نوێترین دۆزینەوە زانستییەکانی گەردوون

11:36 - 2022-06-19
دووتوێ
747 جار خوێندراوەتەوە

لوقمان حەوێز ئەندازیار و فیزیاناس

 

سازدانی/ تارا شێخ عوسمان

لوقمان حەوێز ئەندازیار و فیزیا ناسی کورد، دانیشتووی تێکساسی ئەمریکا و ئەندام لە کۆمەڵەی گەردونناسانی ئەو وڵاتە بە دواین زانیاری و پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی بواری گەردوونناسی ئاشنامان دەکات.
کەشتی نوح: نوێترین دۆزینەوەی زانستی لە بواری گەردونناسیدا کە ناوەندە زانستییەکانی جیهان بڵاویانکردەوە، دۆزینەوەی کونێکی رەشە لەناو گەلە ئەستێرەی رێگەی کاکێشان و ناونراوە (Sagittarius A) گرنگی ئەو دۆزینەوەیە چییە؟ 
لوقمان حەوێز: کونە رەشەکانی گەردوون بە سەرسوڕهێنەرترین و نامۆترین دیاردەی ناو گەردوون دادەنرێن و لە پاشماوەی تەقینەوەی ئەستێرە زەبەلاحەکان دروست دەبن دوای کۆتایهاتنی تەمەنی ئەو ئەستێرانە و تەقینەوەیان بەشێوەی سوپەرنۆڤا، ئەو شوێنانە لە بۆشایی ئاسمان وەکو کونێک یان چاڵێکیان لێدێت و هەموو تەنێکی زۆر نزیک لێیان وەکو هەسارەکان یان ئەستێرە نزیکەکان یاخود تەم و گازەکانی دەوروبەریان هەڵدەلوشن، هەر تەن و بارستەیەک دوای ئەوەی دەکەوێتە ناو ئەو کونانە بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت دەربازی بێت، تەنانەت تیشکیش لێی دەرباز نابێت، بۆیە نابینرێت و خودی کونەکە رەش و تاریکە، بەڵام کاتێک کونەڕەشەکان تەنەکان هەڵدەلوشن پێش ئەوەی بەتەواوی بگەنە خاڵی نەگەڕانەوەی ئەو کونانە هەندێک تیشک لە دەرەوەی ئەو خاڵە دەردەچێت و ئەوانە دەگەن بە ئێمە و بەو هۆیەوە دەزانین کونێکی رەش هەیە لەو شوێنەی ئاسمان و لەو رێگەیەشەوە وێنەی دەگیرێت، ئەلبێرت ئەنشتاین لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە کاتێک بیردۆزی رێژەیی گشتی خستەڕوو بەپێی بیردۆزەکەی وتی: (دەشێت شوێنی وا نامۆ هەبێت لە گەردوون)، بەڵام توانا و پێشکەوتنی ئێمەی مرۆڤ تاوەکو ساڵی 2019 ئەوەندە نەبوو بتوانین بەشێوەیەکی کرداریی کونەڕەشەکان بدۆزینەوە، بەڵام پێشکەوتنەکانمان لە بواری زانست و تەکنەلۆژیا بە گشتی و گەردوونناسی بە تایبەتی ئێستا ئێمەی گەیاندووە بەئاستێک بتوانین نەک هەر بیاندۆزینەوە، بەڵکو وێنەشیان بگرین، کونەڕەشەکەی ناو چەقی گەلە ئەستێرەکەشمان بووە دووەم کونی رەش تائێستا وێنەی گیرابێت، ئەم هەنگاوەش گرنگە لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، تێگەیشتنمان زۆرتر دەکات دەربارەی گەردوون بە گشتی و چۆنیەتی دروستبوونی، هەروەها تێگەیشتنمان زیاتر دەکات دەربارەی ئەو کونەڕەشانە و مەترسییەکانیان کە تا ئێستاش بەتەواوی لە هەموو نهێنیەکانی نەگەیشتووین.
 دوور نییە تێگەیشتنی زیاترمان بۆ ئەو کونەڕەشانە لە داهاتوودا ببێتە هۆی ئەوەی سودی راستەخۆیان لێوەربگرین وەکو سەرچاوەیەکی وزە یاخود بۆ مەبەستی گەشتکردنی خێرا بەناو کاتدا.
کەشتی نوح: بۆچی زۆربەی گەشتەکان بۆ بۆشایی ئاسمان لە بنکەی بایکۆنۆری کازاخستانەوەیە، نهێنی ئەمە چییە؟
لوقمان حەوێز: هەڵدانی موشەکەکان بۆ بۆشایی ئاسمان لە رووی زانستییەوە دەشێت لە هەر شوێنێکی سەر رووی زەویەوە بێت، بەڵام دەبێت ئەو شوێنە هەندێک مەرجی تێدا بێت، بۆ نموونە لە زەریا نزیک بێت بۆ ئەوەی پارچە و قاوغی موشەکەکان کە دەکەونە خوارەوە بکەونە نێو زەریا، بۆیە هەموو بنکەی هەڵدانی موشەکەکانی ناسا لە کەنار زەریان، ئەگەر کەنار زەریاش نەبوو باشترە لە شوێنێکی دوور لە شاری گەورە و ئاوەدانی بێت، بۆ ئەوەی کە پارچەکان دەکەونە خوارەوە ئەگەر بە پەڕەشوت بوو یان بێ پەرەشوت زیان نەگەیەنن بەهیچ ئاوەدانییەک، بۆ نموونە بنکەی سەرەکی هەڵدانی روسیا لە بیابانێکی چۆڵی کازاخستانە.
کەشتی نوح:  زانست و بەتایبەت ئاژانسەکانی گەردوونناسی، چۆن وەڵامی ئەوانە دەدەنەوە کە پێیانوایە گەشتکردن بۆ دەرەوەی گۆی زەوی مەحاڵە و دابەزینی مرۆڤ لەسەر رووی مانگ تەنها سیناریۆیەکی هاوبەشی ناسا و هۆلیودە؟
لوقمان حەوێز: هۆکاری سەرەکی باوەڕنەکردنی مرۆڤ بە گەشتەکانی ئاسمان یان نیشتنەوەی مرۆڤ لەسەر رووی مانگ لە هەندێک لە کۆمەڵگاکانی دونیا بەتایبەتی لای خۆمان نزمی ئاستی زانیاری تاکەکانە، بەتایبەتی لەبواری زانستەکان وەکو زانستی فیزیا، لەو کۆمەڵگایانەی ئاستی زانستی و رۆشنبیری تاکەکان بەرزترن ئەو کێشەیە بچووکترە یان نییە، هەروەها هۆکارێکی تر کارکردنی گروپەکانی تیۆری پیلانگێڕیە کە ئەوانیش لەوانەیە لەبەر هەندێک هۆکاری ئایدیۆلۆژی یان سیاسی پڕوپاگەندەی لەو جۆرانە بڵاوبکەنەوە، ئاژانسی ناسا بەشێکی تایبەتی هەیە بە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان بە گشتیی لە قوتابخانەو دامەزراوە زانستییەکان و لەڕێگەی یوتیوب و سۆشیال میدیاشەوە کەناڵی تایبەتی هەیە   بۆ گەیاندنی راستییەکان و رونکردنەوەی ئەو بابەتانەی کە خەڵکی ئاسایی عەوداڵی وەرگرتنی زانیاری زیاترن لەسەریان.
کەشتی نوح: بۆچی ستیڤن هۆکینگی زانای فیزیایی و زاناکانی پێش ئەو، هێندە پێداگربوون لەسەر ئەوەی پێویستە مرۆڤ هەسارەیەکی تر بدۆزێتەوە بۆ ژیان، ئایا زەوی لە مەترسیدایە و داهاتووی مرۆڤ لەسەر هەسارەیەکی ترە؟
لوقمان حەوێز: ستیڤن هۆکینگ یەکێک بوو لەو زانایانەی  پێیوابوو بەهۆی ئەو پاڵەپەستۆ و کاریگەرییە نەرێنیانەی کە ئێستا مرۆڤ خستوویەتیە سەر گۆی زەوی، ژینگە و بایۆسفیری هەسارەکەمان بەرە و وێرانبوون دەڕوات، بۆیە پێوستە مرۆڤ شوێنێکی تر بدۆزێتەوە بۆ ژیان بۆ ئەوەی لەناوچوونی رەگەزەکەی بپارێزێت، ئیلۆن مەسکیش کە خاوەن کارێکی ئەمەریکییە و یەکێکە لە دەوڵەمەندترین کەسەکانی دونیا هەمان بۆچوونی هەیە، ئەو پێی وایە ژیانی مرۆڤ بە گشتی ناسکە و لە ئەگەری هەر روداوێکی سروشتی نەخوازرا و یان شەڕێکی ناوکی سەرتاسەری، دورنییە مرۆڤ لەناو بچێت، بۆیە پێیوابوو دەبێت لایەنی کەم لەم سەدەیەدا مرۆڤ بتوانێت کۆمەڵگایەکی بەردەوام بۆ ژیان دابین بکات لەسەر هەسارەی مەریخ بۆ چەند سەد یان چەند هەزار مرۆڤێک تا لە ئەگەری لەناوچوونی مرۆڤ لەسەر زەوی ئەو کۆمەڵە مرۆڤە بمێننەوە و بتوانن لە داهاتوودا زەوی و شوێنی تریش لە نێو گەردوون ئاوەدان بکەنەوە.
کەشتی نوح : دوا هەواڵی تەلسکۆبی جەیمس ویب چییە؟ 
لوقمان حەوێز: تەلەسکۆپی جێمس وێب لە 2021/12/25 بە سەرکەوتوویی هەڵدرا بۆ بۆشایی ئاسمان و ئێستا لە خولگەیەکدا، لەگەڵ هەسارەی زەوی بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە لە دووری نزیکەی 1.5 ملیۆن کیلۆمەتر، دوای نزیکەی مانگێکیش لە هەڵدانی گەیشتە شوێنی خۆی و هەموو بەشەکانی بە سەرکەوتوویی کرانەوە، لەوکاتەوە دەستکرا بە تاقیکردنەوەی بەشەکانی، لە ناوەڕاستی مانگی سێ یەکەم وێنەی وەکو تاقیکردنەوە ناردەوە، ئێستاش چاوەڕوانی ساردبوونەوەی تەواوی هەموو بەشەکانی دەکرێت بۆ ئەوەی وێنەی زۆر روون و زانیاری زۆر ورد بنێرێتەوە، لە راستیدا بۆ ئەوەی تەلەسکۆپی جێمس وێب بە تەواوی و بە وردی کاری خۆی بکات دەبێت پلەی گەرمی هەموو بەشەکانی بگاتە 230 پلە لە خوار سفر، چونكە تەلەسکۆپی جێمس وێب تەلەسکۆپێکی چاودێریکردنی تیشکەکانی خوار سوورە، بۆیە بۆ ئەوەی دڵنیابین کە هیچ بڕێک لە تیشکی خوار سوور لە بەشەکانی دەرناچێت و کاریگەریی بخاتە سەر وێنەکان و داتاکان، بۆیە دەبێت تا ئەو رادەیە هەموو بەشەکانی سارد ببێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە ناوەڕاستی مانگی شەش تا سەرەتای مانگی حەوتی ئەمساڵ جێمس وێب بگاتە ئەو قۆناغە و بەتەواوی دەستبەکار بێت.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان