ژنان بە کاری دەستیی تواناکانیان دەردەخەن

10:21 - 2024-06-09
ڕاپۆرت
252 جار خوێندراوەتەوە
ئەو بەرهەمانەی دروستی دەکەن لە ماڵەکانیاندا لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە یاخود لە پیشەنگاکاندا دەیفرۆشن

راپۆرتی/ زریان محەمەد


ژنان و کچان رۆڵیان هەیە لە بەدەستهێنانی داهات بۆ خێزانەکانیان، ئەوەش لەڕێگەی کاری دەستیی و گرنگیدان بە دروستکردنی پێداویستییەکانی جوانکاری و ئامادەکردنی خواردن و چەند بوارێکی دیکەی تایبەت بەکاری دەستیی.
ژنان ئەو بەرهەمانەی دروستی دەکەن لە ماڵەکانیاندا لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە یاخود لە پیشەنگاکاندا نمایشی دەکەن و دەیفرۆشن، ئەمەش تەنها لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندایە و تائێستا هیچ هەوڵێک نەدراوە بۆ زیاتر فراوانکردنی کاری دەستیی ژنان و ناساندنی بە وڵاتانی دیکە.

 زیاتر لە 230 ژنی خاوەن پیشە لە رێکخراوی گەشەپێدانی کەلتوریی تۆمارکراون، لە بوارەکانی کاری دەستیی و جوانکاریی و جلوبەرگ و چەندین بواری دیکەدا

ماوەی 10 ساڵە کاری دەستیی دەکات 
رووخۆش سەلام، لەکاتی فرۆشتنی کارە دەستییەکانیدا بۆمان دواو وتی: لەدوای تەواوکردنی خوێندن لە ئامادەیی بازرگانی هەوڵمدا بۆ کارێک یان دامەزراندن لە کەرتی گشتی، بەڵام هیچم دەستنەکەوت نەشمتوانی بەردەوام چاوم لەدەستی کەسوکاربێت 50 هەزاری مانگانەم بدەنێ، ئەمە وایکرد کاری دەستیی تایبەت بەخۆم بکەم، پێداویستییەکانی کاری دەستیی وەک مورو و دەزوو دەرزیم کڕی و دەستمکرد بە دروستکردنی چەندین جۆر ملوانکە و ئێکسسوارات بۆ خانمان، بەمەش توانیم داهاتێک بۆ خۆم پەیدابکەم.
روخۆش بە نیگەرانییەوە باس لەو پێشەنگەیانە دەکات کە بۆ کاری دەستیی دەکرێنەوە دەڵێت: ئەوەندە کرێت لێوەردەگرن کاتێک بەشداریی لە فێستیڤاڵێک یان پێشەنگایەکدا دەکەیت لەبری قازانجکردن زەرەر دەکەین، ناشتوانین نرخی کارە دەستییەکانمان گران بکەین، چونکە خەڵک پارەی پێ نییە.
رووخۆش سەلام لەکاتی فرۆشتنی بەرهەمەکانی کڵاوێکی خانمانی بەدەستەوە گرت کە خۆی دروستیکردووە خانمان لەگەڵ جلوبەرگی کوردی لەسەری دەکەن و وتی: ساڵی پار ئەم کڵاوەم بە 30 هەزار دینار فرۆشتووە، بەڵام لەمساڵدا بە 15 هەزار دینار دەیفرۆشم، ئەوەش بە هۆکاری نەبوونیی بازاڕ و کەمیی کڕیارەوەیە بەهۆی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران بازاڕی ئێمەش خاوبۆتەوە.

خانمان نوێگەریی و داهێنان دەکەن 
سروە عوسمان، بەرهەمە دروستکراوەکانی لەسەر مێزێک نمایشکردبوو لەو بارەیەوە وتی: کاری دەستیی بەراورد بە 10 ساڵی رابردوو گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، ئەوکات زۆربەی کارەکان تەنها ئێکسسوارات بوون کە خانمان دروستیان دەکرد، بەڵام ئێستا گۆڕانکاری زۆر روویداوە زۆربەی خانمان نوێگەریی و داهێنانی زۆر لە کاری دەستیی و بەرهەمی نوێدا دەکەن.
ئەو دەڵێت: ئێستا بە سەدان خانم کاری دەستیی دەکەن و رۆژانەش خانمی زیاتر دەست بەو کارە دەکەن، بەو هۆیەوە توانیویانە بژێوی ژیانیان لەو رێگەیەوە دابین بکەن.
شایەنی باسە هەندێک لە رێکخراوەکان پشتیوانیی لە ژنانی خاوەن کاردەکەن پێشەنگەی ساڵانەیان بۆ دەکەنەوە تا بەرهەمەکانیان بفرۆشرێت و ئاشنابکرێن بە هاوڵاتیان لەو بارەیەوە سەمیرە ساڵح، سەرۆکی رێکخراوی گەشەپێدانی کەلتوری پێی راگەیاندین: ماوەی سێ ساڵە لەگەڵ ژنانی خاوەن پیشە کار دەکەین و پێشەنگەیان بۆ دەکەینەوە هۆکاری زیادبوونی ژنانی خاوەن پیشەی تایبەت بەخۆیان بۆئەوە دەگەڕێتەوە ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین دەرفەتی دامەزراندن و هەلی کار زۆر لاوازە و دواکەوتنی مووچەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ کارکردنی ژنان، چونکە خێزانەکان مانگانە چاوەرێی مووچە دەکەن، مووچەش بەردەوام دوادەکەوێت و پێداویستی خێزانەکان بۆ دابینکردنی کرێی خانوو و خۆراک بەردەوامە، هەربۆیە ژنان دەستیانکردووە بە کارکردن لە ماڵەکانی خۆیاندا بۆ دەستکەوتنی داهات.
سەمیرە وتیشی: رێکخراوەکەمان پشتیوانیی ژنانی خاوەن پیشە دەکات ساڵانە پێشەنگەی تایبەت بە کارە دەستییەکانیان بۆ دەکەینەوە بەبێ بەرامبەر، تا بتوانن بەرهەمەکانیان نمایشبکەن و ساغی بکەنەوە، لە ئێستاشدا زیاتر لە 230 ژنی خاوەن پیشە لە رێکخراوەکەمان تۆمارکراون لەبوارەکانی کاری دەستیی و جوانکاریی خانمان و سابوون و مۆم و جلوبەرگ و چەندین بواری دیکە.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان