قوباد تاڵەبانی پڕۆژەى یەکتربڕى باخی بەختیاریى لە سلێمانی کردەوە

12:38 - 2024-06-08
کوردستان
227 جار خوێندراوەتەوە

جێگرى سەرۆک وەزیران رۆژى شەممە 8ی حوزەیرانی 2024، بەئامادەبوونی سەرۆکی شارەوانی و بەرێوەبەرى گشتی وەبەرهێنان لە سلێمانی، پرۆژەى یەکتربڕى باخی بەختیارى کردەوە. 
لە میانی بەسەرکردنەوەى پڕۆژەکەدا، قوباد تاڵەبانی سوپاس و ستایشی کۆمپانیاى جێبەجێکار و سەرۆکایەتی شارەوانی بەستاف و ئەندازیارانییەوە کرد بۆ بەجێگەیاندنی ئەم پڕۆژە گرنگەى رێگاوبان کە بە تەواوبوونی چارەسەرى گرفتى ترافیک و قەرەباڵغی هاتوچۆ دەکات لە دەروازەى شارى سلێمانی. 
هەروەک جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران دەستخۆشی لە هەوڵەکانی دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانی کرد کە بەردەوام بەدواداچوونی کردووە بۆ پڕۆژەکە لەپێناوی بەزوویی تەواوکردن و چارەسەرکردنی لەمپەڕەکانی بەردەم جێبەجێکردنی و چارەسەرى گرفتى قەرەباڵغی هاتوچۆ لە دەروازەى شاردا.
جێگری سەرۆک وەزیران پڕۆژەى یەکتربڕى باخی بەختیارى بە نموونەیەکی جوانی هەماهەنگی نێوان حکومەت و کەرتی تایبەت وەسفکرد کە مەترسییەکانی هەر جۆرە رووداوێک کەم دەکاتەوە و کارئاسانی دەکات بۆ هاووڵاتیان، ئاماژەى بەوەشکرد کە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە و پێنج پڕۆژەى ترى هاوشێوە کە لەقۆناغی جێبەجێکردندایە، شارى سلێمانی دەگەیەنێتە ئاستێکی زۆر پێشکەوتوو لە بوارى هاتوچۆدا. 
هاوکات قوباد تاڵەبانی سوپاسی وەزارەتی شارەوانی و ئەو کۆمپانیایانەى کرد کە تەمویلی پڕۆژەکان دەکەن و لەخەمی جوانترکردنی شار و شەقامەکاندان و کارئاسانیان بۆ هاتوچۆ لە ئەستۆ گرتووە و لە خەمی بەهێزکردنی ژێرخانی شاری سلێمانی-ن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان