دیداری- تەها عەبدوڵڵا
لە دیدارێكدا کە كوردستانی نوێ لەگەڵیدا سازی کردووە، كۆڤان جەلال رۆژبەیانی بەڕێوەبەری گشتی گەشەپێدانی پشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان تیشك دەخاتە سەر ژمارە و جۆری كارگەكان لە هەرێمی كوردستان و ئاستی بەرهەمێهنانیان، هەروەها باس لەو هەنگاوانە دەكات كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی رۆتین لە كاتی دامەراندنی كارگەكان و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە ناوچە پیشەسازییەكان، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە پێدانی مۆڵەت بە كارگەکاندا رەچاوی پاراستنی ژینگە و بەرژەوەندییە گشتییەكان دەكرێت.
*سەرەتا ژمارەی ئەو كارگانەی لە هەرێمی كوردستان و بە گوێرەی پارێزگاكان مۆڵەتیان پێدراوە چەندە؟
-بەگشتی لە هەرێمی كوردستان مۆڵەت بە چوار هەزار و 547 كارگە دراوە، لە هەولێر سێ هەزار و 500 کارگە، لە سلێمانی هەزار و 105 کارگە، لە دهۆك 338 کارگە و لە زاخۆ 99 کارگە مۆڵەتیان وەرگرتووە، مۆڵەتەکانیش سێ جۆرن: مۆڵەتی سەرەتایی، مۆڵەتی ژێر دامەزراندن و مۆڵەتی تەواوكردنی دامەزراندنی كارگەكە.
* ئەو كارگانەی مۆڵەتیان پێدراوە زیاتر لە چ بوارێكدان؟
- زیاتر بوارەكانی خۆراك و بیناسازی و ناكانزاكان دەگرێتەوە، خواردمەنی هەموو ئەو جۆرانە دەگرێتەوە كە پەیوەندی بە لەقوتونان و وشكە و دانەوێڵەوە هەیە، جگە لە خواردنەوە گازییەكان و شیرەمەنییەكان و بەرهەمەكانی پەتاتە و گەنمەشامی زۆری تریش.
سەبارەت بە كارگە ناكانزكان زیاتر لە كەلوپەلی ناوماڵ و پێویستییەكانی پاككەرەوە و دەرگاو پەنجەرە و چاپەمەنییەكان پێكدێت، ئەوەشی تایبەتە بە بیناسازی كارگەكانی هەرێمی كوردستان پێویستییەكانی بینا و خانووبەرە بەرهەم دەهێنن، لەوانە بلۆك و خشت و كاشی و كۆنكرێتی ئامادەكراو و چیمەنتۆ و و گەچ و چەند بەرهەمێكی دیكە.
زۆربەی بەرهەمی كارگەكان هەناردەی دەرەوەی هەرێم دەكرێت، بە تایبەتی بۆ شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق، بە رێژەیەكی كەمتر بۆ دەرەوەی عیراقیش رەوانە دەکرێت
* لەگەڵ بوونی ئەو ژمارە زۆرەی کارگە، بەڵام تا ئێستاش بەشی زۆری پێویستییەكانی ناوخۆی كوردسنان لە دەرەوە هاوردە دەكرێت. بۆچی؟
- لەبارەی رێژەی بەرزی هاوردەی پێداویستییەكان لە دەرەوەی هەرێمەوە، چەند هۆكارێك هەیە وایكردوە ئێمە نەتوانین لە هەموو بوارەكاندا پشت بە خۆمان ببەستین و پێویستمان بە دەرەوە نەبێت، ئەمەش لە هەموو وڵاتێك هەیە، لێرە هۆكارەكە تەنیا كەمیی رێژەی كارگەكان نییە، بەڵكو بەشێكی پەیوەندی بە نرخەوە هەیە، چونكە هەندێك لە كارگەكانی خۆمان بەهۆی زۆریی تێچووی بەرهەمەكانیانەوە ناتوانن كێبڕكێی بازاڕ بكەن، لەوانە نرخی سووتەمەنی و كرێی گواستنەوە، هاوكات كەمیی ژمارەی شارەزایان لە بواری بەرهەمهێنان و بەبازاڕكردندا.
لەگەڵ ئەوانەشدا هیوامان هەیە ساڵانی داهاتوو رێوشوێنەكانی دامەزراندنی كارگەكان تەواوبكرێن و ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆ بەرز بكرێتەوە، ئەو کات دەتوانین زیاتر پشت بە بەرهەمی ناخۆ ببەستین.
* لە بەڕێوەبەردن و كارپێكردنی كارگەكانی هەرێمی كوردستاندا تا چەند سوود لە تواناكانی ناوخۆ وەرگیراوە و كارگەکان تا چەند بوونەتە هۆی رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان؟
- بێگومان بە گوێرەی بڕیاری ژمارە 172ی 20/9/2022ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، نابێت لە %75 كەمتر دەستی كاری خۆماڵی لەو كارگانە هەبن، ئەمەش بە ئامانجی رەخساندنی هەلی كارە بۆ خەڵكی ناوخۆی كوردستان.
* بەرهەمی ئەو كارگانە زیاتر بۆ ناوخۆی كوردستانە یان هەناردەی دەرەوەش دەكرێت؟
- بە رێژەی جیاجیا زۆربەی بەرهەمی كارگەكانی ناوخۆی كوردستان هەناردەی دەرەوەی هەرێم دەكرێت، بە تایبەتی بۆ شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق، هاوكات بە رێژەیەكی كەمتر ئەو بەرهەمانە هەناردەی دەرەوەی عیراق دەكرێت، پلانمان هەیە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكانی دیكە رێژەی هەناردە بۆ دەرەوە بەرز بكەینەوە و بەرهەمەكانی ناوخۆی كوردستان زیاتر بە دەرەوە بناسێنین.
* بۆ دابینكردنی ماددەی خاوی ئەو كارگانە تا چەند پشت بە بەرهەمی ناوخۆ دەبەستن؟
- بۆ دابینكردنی ماددەی خاو بە تایبەتی لە بواری خۆراكدا زیاتر پشت بە بەرهەمەکانی ناوخۆ دەبەستین، بە تایبەتی لە بواری شیرنەمەنییەكان و شیرەمەنییەكان و كارگەكانی ئارد و شەربەتی میوە و پسكیت ..هتد.
باس لە دامەزراندنی كارگەی ئۆتۆمبێل دەكرێت لە هەرێمی كوردستان، ئەویش لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەڵمانیای فیدراڵدا، بەڵام گفتوگۆکان لە سەرەتادان
* بۆ ئەوەی كارگەكان بە كەمترین تێچوون و كەمترین ماوە دابمەزرێن، حكومەتی هەرێم تا چەند ئاسانكاری بۆ سەرمایەداران دەكات؟
- هەوڵەكان بە ئاراستەی دامەزراندنی زۆربەی ئەو كارگانەن كە پێداویستییەكانی ناوخۆ پڕدەكەنەوە و لە بەژەوەندی خەڵكی كوردستانن، بۆ ئەمەش هەوڵدراوە رۆتین کەم بکرێتەوە و لە مامەڵەی دامەزراندنی كارگەكاندا ئاسانكاری تەواو بۆ سەرمایەداران بكرێت و رێوشوێنەكان خێرا تر بكرێن، هاوكات كار بۆ ئەوە دەكرێت نرخی كارەبا بۆ ئەو كارگانە كەم بكرێتەوە، كە زۆرجار ناڕەزایی دەردەبڕن، جگە لە تەرخانكردنی زەوی پێویست و چاككردنی رێگاوبانەكان و گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بۆ ناوچە پیشەسازییەكان.
* لە كاتی دامەزراندنی كارگە و شوێنە پیشەسازییەکاندا تا چەند پاراستنی ژینگە رەچاو كراوە؟
لە كاتی مۆڵەتدان بە هەر كارگەیەكدا پێویستە سەرەتا رەزامەندنی لایەنی پەیوەندار وەربگرێت، لەوانەش ژینگە، شارەوانی، تەندورستی و كشتوكاڵ، تا هەموو ئەو لایەنانە رەچاو بكرێت كە پەیوەندی بە بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی ژینگەوە هەیە، بۆیە بەبێ رەزامەندی ئەو لایەنەنان هیچ كارگەیەك دانامەزرێت كە ببێتە هۆی پیسكردنی ژینگە و زیانگەیاندن بە دەوروبەری خۆی.
* باس لە دامەزراندنی كارگەی ئۆتۆمبێل دەكرێت لە هەرێمی كوردستان، ئەم قسەوباسە تا چەند راستە؟
- بەڵێ بابەتێكی لەو جۆرە باس كراوە، ئەویش لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەڵمانیای فیدراڵدا، بەڵام گفتوگۆكان لەسەرەتادان، ئەو بابەتە پێویستی بە گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بگەین بەو ئامانجە، هەرچەندە ئێستا بە شێوەیەك لە شێوەكان جگە لە كەلـلەی ئۆتۆمبێل لە ناوچە پیشەسازییەكانی كوردستان پارچەی ئۆتۆمبێل دروست دەكرێت، واتا لە هەرێمی كوردستان سەرەتایەك هەیە بۆ ئەوەی بیر لە دامەزراندنی كارگەی ئۆتۆمبێل بكەینەوە.