جووتیاران چاوەڕێی وەرگرتنی ھەموو گەنمەکەیانن

بیتوێن، بارانی زۆر و دانەوێڵەی کەم

09:34 - 2024-06-09
ڕاپۆرت
253 جار خوێندراوەتەوە
#دروێنەکردنی بەرهەمی گەنم لە دەشتی بیتوێن

راپۆرتی/ جێگر خدر


وەرزی دروێنەی گەنمی دەشتی بیتوێنە، جووتیاران سەرقاڵی دروێنەی بەرهەمی ئەمساڵیانن، شەو و رۆژ (24 سەعات) دەڕاسەکان لە کاردان، سنوورێکی زۆری دەشتی بەپیتی بیتوێن کە بە دانەوێڵە داچێندراون دەدورنەوە، شێوازی کارکردنی دەڕاسەکان بە سەرەیە، هەر جارە و بۆ کەسێکە، هەندێک تەواوبوون و هەندێکی دیکەش لە جووتیاران لە چاوەڕوانی ئەوەدان سەرەیان بێت، ئەگەرچی ئەمساڵ رێژەیەکی زۆر باران داباری، بەڵام پێچەوانەی زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان و جیهانیش، خاکی دەشتی بیتوێن بۆ دانەوێڵە حەزی لە ئاوی زۆر نییە و هەرساڵێک باران بگاتە رێژەی ئەمساڵ بەرهەمی گەنم و جۆ بەخواستی جووتیارانی سنوورەکە نابێت.

 بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی راپەڕین: زۆریی باران بارینی ئەمساڵ لە زۆر رووەوە دڵخۆشکەر بوو، بەڵام دەشتی بیتوێن پێچەوانەی زۆرێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکان،  پێویستی بە رێژەیەک ئاوی زۆر نی یە

دەشتی بیتوێن حەزی لە بارانی زۆر نییە
لەنێو جووتیارانی بیتوێن پەندێکی کۆن هەیە و وەک خۆشیان دەڵێن، ئەو پەندە راست پێکاویەتی، دەڵێت: «ئەو ساڵەی تەڕە بیتوێن بەد فەڕە، ئەو ساڵەی وشکە بیتوێن سەرپشکە»، مەبەست لەو پەندە کە لە باوانی خەڵکی ئەو سنوورە ماوەتەوە، ئەو ساڵەی بارانی زۆر دەبارێت گەنم و جۆ و هەموو جۆرەکانی دانەوێڵە زیانیان پێدەگات، خالید ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی راپەڕین بە کوردستانی نوێی راگەیاند، بارانی زۆری ئەمساڵ لە زۆر رووەوە دڵخۆشکەر بوو، بۆ ئاوی ژێر زەوی و ژیانەوەی کانیاوەکان و بۆ بەربوومی کشتوکاڵیی دیکە و دارودرەخت، بەڵام ئەم زەوی دەشتی بیتوێنە پێچەوانەی زۆرێک لە خاکە کشتوکاڵییەکان پێویستی بە رێژەیەکی زۆری ئاو نییە، ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم خاکە، خاکێکی ئاوگرە و دەتوانێ بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاری بێنێتەوە.

هەموو گەنمەکان وەربگیرێن
ئەکرەم محەمەد، خاوەنی یەکێک لەزەوییە بە گەنم داچێندراوەکانی دەشتی بیتوێنە دەڵێت: گۆڕانی کەشوهەوا، بەتایبەت نەبارینی باران لە مانگی چوار، لەو کاتەی گەنم تۆو دادەنێ لەناو گوڵەکەیدا، دواتریش بارانێکی زۆر دوای ئەو وادەیە وایکرد، بەشێک لە زەوییە بە گەنم داچێندراوەکانی دەشتی بیتوێن وەک پێویست بەرهەمیان نەبێت، لەو رووەشەوە جۆری گەنمەکە دەکرێ جیاوازی دروست بکات، بە تایبەت کە جۆرەکانی گەنم ئێستا زۆرن، بەڵام ئەگەر لە دایکی گەنمەوە داچێندرابێت باشتر خۆی دەگرێت، واتا لێی نەچێندرابێتەوە و لێی هەڵگیرابێتەوە و دواتریش لێی بچێندرێت. بەڵام سەرەڕای ئەوەش دەشتی بیتوێن دەشتێکی فراوانی کشتووکاڵییە، بایی ئەوەندە بەرهەمی هەیە کە جووتیاران لێی سوودمەندبن، بەتایبەت ئەگەر حکومەت هاوکار و یارمەتیدەر بێت و گەنم لە جووتیاران وەربگرێت، نەوەک وەک ساڵی پار و ساڵانی دیکە، رێژەیەکی کەم گەنم لە سایلۆکان وەربگیرێت و جووتیارانیش ناچاربن بە نرخێکی کەم لە باڕدا بیفرۆشن و ساغی بکەنەوە.

بەغدا و هەرێم لە هاوئاهەنگیدان
لە بارەی بە بازاڕکردنی گەنم، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی راپەڕین دەڵێت: هێشتا حکومەتی عیراق بڕیاری لەبارەی ئەو رێژە گەنمە نەداوە کە ئەمساڵ لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەری دەگرێت، بەڵام وەزارەتی کشتووکاڵی هەرێم بە بەردەوامی لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵە، بۆ ئەو مەبەستەش وەزیری کشتوکاڵ لە چەند رۆژی رابردوو لە بەغدا بوو، هەموو هەوڵێک دەدرێت تاوەکو رێژەیەکی زیاتری گەنم لە جووتیاران وەربگیرێت، زیاتر لە ساڵی پار بێت کە بە هەموو هەوڵێک توانرا 500 هەزار تەن وەربگیرێت، هەوڵەکان بۆ ئەوەن ئەو رێژەیە بەرز بکرێتەوە و تێکڕای گەنمی جووتیاران وەربگیرێت و نەمێنێتەوە، چاوەڕێ دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا هەواڵی دڵخۆشکەر رابگەیەندرێت و دەرگەی سایلۆکان بە رووی گەنمی جووتیاراندا بکرێتەوە.
لەسنووری ئیدارەی راپەڕین ساڵانە زیاتر لە 158 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم دادەچێندرێت و بەرهەمی ساڵانەشی گۆرانکاری بەسەردا دێت، بەپێی پێشبینیەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی راپەرین کردویەتی  بۆ ئەمساڵ نزیکەی 50 هەزار تۆن گەنم بەرهەمی جووتیارانی سنوورەکە دەبێت.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان