داندۆک خواردنێکی بەچێژی کوردەواری

11:17 - 2022-06-19
دووتوێ
1715 جار خوێندراوەتەوە

هاوژین عەبدولواحید

داندۆک، یەکێکە لە خواردنە بەلەزەتەکانی کوردەواری کە لە دێر زەمانەوە خەڵکانێکی زۆر گرنگیان پێداوە و چێژیان لە خواردنی وەرگرتووە، زۆربەی ژنان لەکۆندا ساڵانە ئەم خواردنەیان لە وەرزی هاویندا ئامادەکردووە، کە رێژەیەکی زۆریان لێ دروست کردووە بۆئەوەی لە وەرزەکانی تریشدا بتوانن سوودی لێوەربگرن.
شێوازی دروستکردنی داندۆک  ئاسانە و تێچووشی کەمە پێکهاتەکەی تەنها (ساوەر و ماست و خوێ)یە  کابانی ماڵ دوو سەتڵ ماست بۆ ماوەی دوو رۆژ دەخاتە بەر تیشکی خۆر تا ترش دەبێت دواتر لەگەڵ ساوەر تێکەڵی دەکات و کەمێک خوێشی تێ دەکرێت، دواتر بۆ ماوەی 24 سەعات دادەنرێت و تا دەخوسێت پاشان دەشێلرێت و دەکرێتە کفتەی بچووک بچووک و لەبەر هەتاو دادەنرێت تا وشک دەبێتەوە و ئامادەیە بۆ خواردن.
خاتوو پەخشان لە دایکییەوە فێری دروستکردنی داندۆک بووە و وتی، بیرمە ساڵانی رابردوو  لە گوند ژنان کۆدەبوونەوە و بە هەرەوەزی داندۆکیان دروست دەکرد، بەڵام ئێستا لە ماڵەوە بە تەنها دروستی دەکەم بۆ خێزانەکەم.
وتیشی، پێشتر بۆ دروستکردنی داندۆک گەنمەکەمان کەمێک دەکوڵاند و دوای وشکبوونەوەی  لە ئاش دەمانهاڕی، بەڵام ئێستا لە بازاڕ بە ئاسانی دەستدەکەوێت و ساوەری داندۆک جیایە.
باسی لەوەشکرد، خەڵک بەدوو شێوە داندۆک دەخۆن، یان ئەوەتا پێش نیوەڕۆ یان عەسران بە چا یان ئاوەوە دەیخۆن یاخود دەیکەین بەچێشت، سەرەتا ئاوی تێ دەکەن و وەک پڵاو ساوەر دەیکوڵێنن دواتر تۆزیک رۆنی بەسەردا دەکەن و ئامادە دەبێت بۆ خواردن.
بەشێک لە هاووڵاتیان زیاتر لە پێویستی خۆیان داندۆک دروست دەکەن و لە بازاڕدا دەیفرۆشنەوە بەو کەسانەی حەزیان لێیە، حاجی لوقمان دوکاندارە و چەندین ساڵە داندۆک دەفرۆشێت وتی، داندۆک وەک خواردنێکی کوردەواری بازاڕێکی باشی هەیە، یەک کیلۆ داندۆکی خۆماڵی بە شەش هەزار دینارە و لە گوندەکانی دەوروبەری کۆیەوە بۆمان دێت، لە هەمانکاتدا داندۆکی ئێرانیش هەیە کیلۆی بە سێ هەزار دینارە، بەڵام بەرهەمی ناوخۆ خواستی زیاتری لەسەرە.
وتیشی، ساڵانە نزیکەی 300 کیلۆ داندۆک دەفرۆشین و زیاتر کەسانی بە تەمەن دەیکڕن، یان بەشێک لە هاووڵاتیان دەیکڕن و دەینێرن بۆ کەسوکاریان لە دەرەوەی وڵات.
خاتوو پەخشان رۆژانە لەم سووچ بۆ ئەو سووچ جێگای سەبەتە داندۆکەکان دەگۆڕێت  بۆ ئەوەی بەباشی تیشکی خۆریان بەر بکەوێت تا بەباشی وشک ببنەوە و ئامادەبن بۆ خواردن.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان