شەش هەزار شوێنی شوێنەواریی لە هەرێمە

بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار: تائێستا 47 % ناوچەكانی هەرێم پشكنینی شوێنەوارییان بۆ كراوە

09:56 - 2024-06-12
دیدار
352 جار خوێندراوەتەوە

دیداری/ رەوەست نەوزاد

زەوی هەر ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان هەڵبدەیتەوە شوێنەواری چەندین شارستانییەتی كۆن دەدۆزیتەوە ئەوەش بەهۆی گرنگی پێگە جوگرافی و ئابوورییەكەی ئەم ناوچەیە بووە لە كۆندا، بۆیە ئێستا ئەم هەرێمە خاوەنی هەزاران شوێنی شوێنەواری دێرینی شارستانییەتە جۆراوجۆرەكانە، تائێستاش چەندین شوێن و ناوچەی شوێنەواریی دۆزراونەتەوە و هەوڵی دۆزینەوەی ژمارەیەكی دیکەش دەدرێت، ئەم سێكتەرە گرنگە پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەی زیاتر و دابینكردنی خەرجی هەیە، بۆ ئەوەی بكرێتە سەرچاوەیەكی گرنگی ئابووری و گەشتیاری، لەوبارەیەوە كەیفی مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێمی كوردستان بۆ كوردستانی نوێ دەدوێت.
* تێگەیشتن لە شوێنەوار لە هەرێم لە چ ئاستێکدایە و تا چەند هاوکاری دەکرێن؟
- دۆخی شوێنەوار و كەلەپوور لە هەرێمی كوردستان ئەگەر بەراوردی بكەین بە رابردوو تێگەیشتنی زیاتر لەسەری دروستبووە، بەهۆی زۆریی ژمارەی ناوچە، بینا، گەڕەك و شاری شوێنەواری و كەلەپووریش ئەم سێكتەرە پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەی زیاتری حكومەت هەیە، چونكە دۆخی لە ئاستی چاوەڕوانی ئێمەدا نییە، لەبەرئەوەی ئیدارەدانی شوێنەوار لە هەرێم كارێكی تازەیە و تائێستا نەبۆتە كاری سەرەکی لە بەرنامەكانی حكومەتدا، لەم قۆناغەدا پێویستە بودجەیەكی ساڵانەی دیاریكراوی بۆ دیاری بكرێت كە بتوانێت كارەكانی پێ بکرێت کە ئێستا نیمانە، لەلایەكی ترەوە پێداویستییەكانی جێبەجێكردنی كاری شوێنەواریی لە هەرێمدا نییە، بەڵام تاڕادەیەكی باش توانیومانە لەبواری توانای مرۆییەوە گەشەی پێبدەین، لەگەڵ ئەوەی سەرجەم کارەکانی شوێنەوار بەهۆی نەبوونی بودجەیەکی دیاریکراوەوە قورس بووە.
*نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکان و ئیدارەدانیان لە چ ئاستێکدایە؟
- ساڵی رابردوو بودجەیەكمان لەبەردەستدابوو كە بە هەوڵی خۆمان و بەشێك لە رێكخراوە بیانییەكان نزیكەی 80 بینای كەلەپووری نۆژەنكرانەوە، بۆ ئەوەی کارەکان بەباشی بەڕێوە بچن پێویستە ئیدارەدانی شوێنەوار سەربەخۆ بێت و دامەزراوەیەك بێت لایەنی كەم سەر بە یەكێك لە دەسەڵاتە باڵاكانی حكومەتی هەرێم بێت، بەڵام ئێمە بەستراوینەتەوە بە وەزارەتێكی وەك شارەوانی کە دوو سێكتەری لە یەك جیاین، لە کاتێکدا دەبوایە شوێنەوار دەستەیەكی سەربەخۆی هەبوایە بەهۆی زۆریی ژمارەی شوێنەوارەکان و گرنگی ئەو بوارە لە ژیانی كۆمەڵایەتی هەر گەل و نەتەوەیەكدا كە پێناس و شوناسیەتی و ناكرێت فەرامۆش بكرێت بە تایبەتی كوردستان كە لانكەی شارستانیەت بووە.

