دڵی پڕ ئازاری خۆی بۆ کوردستانی نوێ دەکاتەوە

چیرۆكی ئەو منداڵەی لە زینداندا لەدایكبوو

10:09 - 2024-06-10
دیدار
443 جار خوێندراوەتەوە

جەواد حەیدەری

پێشەكی:
چیرۆكی ئەو منداڵەی كە لە زیندانی سەربازگەی دوبز لە دایك دەبێت، ئەو منداڵەی بە بەرد ناوكی دەبڕن و هیچ پەڕۆیەك شك نابەن كە تێوەی بپێچن، ئەو منداڵەی كە بەهۆی خراپی دۆخی زیندانەوە زمانی بە باشی ناگەڕێ و زمانی ناتەواوە.
ئەو منداڵەی كە بە خێزانێكی حەوت كەسی تەنها دوو سەمونیان دەدەنێ، ئەو منداڵەی كە باوكی و دوو مامی و خاڵ و چەند ئازیزێكی تری ئەنفال كراون و ئێستاش خۆی بە بێناز دەزانێت. 

هەژار غازی عەزیز بابە، یەكێك لەو چوار منداڵەی كە رۆژی 29/4/1988 لە سەربازگەی دوبز لە سنووری كەركوك لەدایك بووە.
هەژار لەوساوە تا ئێستاش گرفتی ئاخاوتنی هەیە و بە پێی راپۆرتی پزیشكیش ناتەواوییەكەی پشتڕاست كراوەتەوە، واتا بەتەواوی ناتوانێت قسە بكات، چونكە لە راپۆرتەكەدا هاتووە بە هۆی نالەباربوونی شوێنی لەدایكبوونی، ئەو كێشەی تووش هاتووە.
هەژار، سەبارەت بە پرۆسەی ئەنفال دەڵێت: ئەوەی باسی دەكەم لە زمانی دایكی كۆچكردوومەوە بیستوومە و منیش بۆ ئێوەی دەگێڕمەوە.

وێرانكردنی گوندەكان 
دایكم دەیوت: ئێمە دانیشتووی گوندی (سۆران)ی ناحیەی قادركەرەم بووین، بەڵام ئێستا سەر بە ناحیەی جەباریی قەزای چەمچەماڵە.
لە شاڵاوی ئەنفال لە قۆناغی سێ  و چواردا كە لە رۆژی 18/4/1988 دەستیپێكرد هەموو دانیشتوانی گوندی سۆران و گوندەكانی دیكەی وەك شێخ محەمەد، قۆچەلی  و گوندی مەحمود پەریزە -یان گواستنەوە بۆ سنووری گوندی كانی بایز و دواتریش بەرەو ناحیەی لەیلان كە ئەوسا پێیان دەوت سیمەكەی لەیلان، دوای چەند رۆژێك لەوێوە بەرەو لیوای چەمچەماڵ رەوانە كراین، لە لیوای چەمچەماڵ پیاو و كوڕە گەنجەكانیان جیا كردەوە و بە زیلی سەربازی بەرەو بیابانەكانی خوارووی عیراق و نوگرەسەلمان گواسترانەوە و هەموویان زیندە بەچاڵ كران،  دواتر ژن و منداڵ و پیر و پەكەوتەكانیان رەوانەی  سەربازگەی تۆپزاوا كرد و لەوێشەوە گوازراینەوە بۆ سەربازگەی دوبز.

بە بەرد ناوكی دەبڕن 
هەژار سەبارەت بە لە دایكبوونی خۆی دەڵێت: ئەو كاتەی كە دایكم و خوشك و براكانم دەگوزانەوە بۆ زیندانی سەربازگەی دوبز، دایكم بە منەوە دووگیان بووە، زۆرجار دایكم دەیوت: رۆڵە ناوكی تۆمان بە بەرد بڕیوە، چونكە چەقۆ و هیچ كەرەستەیەكی دیكە نەبوو و تەنانەت داوایان لە هێزەكانی ناو زیندان كردووە كە چەقۆیەك یان تەنانەت موسێكی بەكارهاتووش بێت بیاندەنێ بۆ ئەوەی ناوكی منداڵەكەی پێ ببڕن، بەڵام نەیانداونەتێ، بۆیە دایكم بە ناچاری لە حەوشەی زیندانەكە بە دوو بەرد ناوكی بڕیوم، تەنانەت خوشكم شەش بۆ حەوت قاعە دەگەڕێت بۆ ئەوەی پارچە پەڕۆیەك پەیدا بكات لە منییەوە بهاڵێنن، دەستیان ناكەوێت، تا دواجار لە یەكێك لە قاعەكان كۆڵوانەیەك لەلای پیرەژنێكی خەڵكی گوندی» تەختە مینا» پەیدا دەكەن و دەیكەنە پۆشاك بۆمن.
هەژار، هەر لە زمانی دایكییەوە دەگێڕێتەوە كە نزیكەی شەش مانگ لە زیندان بوون، لەگەڵ هاتنی هەر قافڵەیەكی تازە لە ژنان و كچان و پیر و پەكەوتووەكان، قافڵە كۆنەكان بەرەو خوارووی عیراق بە تایبەتی بۆ نوگرەسەلمان رەوانە دەكران و لەوێش زیندەبەچاڵ دەكران.
رۆژانە وەجبە بە وەجبە خەڵكیان بە زیلی سەربازی دەهێنایە ئەو زیندانە و دەستدەكرا بە ئەشكەنجە و ئازاردانیان.

زۆرجار دایكم دەیوت: رۆڵە ناوكی تۆمان بە بەرد بڕیوە، چونكە چەقۆ و هیچ كەرەستەیەكی دیكە نەبوو و تەنانەت داوایان
لە هێزەكانی ناو زیندان كردووە كە چەقۆیەك یان تەنانەت
موسێكی بەكارهاتووش بێت بیاندەنێ بۆ ئەوەی ناوكی
منداڵەكەی پێ ببڕن، بەڵام نەیانداونەتێ، بۆیە دایكم
بە ناچاری لە حەوشەی زیندانەكە بە دوو بەرد ناوكی بڕیوم

دوو سەموون بۆ حەوت كەس 
هەژار دەڵێت: ئێمە چوار برا و دوو خوشكین، من دوایین منداڵی خێزانەكەمانم(پاشەبەرە). دایكم دەیوت لە زیندان شەش منداڵم بە ریشەوە ببوو(ئەرك و خەم و بەرپرسیارێـی شەش منداڵی لە ئەستۆ بووە).
(دایكی هەژار پێی وتووە كە رۆژانە بە هەموویان دوو سەموونیان پێدراوە، بۆیە ئەو دایكە تەنها كەمێكی خواردووە لبەر ئەوەی كەمێك شیری هەبێت بۆ هەژار و باقییەكەشی داوە بەمنداڵەكانی تری).

تاوانی ئێمە تەنها كوردبوون بوو
هەژار، سەبارەت بە ئەنفالكردنی خەڵكی كوردستان بە تایبەتی باوكی و كەسوكارەكەی، دەڵێت: تاوانی ئێمە تەنها كوردبوون بوو، باوكم مامۆستای ئایینی و وتاربێژ و پێشنوێژ بوو، شارەزای چارەسەری سەرەتایی پزیشكیش بوو، زۆرجار تیماری پێشمەرگە بریندارەكانی دەكرد، هەروەها شارەزاییەكی باشی لە كڵاش چنیندا هەبوو، بار و گوزەرانی زۆر باش بووە، مانگە 30 دیناری ئەوسای وەردەگرت، بەشێكی زۆری لەو پارەیە بۆ جلوبەرگی پێشمەرگە خەرج دەكرد، دواتریش بوو بە پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەداخەوە رۆژی 11/4/1988 بەرشاڵاوی ئەنفال كەوت و تا ئێستاش بێسەروشوێنە.
رۆژی 20/10/1988 رژێمی بەعس لێبوردنی گشتی دەركرد و ئێمە گەڕاینەوە بۆ چەمچاڵ – شۆڕش، لە قادركەرەم نیشتەجێ بووین.
هەتا ماوین پیاوەتی و هاوكارییەكانی ماڵی ئاغاكانی گوندی « گۆشت قوت» لە یاد ناكەین، بە تایبەتی ماڵی مەلا عەبدوڵڵا كە جێگەیان كردینەوە، پێویستە باس لەوەش بكەین كە ماڵی حاجی ئەحمەد یادگار، حاجی سەعدوڵڵا و حاجی كەریم هەموویان لە رزگاركردنی كەسوكاری ئەنفالكراوان رۆڵیان هەبووە.

سەردەمی بێ باوكی و نەداری
هەژار باس لە منداڵی خۆی دەكات و دەڵێت: سەردەمی منداڵیم زۆر ناخۆش بوو، بێ باوكی وایكردبوو كە دەبوایە هەم بخوێنم و هەم كاریش بكەم، رۆژانە گوڵەبەڕۆژە و پاكەتم دەفرۆشت، دایكم بە گوڵەچنی و دەسكەنە و دروێنە ئێمەی بەخێو كرد، لە راستیدا دایكم جێگەی باوكیشی بۆ گرتبووینەوە.
بێ باوكی لە ژیانی رۆژانەمدا رەنگی دابووە، كاتێك كە منداڵانم دەدی باسی باوكیان دەكرد و دەیانوت: باوكم جلی بۆ كڕیوم، شتی بۆ كڕیوم كوڵی گریان دەیگرتم.

لەبەر هەژاری واز لە خوێندن دەهێنێت
هەژار باس لەوە دەكات لەبەر نەداری و هەژاری نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات و تا پۆلی شەش دەخوێنێت و دواتر بۆ بژێوی ژیان واز لە خوێندن دەهێنێت و كار دەكات و ئێستاش بە گرێبەست ماوەی 15 ساڵە فەرمانبەری فەرمانگەی ئاوە لە ناحیەی شۆڕش.
سەبارەت بە كەسوكاری ئەنفالكراوانیش، دەڵێت: هەرچەندە كار بۆ كەسوكاری شەهیدان كراوە، بەڵام بە پێی پێویست نییە و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان هەوڵەكانیان چڕكەنەوە بۆ خزمەتكردنی زیاتر بە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان.

 

هەرچەندە كار بۆ كەسوكاری شەهیدان كراوە، بەڵام بە پێی پێویست نییە و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان هەوڵەكانیان چڕكەنەوە بۆ خزمەتكردنی زیاتر بە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان

داوا دەكەم چاوم بە سەرۆك بافڵ بكەوێ
هەژار دەڵێت: پێمخۆشە چاوم بە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بكەوێت بۆ ئەوەی لە نزیكەوە چیرۆكی ژیان و نەهامەتییەكانی خۆمی بۆ باس بكەم ، پێشتر لەگەڵ زۆرێك لە سەركردە و بەرپرسان دانیشتووم و باسی كێشە و گرفتەكانم كردووە، بەڵام بەداخەوە وەڵامی پێویستم وەرنەگرتۆتەوە.

هەژار غازی عەزیز لە کوردستانی نوێ

#ئەنفال

بابەتە پەیوەندیدارەکان