دۆزی جینۆسایدی کورد وەک تاوانی دژە مرۆڤایەتی

بیابان و گۆڕشێوێنی كورد

11:12 - 2024-06-05
دووتوێ
234 جار خوێندراوەتەوە

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 

هه‌ڕە‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ سه‌ر گۆڕە‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی كورد هه‌یه‌، ئه‌و گۆڕە‌ به‌ كۆمه‌ڵانه‌ی له‌ هه‌ركوێی بیابانه‌كانی باشووری عیراق هه‌ن ‌و رژێمی عیراق له‌ كاتی خۆیدا هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یانی بردووه‌ له‌ شوێنێك زینده‌بەچاڵی كردوون

هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی كورد هه‌یه‌، ئه‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵانه‌ی له‌ هه‌ركوێی بیابانه‌كانی باشووری عیراقدا هەن و رژێمی عیراق له‌كاتی خۆیدا هه‌ر كۆمه‌ڵه‌ی بردووه‌ له‌ شوێنێك زینده‌بەچاڵی كردوون.
 شایه‌تحاڵێكی عه‌ره‌ب، نزیك گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی (خان ئه‌لنوس) بۆی گێڕامه‌وه‌ كه‌ له‌كاتی گولـله‌بارانكردنی كوردەکاندا بۆ ناو چاڵه‌كانی مه‌رگ، ده‌نگی (شایەتمان و ئه‌ڵڵاهوئه‌كبه‌ر) ی ئه‌و شه‌هیدانه‌ گه‌یشتۆ‌ته‌ كه‌شكه‌ڵانی فه‌له‌ك. ئێستا هه‌موو ئه‌و گۆڕانه‌ مه‌ترسیی له‌ناوچوونیان له‌ سه‌ره‌! ئێمه‌ تیمێك له‌ كوردستانه‌وه‌ له‌ مانگی پێنجی 2003 دا گه‌یشتینه‌ به‌غدا و دواتر بەرەو باشووری عیراق بەڕێکەوتین، سه‌ره‌ڕای ئه‌و تیمه‌ خۆبه‌خشه‌ی ئێمه‌ له‌ هه‌ولێریشه‌وه‌ تیمێكی باشتر له‌ رووی دارایی و پشتگیرییه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیی د.محه‌مه‌د ئیحسان گه‌یشتبوونه‌ سه‌ماوه‌، هه‌ردوولا له‌ سه‌ماوه‌ یه‌كترمان بینی.
تیمه‌كه‌ی ئێمه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی پێنجه‌وه‌ تا ناوه‌ڕاستی مانگی حه‌وت له‌ باشوور و به‌غدا بووین، ده‌یان گۆڕی به‌كۆمه‌ڵمان بینی، له‌ قووڵایی بیاباندا به‌ دوای ئێسك و پروسكی ئازیزانه‌وه‌ بووین، چه‌ندین گه‌واهیده‌رمان بینی، چه‌ند تیمی بیانی ئه‌وروپی و ئه‌مریكاییمان بینی، له‌ به‌غدا بیك هاگڵن شاره‌زای هونه‌ری هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵمان بینی و زۆری ئامۆژگاری كردین، كه‌ به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئێسك و پروسكی قوربانییه‌كاندا بكه‌ین، هه‌روه‌ها جۆناسان فۆرت سه‌رۆكی تیمێكی به‌ریتانی بۆ دۆزینه‌وه‌ و ناسینه‌وه‌ی گۆڕی به‌كۆمه‌ڵمان بینی، له‌ به‌سره‌ و شوێنگه‌لی دیكه‌ تیمی دا‌نیماركی و ئه‌وروپی دیكه‌ هه‌بوون، ئه‌مریكییه‌كان زۆر هاوكار بوون بۆئه‌وه‌ی قوربانییه‌كان بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ناوخۆدا هیچ ئاماده‌ییه‌ك نه‌بوو، هه‌ر له‌به‌غدا گه‌وره‌ لێكۆڵه‌رێكی مافی مرۆڤمان بینی به‌ناوی پیته‌ر بیكهێرت، بۆ ئه‌وان هه‌موویان دوو خاڵ زۆر گرنگ بوو:
یه‌كه‌م: چۆنێنی هه‌ڵدانه‌وه‌ و پاراستنی قوربانییه‌كان.
دووه‌م: چۆنێتی ناسینه‌وه‌ و گێڕانه‌وه‌یان بۆ شوێنی خۆیان. 
