه رسمى سه‌رۆك و رابه‌ر ئه‌كه‌نه كه‌ڤه‌ری جه‌سته‌ى خۆیان، له‌وه‌شه‌وه بڕیاریداوه له نۆڕینگه‌كه‌ى خۆیدا رێگه به وێنه‌په‌رستى و مرۆڤپه‌رستى نه‌دات.
زانستى پزیشكى چیمان پێده‌ڵێت
مرۆڤ كه ده‌چێته شه‌ڕه‌وه ته‌نها به یه‌ك كه‌ره‌سته ناجه‌نگێ، به‌ڵكو تڕ و تفاقی دیكه‌ش له‌گه‌ڵ خۆى ده‌بات، پێده‌چوو چه‌كى سه‌راب ته‌نها فه‌رمایشته ئاینییه‌كان نه‌بن، به‌ڵكو له‌ناو زانستى پزیشكیدا شوێن ئه‌و لێكه‌وتانه ده‌گه‌ڕا كه خاڵى سه‌ر جه‌سته به‌هۆى خاڵكوتین و تاتۆوه ده‌بنه به‌ڵا، له‌و به‌ینه‌دا دێڕ به‌دێڕ كتێبێكى بۆ خه‌ره‌ند ده‌خوێنده‌وه كه زانستى پزیشكى ده‌ڵێت «تاتۆ دەتوانێت هەندێک نەخۆشی پەیوەندیدار بە خوێن بگوازێتەوە، له‌و نه‌خۆشیانه ره‌نگه هه‌وكردنى خوێن بێت»، ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ى كه له‌و رێگه‌یه‌وه ده‌شێت ببنه به‌شێك له خوێنى جه‌سته به‌هۆى ئەو کەرەستە جۆراو جۆرانه‌وه بێت کە لە نیگار‌کێشانی تاتۆدا بەکار دەهێنرێن. سه‌راب به‌رده‌وام ده‌بێ و دیارده و گۆڕاوه جه‌سته‌ییه‌كان روونده‌كاته‌وه له‌وانه هه‌سته‌وه‌ری له‌سۆنگه‌ى ئه‌وه‌ى له كاتی كردنی تاتۆ ڕه‌نگ تیایدا به‌كار دێت، ڕه‌نگه‌كان مادده‌ی كیمیایین و ده‌چنه ناو له‌شه‌وه، ئه‌و مادده غه‌واره ئه‌گه‌ری دروستكردنی كاردانه‌وه‌ی لاوه‌كی، وه‌كو: ئاڵووشی پێست و هه‌سته‌وه‌ری هه‌یه، كه ده‌بێته هۆی سووربوونه‌وه و خروو و گۆڕینی ڕه‌نگی پێستی لای تاتۆكه، هه‌روه‌ها ده‌بنه سه‌رچاوه‌ى هه‌وكردنی پێست له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له كاتی كردنی تاتۆ ئامێر بۆ نه‌خشاندن له سه‌ر پێست به‌كار دێت، وه به ڕێگا كۆنه‌كه و به‌تایبه‌ت له تاتۆی به‌رده‌وام پێست به ئامێر كون ده‌كرێت، ئه‌وا: ئه‌گه‌ری تووشبوونی پێست به هه‌وكردن هه‌یه، له‌وانه‌شه ببێته هۆى. دروست بوونی گۆشت پاره به‌هۆی ئه‌وه‌ی؛ كه: تاتۆ هۆكار ده‌بێت له‌وه‌ی؛ كه: برین دروست ببێت، ئه‌وا: جار هه‌یه خانه‌كانی پێست ده‌ست به گه‌شه‌كردنی زیاتر ده‌كه‌ن بۆ ته‌واو پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و برینه و ده‌بێته هۆی دروستبوونی گۆشت پاره و خڕبوونه‌وه‌ی له شێوه‌ی تۆپه‌ڵ له ته‌نیشت یان له شوێنی تاتۆیه‌كه، له‌وه‌ش گه‌رێ كه نه‌خۆشییه گوازراوه‌كان تاتۆ ڕێگایه‌كه بۆ گواستنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ی؛ كه: له ڕێگای خوێنه‌وه ده‌گوازرێنه‌وه، ئه‌م ئومێده زانستی و پزیشكیانه‌ى سه‌راب كه مه‌به‌ستیه‌تى وێنه‌یه‌ك له خه‌یاڵى خه‌ره‌نددا دروست بكات، به گوێیه‌كدا ده‌چن و به‌وى تردا دێنه‌ده‌ره‌وه، ئاخر ئه‌وه‌ى مرۆڤ مه‌یلى ئه‌نجامدان و به‌كارهێنانى هه‌بێت هیچ هێزێك به ئایین و یاسا و پاساوه ته‌ندروستییه‌كانیشه‌وه ناتوانن رێگه‌ى لێ بگرن، چونكه له‌وه‌ته‌ى دنیا هه‌یه هه‌میشه جوانكاریی و ئێستاتیكا هه‌ر خه‌ونى مرۆڤ بوون و ئه‌و خه‌ونه‌ش هه‌ر به‌رده‌وام بوون.
دواجار هه‌موویان بێده‌نگ و سه‌دا ده‌مێننه‌وه، نه ده‌نگ ما‌و نه چرپه و نه گفتوگۆ، پێده‌چوو خاڵخاڵۆكه‌ى سه‌ر لقی گوڵه‌كه له فتواى مامه سۆفی بسه‌ڵه‌مێته‌وه و بیری له‌وه ده‌كرده‌وه كه ئه‌وه سه‌رابه و هاكا توڕه بێ و دۆ و دۆشاو تێكه‌ڵ بكات و مه‌وتنى خاڵ تێكبدات، هه‌ر زوو باڵه‌كانى لێكناو فڕی، ئاخر كێ ده‌ڵێ دواجار ئه‌و مه‌خلوقه به‌دبه‌خته ماڵى خاڵیی نه‌دۆزیبێته‌وه.