ئامادەکردنی:
لاپەڕەی باکووری کوردستان
مێژووی دروستبوونی کڵێسای ئاكداماری ئەرمەنی دیار نییە، بەڵام بەپێی هەندێك سەرچاوەی مێژوویی، دەوترێت لە ساڵی 1113 دا بۆ یەكەمجار لەلایەن لە ئیمپراتۆریەتی بیزەنتیی خۆرهەڵاتەوە نۆژەنكراوەتەوە و بەشێكی بۆ زیادكراوە، تا لە ساڵی 1895دا دەبێتە ناوەندی بڕیاری پاتریاركی وان بۆ ئەرمەنییەكان لە باكووری كوردستان و تا سەرەتای بیستەكانی سەدەی رابردوو ژمارەیەكی زۆر لە دەروێش و موریدی ئەرمەنی تێیدا ژیاون.
ئەم كڵێسایە لە ساڵی 2007ەوە وەك مۆزەخانە بەڕووی گەشتیاراندا كراوەتەوە و ئێستا حكومەتی توركیا ساڵانە رێگە بە ئەرمەنییەكان دەدات رێوڕەسمی ئایینیی خۆیانی تێدا بەڕێوەببەن
دواجار دوورگەکەیان بەجێهێشت
دوای رووداوەكانی جەنگی یەکەمی جیهان و جینۆسایدی ئەرمەنییەكان لە ساڵی 1915، ئەرمەنییەكان بۆ هەمیشە دوورگەكەیان بەجێهێشتووە و کڵێسای ئاكداماریش بە یەكێك لە شوێنەوارە مێژووییە بەناوبانگەكانی سەدەكانی ناوەڕاست و سەردەمی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریای رۆمانیی خۆڕهەڵات لە ناوچەكە دادەنرێت.
بەشێك لە ئەرمەنییەكان لە كۆنەوە لە كوردستاندا ژیاون و كێشەی ئایینی و جیاوازیی نەتەوەییان نەبووە و لەگەڵ كورددا وەك برا پێكەوە ژیاون، بەتایبەتی لە باكووری كوردستان.
لە کڵێساوە بۆ مۆزەخانە
کڵێسای ئاكدامار دەكەوێتە ناو دەریاچەی وانەوە و نزیكەی 50 كیلۆمەتر لە ناوەندی شاری وان -ەوە دوورە و ساڵانە گەشتیارێكی زۆر لە هەموو وەرزەكاندا سەردانی ئەو كڵێسا مێژووییەی ئەرمەنەکان دەكەن و شوێنەوارێكی مێژوویی سەرنجراكێشە.
ئەم كڵێسایە لە ساڵی 2007ەوە وەك مۆزەخانە بەڕووی گەشتیاراندا كراوەتەوە، دوای دەیان ساڵ لە ناكۆكی و گرژی لەگەڵ ئەرمینیادا، ئێستا حكومەتی توركیا ساڵانە رێگە بە ئەرمەنییەكان دەدات رێوڕەسمی ئایینیی خۆیان لەوێ بەڕێوەببەن و ئەو هەنگاوەی حكومەتی توركیاش وەك نیازپاكی بەرامبەر بە ئەرمەنەكان دادەنرێت. هەروەها بەشێكە لە زنجیرەیەك هەنگاوی ئاشتەوایی لەگەڵ گەلی ئەرمەندا.
ناوی کڵێساکە لەچییەوە هاتووە؟
بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەكان، ناوی كڵێساكە لە چیرۆكێكی خۆشەویستیی نێوان كچێكی ئەرمەنی و كوڕە شوانێكی كوردەوە وەرگیراوە. شوانەكە هەموو شەوێك دەچێت بۆ بینینی خۆشەویستەکەی و بە بەلەم دەچێتە ناو دەریاچەی وانەوە بەرەو نیمچە دورگەکە. باوكی كچەكەش پێی دەزانێت و شەوێك فێڵ لە شوانەكە دەكات و دەیخنكێنێت.
شوانەكەش هاوار دەكات: ئاخ تامارا، لەو كاتەوە ئاخ تامارا بووەتە ناوی کڵێسای ئاكدامار.
شایانی باسە پارێزگای وان یەكێكە لە شارە جوان و دێرینەکانی باکووری كوردستان و دەكەوێتە خۆڕهەڵاتی ئەنادۆڵەوە، دەریاچەی وانیش لە چوار دوورگە پێكهاتووە، درێژییەکەی 120 كیلۆمەترە، پانییەكەشی 80 كیلۆمەترە، تێكڕای قووڵایی مامناوەند 171 مەترە و گەورەترین قووڵایی 451 مەترە، رووبەری گشتی دەریاچەكە 3713 كیلۆمەتر دووجایە.
جۆری ئاوی دەریاچەی وان سوێرە و دەریاچەیەكی داخراوە و بە یەکێک لە ناوچە گەشتیارییە بەناوبانگەکان دادەنرێت.