 

بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێم: لە ساڵی 2023  دا 28 كەیسی دزین و زیادەڕۆیی كردن لەسەر شوێنەوار هەبووە کە کەسەکان دەستگیر کراون و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە

 

*ژمارەی شوێنەوارەکان لە هەرێم چەندن؟
-نزیكەی شەش هەزار پێگەی شوێنەواریی لە هەرێم تۆماركراون كە زیاتر لە هەزار و 500 یان لە پارێزگای دهۆكە، لە پارێزگای هەولێریش زیاتر لە هەزار و 500  شوێن هەیە، لە پارێزگای سلێمانیش بە گەرمیان و هەڵەبجەوە نزیكەی هەزار و 800 پێگەی شوێنەواریی هەیە، جگە لەوانەش چەندین بینا، قەڵا، قولـلە و پردی كەلەپووری هەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی پشكنینێكی گشتی ژمارەیان بەتەواوی دیار نییە چەندن، بەڵام ئێستا كۆمەڵێك خانووی كەلەپووری تەملیك كراون كە ژمارەیان نزیكەی 60 شوێنە و چەندین شار و شارۆچكە و گەڕەك و خانووی كەلەپووری تریشمان هەیە.
*پاراستنی شوێنەوارەکان لە چ ئاستێکدان؟
-ناكرێت  شەش هەزار شوێنی شوێنەواریی دیواری بۆ دروست بكەیت و پاسەوانی بۆ دابنێیت، بۆیە لەگەڵ خەڵكی لادێکان، قەزا و ناحیەكان رێككەوتووین بۆ پاراستنی شوێنەوارەکان، لە کاتێکدا بەپێی یاسا دەبوو ئێمە پۆلیسی شوێنەوار و كەلەپوورمان هەبوایە كە لەساڵی 2012 بڕیاری دروستكردنی فەوجێكی پۆلیسی شوێنەواریی دەركرا، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی جێبەجێ نەكرا بۆ ئەمەش پەیوەندیمان لەگەڵ دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش هەیە بۆ چاودێریکردنی شوێنە كۆنەكان و هەركەسێك لەسەر دەستدرێژیکردنە سەر شوێنەوارێک دەستگیر کرا بەپێی یاسای شوێنەوار و كەلەپوور سزا بدرێت، لەساڵی 2023  دا 28 كەیسی دزین و زیادەڕۆیی كردن لەسەر شوێنەواری كۆنمان هەبووە کە کەسەکان دەستگیر کراون و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.
*ساڵانە چەند تیمی بیانی وڵاتان بۆ كنە و پشكنین سەردانی هەرێم دەكەن؟
- بەردەوام بە هاوبەشی لەگەڵ تیمە بیانییەكان كاردەكەین، ئەمساڵ نزیكەی 25 تیم لە سەرتاسەری هەرێم لەمانگی 4 تا 11 كاردەكەن كە هی وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریكا و ژاپۆنن ئەوەش گۆڕانكارییەكی گەورەیە لە ئاستی شوێنەوار و كەلەپوور لە هەرێم كە وایكردووە بچێتە سەر نەخشەی جیهانیی كەلەپوور و شوێنەوار، بە تایبەتی لەماوەی 10 ساڵی رابردوو زیاتر لە 100 تیمی شوێنەواری كاریان كردووە و چەندین راپۆرتی زانستی گرنگیان لەسەر نووسیوە و ئەو پارچە شوێنەوارییانەی لە هەرێم دەیدۆزنەوە هەر لێرە دەمێنێتەوە، تائێستا 47 % ناوچەكانی هەرێم پشكنینی شوێنەوارییان بۆ كراوە و بە کنە و پشکنین کردن بۆ رێژەکەی تری پێشبینی دەکەین ژمارەی ناوچە شوێنەوارییەکان بەرز ببێتەوە بۆ نزیکەی 10 هەزار ناوچەی شوێنەواریی.
*دروستکردنی بەنداو تا چەندە زیانی بە شوێنەوارەکان گەیاندووە؟
- یەكێك لە كەموكوڕییەكانی سێكتەری شوێنەوار پڕۆژەی بەنداوە كە پێویستە حكومەتی هەرێم بەر لەوەی لە هەرشوێنێكدا بەنداو دروستبكات، ل شوێنەوار ئاگاداربكاتەوە پێش دەستپێکردنی پڕۆژەکە پشکنینی بۆ بکرێت، لە رابردوودا لە ناوچەی (زاخیكا كۆن) لە زاخۆ و ناوچەی (شمشارە) لە دوكان حاڵەتی ژێر ئاوكەوتنی شوێنی شوێنەواریمان هەبووە كاتێك ئاستی ئاوەکە دابەزیوە، پێگە شوێنەوارییەكان دەركەوتوون.

زیاتر لە 100 تیمی شوێنەواری لە هەرێم کاریان كردووە

بابەتە پەیوەندیدارەکان