له‌م رۆژانه‌ كاتێک‌ بینیم خوشك و كه‌سی قوربانییه‌كان به‌ چنگه‌ كڕێ‌ به‌رببوونه‌ وێزه‌ی بیابان، قرچه‌ له‌ جگه‌رمه‌وه‌ ده‌هات، ده‌زانم ئه‌وان دڵپڕ و به‌ ئازارن، لێ‌ ئه‌و شێوه‌ هه‌ڵدانه‌وه‌یه‌ بۆ خۆی جۆرێكه‌ له‌ وردو خاشكردنه‌وه‌ و ئه‌نفالكردنه‌وه‌، وه‌ك چۆن ماوه‌یه‌كه‌ له‌ بیابان ده‌ستێك به‌ شاردنه‌وه‌ و وێرانكردن، دیسان ده‌یه‌وێت قوربانییه‌كان ئه‌نفال بكاته‌وه‌، شاردنه‌وه‌ و هه‌ڵدانه‌وه‌ی نه‌زانانه‌ ده‌چێتە خانه‌ی سته‌م و تاوانه‌وه‌ له‌ قوربانییه‌كان و كه‌سوكاره‌كه‌یان، هه‌ردوو لای حكومه‌تی عیراق و هەرێم به‌رپرسن له‌وه‌ی به‌سه‌ر گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كاندا دێت و تا ئێستا كه‌مترین ژماره‌ و به‌ راده‌ی 1 % گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌.
ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ له‌مه‌وبه‌ر پیته‌ر بیكهێرت پێیوتین: هیومان رایتس وۆچ  له‌ كۆی عیراق پشكنین ده‌كه‌ن و شاره‌زای هونه‌ری هه‌ڵدانەوه‌ی گۆڕه‌كان ده‌هێنن، زیاتر له‌ دوو ده‌یه‌ تێپه‌ڕی و ئه‌وه‌ نه‌كرا، باشه‌ مرۆڤ ناهه‌قێتی ترسی ئه‌وه‌ی لێ بنیشێت ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ر زوو مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ كرابێت؟ هه‌ڵبه‌ت قسه‌ هه‌یه‌ گوایه‌ قه‌ره‌بویان وه‌رگیراوه‌، كه‌ من هیوادارم ئه‌وه‌ درۆ بێت، كێشه‌ی گه‌وره‌ له‌ ئیشكردن له‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كاندا ئه‌وه‌یه‌:
یه‌كه‌م: گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان زۆر پەرش و بڵاون و به‌ ناوچه‌ی فراواندا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌.
دووه‌م: شوناس و ناسنامه‌یان ونكراوه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ڵه‌ی زیندانیانی ئازادیخواز ئه‌وكاته‌ حه‌وت ملیۆن به‌ڵگه‌نامه‌یان لابوو، به‌ڵگه‌نامه‌یان له‌سەر ‌كوردیش لابوو كه‌ كه‌س نه‌بوو خۆی لێ بكات به‌ خاوه‌ن، هه‌روه‌ها هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ باسیان له‌وه‌ ده‌كرد له ‌مه‌ودای ده‌سه‌ڵاتی به‌عسدا 30 هه‌زار بڕیاری له‌داردان هه‌بوو جگه‌ له‌و هه‌زاران گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌.
 ئێستا كات زۆر دره‌نگه‌ بۆئه‌وه‌ی هه‌رچی ده‌كرێت ئه‌و گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵانه‌ هه‌ڵبدرێنه‌وه‌ و له‌ نه‌مان و له‌ناوچوون رزگار بكرێن، وه‌ك بیستوومه‌، ئێستا له‌ هه‌ركات زیاتر هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی ئه‌و ساڵانه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ هیچی ئه‌وتۆ نه‌كراوه‌، بۆیه‌ پێشنیازده‌كه‌م هه‌رله‌ئێستاوه‌ دوو هەنگاو بنرێت:

هه‌نگاوی یه‌كه‌م: بایه‌خی ده‌رهێنان و ناسینه‌وه‌ و پشكنینی دی ئێن ئه‌ی بخرێته‌ پێش ته‌قه‌لای ئه‌وه‌ی ده‌برێنه‌وه‌ بۆ كوێ‌.
هه‌نگاوی دووه‌م: ئه‌م هه‌نگاوه‌ ده‌كرێت بخرێته‌ پێش هه‌نگاوی یه‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌ویش هۆشیاریی خۆبه‌خاوه‌نكردنی گشتیی خه‌ڵكی كوردستان له‌و قوربانییانه‌ و دوورخستنه‌وه‌ی ململانێی ناجۆری نێوان ئه‌م شوێن و ئه‌و شوێنە له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی ئێسك و پروسكی قوربانییه‌كان.
بۆ ئه‌مه‌ش زۆر گرنگه‌ كۆنفراسێكی تایبه‌ت ببه‌سترێت، من دڵنیام هه‌رچی بكرێت ناتوانین 50 % ی روفاته‌كان بێنینه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناكرێت خۆمانی لێ نه‌بان بكه‌ین، ئه‌وان شوناس و بوونی ئێمه‌ن.

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان