ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
سایتی تایبەت بە دەستەی خزمەتگوزاری كشتوكاڵی سەر بە وەزارەتی كشتوكاڵی ئەمریكا راپۆرتێكی بڵاو كردەوە لە بارەی بەرهەمی لۆكە لە وڵاتانی جیهاندا بۆ ساڵی 2023 و بە گوێرەی راپۆرتەكەش چین بۆ ساڵی چوارەم لەسەر یەك پلەی یەكەمی لە بەرهەمهێنانی لۆكەدا پێبڕاوە و لەو ساڵەدا بەرهەمی لۆكەی گەیشتۆتە 27.5 ملیۆن خەشە، یان رەشكە، كە هەر خەشەیەك نزیكەی 218 كیۆگرامە و هەر لەو ساڵەشدا بە بەهای 13.3 ملیار دۆلار لۆكەی هەناردە كردووە بۆ وڵاتانی دی، لەبەر ئەوە رۆڵی كاریگەری لە پیشەسازی چنیندا هەیە لەسەر ئاستی جیهان.
دوای چین ئەمریكا پلەی دووەمی هەیە و لەو ساڵەدا بە بەهای 10.7 ملیار دۆلار لۆكەی هەناردە كردووە. لەسەر ئاستی وڵاتە عەرەبییەكانیش سودان بە پلەی یەكەم دێت كە 600 هەزار خەشە لۆكەی بەرهەم هێناوە و میسر لە پلەی دووەمدا 350 هەزار خەشە لۆكە بەرهەمی هەبووە و سوریاش لە پلەی سێیەمدا 160 هەزار خەشە لۆكەی بەرهەم هێناوە، عیراق لە پلەی چوارەمدایە و لە ساڵی 2023دا تەنیا 15 هەزار خەشە لۆكەی بەرهەم هێناوە، دوای عیراق یەمەن دێت كە بڕی هەشت هەزار خەشە لۆكەی بەرهەم هێناوە.
هەر بە پێی راپۆرتەكەی دەستەی خزمەتگوزاری كشتوكاڵی سەر بە وەزارەتی كشتوكاڵی ئەمریكا وڵاتانی ئاسیا زیاتر لە یەك لەسەر دوو لەسەر سێی لۆكەی هەناردەكراوی جیهانیان كڕیوە، بە مەبەستی بەكارهێنانی لە پیشەسازی چنیندا.
سەرچاوە: رۆژنامەی ئەلسەباح