دڵەڕاوکێی تاقیکردنەوەکان

خوێندکار، ئایا فشاری لێ بکەین یان هەستی بەرپرسیارێتی تیا بچێنین؟

10:26 - 2024-06-10
ڕاپۆرت
184 جار خوێندراوەتەوە
دروستکردنی کەشێكی ئارام یارمەتیدەرە بۆ خوێندنێکی باش

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

 

توێژەرێکی کۆمەڵایەتی: 
دایک و باوک کاتێک فشار لە منداڵەکەی دەکات زۆر سەعی بکات، دەرهاویشتەیەکی خراپی بۆ دروست دەبێت و هەندێکجار دەبێتە هۆی تێکچوونی باری دەروونیی خوێندکارەکە

شۆخ عومەر خوێندکاری پۆلی 12ی زانستییە، ساڵی رابردوو کۆنمرەی 89ی هێناوە و هەردوو وانەی بیرکاری و فیزیای هێشتووەتەوە بۆ ئەمساڵ بە ئومێدی ئەوەی بتوانێت و کۆنمرەکەی بەرز بکاتەوە و لە کۆلێژی دڵخوازی خۆی وەربگیرێت.
شۆخ دەڵێت، بەهۆی ترسی زۆر، ساڵی رابردوو هەر نەچوومە تاقیکردنەوەی ئەو دوو وانەیە و دوامخست بۆ ئەمساڵ، لەگەڵ ئەوەی بە درێژایی ساڵ سەعیم تێدا کردون و بەباشی خۆم ئامادە کردووە، بە راگەیاندنی خشتەی تاقیکردنەوەکان شڵەژاوم.
شنۆ نوری دایکی شۆخ وتی: زۆر هەوڵ دەدەم ئاسایی بم، لەجیاتی قسەکردن بە کردار بۆی بسەلمێنم کە گرنگە لەلام وانەکانی بەباشی بخوێنێت و نمرەیەکی بەرز بهێنێت، خەتای ئێمە نییە سیستمەکە بۆخۆی وایە داهاتووی خوێندکارەکە تەنها لەسەر پۆلی 12 یە ئەوە وادەکات دایک و باوک دڵەڕاوکێی هەبێت و بەردەوام چاوی لەسەر منداڵەکەی بێت.
شۆخ وتیشی، خێزانەکەم زۆر ئاگایان لێمە، بە تایبەت دایکم لە خۆم زیاتر ئاگای لە کاتی سەعی کردن و نان خواردن و پشوودانمە، بەڕاستی ئیحراجیان کردووم و بەهیوام نمرەکانم لە ئاست چاوەڕوانی ئەواندا بێت.

دروستکردنی هەستی بەرپرسیارێتی
ئەمە نموونەیەکە لە هەر خێزانێک کە خوێندکاری هەبێت بە تایبەت پۆلی 12، چۆمان ئەحمەد توێژەری کۆمەڵایەتی دەڵێت: پێویستە خوێندکار لە یەکەم رۆژەوە کە دەچێتە خوێندنگە هاوکاری بکرێت سیستمی سەعیکردنی رێکبخات و چاودێری بکرێت کە رۆژانە سەعی بکات بۆ ئەوەی کاتی تاقیکردنەوە فشاری زۆری لەسەر نەبێت و دواتر وازی لێ بهێنرێت خۆی هەست بە بەرپرسیارێتی بکات.
وتیشی: تەرکیزی مێشکی هەر کەسێک دیاریکراوە، بە ئەندازەیەک وەریدەگرێت و چەند فشاری لێ بکەیت زیاتر وەرناگرێت.
چیا رەشید دایکی دوو خوێندکاری پۆلەکانی 7 و 11 یە دەڵێت: هەموو منداڵێک وەک یەک هەستی بەرپرسیارێتی نییە، دوو خوێندکارم هەیە یەکێکیان هیچ پێویستی بە پێوتن نییە خۆی سەعی دەکات و رۆژانە ئاگاداری وانەکانییەتی، ئەوی تریان نەک بە پێوتن هەتا فشار نەخەمە سەری دەست بۆ جانتا و کتێب نابات نە رۆژانی ئاسایی نە کاتی تاقیکردنەوە، خۆ هەردووکیان لە یەک ماڵدا بوون و وەک یەک فێری شتەکانم کردوون.
وتیشی، چەند دەمەوێت خۆم کۆنترۆڵ بکەم کە دەبینم ئاوا ئیهمالە مەجبورم دەکات فشاری لێ بکەم تا وانەکانی بخوێنێت.

جیاوازی مامەڵەی دایک و باوک
بەشێک لە توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونی کۆکن لەسەر ئەوەی دایک و باوک فشار نەخەنە سەر منداڵەکانیان و پێیان نەڵێن وانە بخوێنە، بەڵکو تەنها دروستکردنی هەستی بەرپرسیارێتی و  رەخساندنی بارودۆخ بەسە بۆ ئەوەی خوێندکارەکە بەپێی پێویست بخوێنێت بەبێ زۆر لێکردن.
چۆمان ئەحمەد توێژەری کۆمەڵایەتی وتی: دایک و باوک کاتێک فشار لە منداڵەکەی دەکات زۆر سەعی بکات، بە تایبەت ئەوانەی لە پۆلی  12 ن  دەرهاویشتەیەکی خراپی بۆ دروست دەبێت و هەندێکجار دەبێتە هۆی تێکچوونی باری دەروونی خوێندکارەکە.
دایک و باوکان هەریەکەیان بەپێی ئەزموونی خۆیان لەگەڵ منداڵەکانیان رێگەیەکیان پێ راستە بۆ چاودێریکردنی منداڵەکانیان لەکاتی خوێندندا.
نیگار کەریم دایکی خوێندکارێکی پۆلی 9 یە دەڵێت: دایک و باوک شەو و رۆژی خستۆتە سەریەک بۆ منداڵ تەنها دڵیان بەوە خۆش دەبێت خوێندکارەکەی نمرەیەکی باش بەدەست بهێنێت، بەڕای من نابێت دایک و باوک بە تایبەت کاتی تاقیکردنەوەی لێگەڕێت منداڵ بۆخۆی بخوێنێت و ئیهمال بکرێت، چونکە ئەنجامێکی باشی نابێت.

رێگە دروستەکە
توێژەرانی کۆمەڵایەتی پێیانوایە خوێندکاران کۆت و بەند نەکرێن بەو رێنماییانە یاخود خشتانەی بڵاوکراو دەکرێنەوە بۆ کاتی سەعی کردن و خواردنی خوێندکاران، بەتایبەت پۆلی 12 لەبەرئەوەی خێزان و کەسەکان جیاوازن، چۆمان ئەحمەد توێژەری کۆمەڵایەتی دەڵێت: خشتەی سەعی کردن لە مێشکی خوێندکارەکەدایە، خۆی دەزانێت کەی ساز و ئامادەیە بۆ سەعی کردن، تەنانەت شوێنی سەعی کردنەکەش خۆی دەزانێت لە چ شوێنێکدا ئاسوودەیە و مێشکی وانەکان وەردەگرێت.
وتیشی، ئەو سیستمەی لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت بۆ دیاریکردنی داهاتووی هەر کەسێك لە رێگەی خوێندنەوە، کە هەموو ئامانجەکە پۆلی 12 یە وادەکات خوێندکارەکە تووشی دڵەڕاوکێ ببێت.
خێزانەکان دەتوانن دڵەڕاوکێی تاقیکردنەوەی منداڵەکانیان کەم بکەنەوە و رۆڵێکی گرنگ بگێڕن بە تایبەتی لە قۆناغی کۆتای خوێندندا، چونکە بەشێکی زۆر لە قوتابیان لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا دووچاری پەشێوی و شڵەژانی دەروونی دەبنەوە.
سەرکۆ سامان باوکی خوێندکارێکی پۆلی 12 وتی: لەبەر ئەوەی هەموو داهاتووی منداڵەکەت لەسەر پۆلی 12 وەستاوە دایک و باوک ناتوانێت دڵەڕاوکێی نەبێت و بەردەوام چاوی لەسەر خوێندکارەکەی نەبێت.
لەسەر دایک و باوک پێویستە هاوکاری خوێندکارەکەی بکات بە شێوەیەکی تەندروست بخوێنێت و تا درەنگانی شەو نەمێنێتەوە، نابێت کاتی پشوودانی لێ تێک بدرێت و تەنانەت ئەو چالاکیانەشی لێ قەدەغە بکرێت کە دەبێتە هۆی ئارام بوونەوەی.
چۆمان ئەحمەد توێژەری کۆمەڵایەتی دەڵێت: رێگە راستەکە ئەوەیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئاستی زیره‌كی و تواناكانی هه‌موو كه‌س وه‌ك یه‌ك نییه، دایک و باوک بەگرنگیدان بە کاتی خوێندن و دروستکردنی کەشێكی ئارام لە ماڵەکەدا وا لە خوێندکارەکەی بکات هەست بە بەرپرسیارێتی بکات بۆئەوەی وانەکانی بەباشی بخوێنێت و باوەڕ بەخۆبوونی لەلا دروست بکات.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان