کاروان محه‌مه‌د - یاسین ئه‌حمه‌د
رۆژی (2024/6/18) یادی (105) ساڵه‌ی شه‌ڕی ده‌ربه‌ندی بازیانه، له‌و رۆژه‌دا و له ساڵی (1919)دا شۆڕشگێڕانی کورد به فه‌رمانده‌یی مەلیک مه‌حمودی حه‌فید بۆ به‌رگریی له سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، دژی هێرشی سوپای داگیرکه‌ری ئینگلیز له ده‌ربه‌ندی بازیان داستانێکی قاره‌مانانه‌یان تۆمارکرد، هه‌رچه‌نده شه‌ڕه‌که به شکستی کورد و برینداربوون و به‌دیلگرتنی مەلیک مه‌حمود له به‌رده‌قاره‌مان کۆتاییهات و بەوەش یه‌که‌م حکومه‌تی شێخ له سلێمانی کۆتاییهات. به‌ڵام ئەو داستانە ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه بوو که گه‌لی کورد هه‌رگیز ژێرده‌سته‌یی قبووڵ ناکات و بۆ رزگاربوون هه‌موو شێوازێكی خه‌بات ده‌گرێته‌به‌ر تا ده‌گاته ئامانج.
هه‌ڵبژاردنی ده‌ربه‌ندی بازیان بۆ به‌رگری له هێرشی داگیرکه‌ران له‌لایه‌ن کورده‌وه، مێژوویه‌کی دێرینی هه‌یه، ئه‌م ده‌ربه‌نده ناوێکی دره‌وشاوه‌ی هه‌یه له مێژووی پڕ شانازیی کورددا، به‌تایبه‌تی بۆ به‌رگری له وڵاتی زاموا له کۆندا و ناوچه‌ی سلێمانی له مێژووی نوێ‌دا.
لەوبارەیەوە (ره‌مزی قه‌زاز) نووسه‌ر و چالاکوانی سیاسی، ده‌ڵێت: ده‌ربه‌ندی بازیان (ترمۆپیل)ی کوردستانه (ترمۆپیل) ده‌ربه‌ندێکه له یۆنان لیونیداس به (300) جه‌نگاوه‌ره‌وه به‌ره‌نگاری شای فارس بووەوە که هێرشی هێنابووه سه‌ر یۆنان، هه‌روه‌کو چۆن له کاتی خۆیدا (300) ئیسپارته‌یی یۆنانی شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ سوپای گه‌وره‌ی ئێران‌دا کرد، ئه‌گه‌ر (ئه‌فیالیت) نه‌بوایه که ناپاکی کرد، ئەوا سوپای ئێران ده‌شکا و یۆنانییه‌کان سه‌رده‌که‌وتن.
ره‌مزی قه‌زاز: ده‌ربه‌ندی بازیان، ترمۆپیلی کوردستانه وەک چۆن لیونیداس لە دەربەندی ترمۆپیل له یۆنان به (300) جه‌نگاوه‌ره‌وه به‌ره‌نگاری شای فارس بووەوە
ده‌ربه‌ندی بازیانیش هێڵی به‌رگریی کورد بووه کە (42کیلۆمەتر) له سلێمانی و (64 کیلۆمەتر) له که‌رکوك و (17کیلۆمەتر) له ناوه‌ندی قه‌زای بازیانه‌وه دووره، ده‌ربه‌ندێکی قایمی ته‌نگه له چه‌شنی زنجیره دیوارێکی به‌رده‌ڵانییه وه‌ك ده‌رگا وایه له شاخی بازیان کلیلی رێگه‌ی سلێمانییه، له‌ڕووی ده‌ریاوه (400پێ) به‌رزه و به‌رزایی شاخی بازیان له‌سه‌ر رووی ده‌ربه‌نده‌که (1000پێ) یه.
ده‌ربه‌ندی بازیان ناوچه‌یه‌ك پڕاوپڕ له مێژوو و نه‌به‌ردی و چیرۆکی سه‌رنجڕاکێش، مێژوویه‌کی دێرینی هه‌یه و لانه‌یه‌کی ئارام بووه بۆ ئه‌و ئیمپراتۆرییه‌ت و فه‌رمانڕه‌وایانه‌ی که سه‌رده‌مانێك له‌م ناوچه‌یه‌دا ده‌سه‌ڵاتدار بوون هه‌ر له لۆلۆیی و ئاشووری و ئه‌شکانی و ساسانی تا بابانی و حکومه‌تی شێخ مه‌حمودی نه‌مر و رۆژگاری ئه‌مڕۆمان، چونکه بوونی ئه‌م ده‌ربه‌نده گرەنتی مانه‌وه‌ی هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه و هۆزێك بووه که ویستویه‌تی باڵاده‌ست بێت به‌سه‌ر هه‌ردوو دیوی ده‌ربه‌نده‌که‌دا، ئه‌و ته‌نگه‌به‌ره شاخاوییه‌ی زنجیره شاخی بازیان – قه‌ره‌داغ ده‌ربه‌ندێکی خواکرده و هاتوچۆ له کۆنه‌وه پێیدا ئاسان بووه، ده‌روازه و گه‌رووی چیای زاگرۆسه له به‌رامبه‌ر هێرشی دوژمنان‌دا بۆ به‌ربه‌ست و به‌رگری له ناوچه‌ی سلێمانی، رێڕه‌وێکی ستراتیژی بووه بۆ چوونه ناو وڵاتی زاموا (لۆلۆییه‌کان) له مێژوودا به هێڵی به‌رگریی سروشتی ناسراوه بۆ پارێزگاری له ناوچه‌ی سلێمانی، له پێش هاتنی عیساوه هه‌ر قاپی ناوچه‌ی کوردستان بووه، به قاپی سلێمانی داده‌نرێت و بگره ده‌رگای سه‌ره‌کییه‌تی و یه‌که‌م رێگه‌ی سه‌ره‌کی که له رۆژئاواوه بۆ ناو شاری سلێمانی دێت ده‌ربه‌ندی بازیانه و هه‌ر له‌شکرێك لێره‌وه سه‌رنه‌که‌وێت ناتوانێت ده‌ست به‌سه‌ر لیوای سلێمانیدا بگرێت، تۆفیق وه‌هبی، مێژوونووس ده‌ربه‌ندی بازیانی به ده‌روازه‌ی کوردستانی ناوه‌ڕاست داناوه، ئه‌م ده‌روازه‌یه سه‌نگه‌رێکی گرنگ بووه له ستراتیژی هه‌موو ئه‌و شه‌ڕوشۆڕانه‌ی به درێژایی مێژوو له‌م ناوچه‌یه روویانداوه.
له پێش زاینه‌وه شووره‌یه‌ك له‌لایه‌ن کورده‌وه له ده‌ربه‌ندی بازیان دروستکراوه بۆ ئاسانی به‌رگریکردن له هێرشی داگیرکه‌ران، چه‌ندین جار ئه‌م شووره‌یه له‌لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه رووخێنراوه، به‌ڵام دووباره کورده‌کان دروستیان کردۆته‌وه.
ئه‌م ده‌ربه‌نده له مێژوودا زۆر رۆڵی گرنگی بینیووه له رێکخستنی به‌رگریکردن دژی ئه‌و هێرشانه‌ی له رۆژئاواوه ده‌هاتن، وه‌ك: به‌رگریی لۆلۆییه‌کان له ساڵانی (860 – 855پ.ز) دژی هێرشی ئاشوورییه‌کان به فه‌رمانده‌یی ئاشورناسرپاڵ بۆ سه‌ر وڵاتی زاموا، شه‌ڕه‌کانی ئه‌وڕه‌حمان پاشای بابان له سه‌ده‌ی نۆزده دژی هێرشی عوسمانییه‌کان، شه‌ڕی هۆزی هه‌مه‌وه‌ند دژی عوسمانییه‌کان، شه‌ڕی ده‌ربه‌ندی بازیان له‌لایه‌ن شێخ مه‌حموده‌وه دژی ئینگلیز، ده‌ستپێکردنی شۆڕشی ئه‌یلول، کاتی کۆڕه‌وه‌که ساڵی (1991) و چه‌ندین شه‌ڕ و داستانی دیکه.
*سه‌رچاوه/ کتێبی: بازیان مێژوو و گه‌شه‌سه‌ندنی، نووسینی: کاروان محه‌مه‌د و یاسین ئه‌حمه‌د