راپۆرتی/ دکتۆر عومەر عەلی ئەحمەد*
ناساندنی دیاردەکە
چەمکی کۆچکردن لە وشەی (Emigration) داتاشراوە، ساڵی (1752) بەکار هێنراوە و بە واتای جێهێشتنی وڵاتی زێد و ڕەسەنە. لەدیدی سۆسیۆلۆجیای کۆچەوە بریتییە لە جوڵەکردنی تاكهكهسێك یا گروپێك له خەڵک، لە كۆمهڵگهیهكهوه بۆ كۆمهڵگهیهكی دیكه، كهواته گواستنەوەیە لهنهریت و كەلتورێكەوە بۆ نهریت و كەلتورێكی جیاواز، له شێوازێکی ژیانی كۆمهڵایهتییهوه بۆ شیاوازێکی دیکەی ژیانی كۆمهڵایهتی.
نزیکەی (281) ملیۆن مرۆڤ کە دەکاتە رێژەی (%3.6) دانیشتووانی جیهان لەدەرەوەی وڵات و نیشتمانی خۆیان دەژین، هاوکات بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای لووتکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە (10) هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە خاکی بەریتانیا
ئامارەکان
نزیکەی (281) ملیۆن مرۆڤ کە دەکاتە رێژەی (%3.6) دانیشتووانی جیهان لەدەرەوەی وڵات و نیشتمانی خۆیان دەژیین، هاوکات بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای لووتکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە (10) هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە خاکی بەریتانیا، لەو ڕێژەیە لانیکەم (16) کۆچبەر لە هەوڵی پەڕینەوە بۆ بەریتانیا گیانیان لەدەستداوە. مامۆستا (محمد كاروانی) رۆژنامەنووس و سەرۆکی پەیمانگای کوردیی لە سویسرا پێیوایە، لە ساڵی (1974)-ەوە تاوەكو (2020) نزیكەی (79462) کورد کۆچیان بۆ دەروەی وڵاتی خۆیان کردووە، کە هەموویان بڕوانامەی باڵایان هەبووە.
بۆچونی توێژەری كۆمەڵایەتی
بەختیار هادی لەسەر دیاردەی کۆچ و مەترسییەکانی بە كوردستانی نوێی راگەیاند، کۆچبەر، کۆچکردن وەک کاردانەوەیەک ئەنجام دەدات کە لە بنەمادا دەکرێت کەمترین تێگەیشتنی بۆ ئەو کۆمەڵگایەی کۆچی بۆ دەکات هەبێت. ئەو پێی وایە، هەرچەندە بە ئەگەرێکی زۆرەوە کۆچبەر لە کەلتورە نوێیەکەدا، توشی گرفتی شوناس و هەڵکردنی کۆمەڵایەتی دەبێت و خەمۆکی و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی و نەگونجانی کۆمەڵایەتی وگرفتی ئاوێزان بوونی کۆمەڵایەتی و لاوازی متمانە بە خۆ بوون سەهەڵدەدەن، بەڵام هێشتا کۆچ دەکات و سەرزەمینی خۆی جێدێڵێت چونکە لە نیشتمانی خۆیدا هەست بە غوربەت دەکات.
دیوی دووەمی دیاردەکە
هەرچەندە کۆچ وەکو دیاردەیەکی نەرێنی تەماشا دەکرێت و ئاستەنگێکە لەبەردەم گەشەپیدانی ئابووری و لێکترازانی خانەوادەکانە، بەڵام تیۆرەکانی کۆچ دیوی دووەمی دیاردەکە دەبینن و وەکو دیاردەیەکی ئەرێنی تەماشای دەکەن، بۆ وێنە تیۆریی سەرمایەی مرۆیی پێی وایە کۆچکردن هۆکارێکە بۆ گەشەپێدانی سەرمایەی مرۆیی، بەو پێیەی جۆرێکە لە وەبەرهێنان. هاوکات کۆمەڵناسەکان وایدەبینن کۆچ هۆکارێکە بۆ هاتنە پێشەوەی ئەقڵی تازە و نەوەی نوێ و پڕکردنەوەی پۆست و پێگەی کەسانی کۆچبەر لە وڵاتی کۆچگە، بەهەمانشێوە لە وڵاتی ویستگە شوێنە بەتاڵەکان پڕ دەکەنەوە و چەندین تێکەڵاوی کولتووری دروست دەبێت و کەسی کۆچبەر زۆرجار بەهۆی ئەو هۆکارە مادی و لۆجستیانەی لە وڵاتی ویستگەوە بۆی ڕەخساوە دەبێتە داهێنەر، کەواتە کۆچ بە تەنها تارمایی مەرگ نییە و دەکرێت ئاسۆی هیواش بێت.
*پسپۆڕی کۆمەڵناسی جیهانگیریی و کۆچ