کاریگەریی سایکۆلۆژیی رەنگەکان

12:23 - 2022-06-19
دووتوێ
575 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین

لێکۆڵینەوە لە کاریگەریی رەنگەکان بەسەر دڵ و دەرون پێی دەڵێن سایکۆلۆژی رەنگەکان، بۆ نموونە رەنگی سور وا دەکات دڵ خێراتر لێبدات، بەڵام رەنگی سەوز وا دەکات تێبینی بەهێز بکات و مرۆڤ ئارام بکاتەوە، سپی واتە کرانەوە و روناکی، زاناکان سەلماندویانە کە رەنگەکان بەخێرایی کاردەکەنە سەر دڵ و دەروون و گۆڕانکارییەکانی سەر مرۆڤ،  سوور باوەکان کە بەڕەنگی گەرم ناسراون وەک زەرد و نارنجی سیفاتی توند و توڕەیی و رقیان تێدایە  شین باوەکانیش کە رەنگە ساردەکانن وەک شینی کاڵ و مۆر و سەوز سیفاتی هێمنی و ئارامی دروست دەکەن، ئەو حاڵەتانەش لە رێگەی چاو بۆ خانەکانی مێشک دەگوازرێتەوە و لەوێش بەپێی جۆری رەنگەکە جۆرەکانی هۆرمۆن دەڕژێنێ و کاریگەریی لەسەر جەستەی مرۆڤ دروست دەکات.
رەنگی سوور
شەپۆڵێکی درێژ و خێرای هەیە، زوو سەرنجی خەڵک رادەکێشێ و بۆ وریاکردنەوە و توندوتیژی و مەترسییەکان بەکاردێت، گوزارشت لە بەهێزی دەکات، ئەو گۆڕانەی ئەو رەنگە دروستی دەکات بریتییە لە تامەزرۆیی خواردن، مانای تۆڵە و توڕەیی دەگەیەنێت، هەر بۆیە ئەوانەی کە توڕەدەبن بەهۆی کۆبوونەوەی رێژەیەکی زۆری خوێن روخساریان سوور هەڵدەگەڕێت، ئەوانەی حەزیان لە جلوبەرگی سورە، کەسانی خۆ بەزل زانن و حەزدەکەن هەر براوەبن بەتایبەتیش لە یاریە وەرزشییەکان و ململانێکاندا.
رەنگی رەش
بۆ هەندێک کەس ئەو رەنگە گوزارشت لە توانا و پتەوی و کەسایەتی بەهێز و متمانە بەخۆبوون دەکات، بۆیە مارکە نایابەکانی جلوبەرگ وەک Chanel ، Tiffany & Co دروشم و لۆگۆکانیان لەو رەنگەیە، لە هەمانکاتدا مانای مەرگ و خەراپەش دەبەخشێت، بۆیە لەکاتی پرسە و بۆنە خەفەتبارەکاندا بەکاردێت و لایەنی شەڕیشی تێدایە بۆیە دز و پیاو خراپان دەمامکی لەو رەنگە دەپۆشن.
 رەنگی سەوز
ئارامکەرەوەی دەروونی مرۆڤە بۆیە کاتی بێتاقەتی هەوڵ دەدەین بچینە ناو سروشتی سەوز و جوان، زۆرێک لە هۆتێل و چێشتخانەکان بە مانای پشوودان بەکاری دەهێنن، هیوا و ئاواتی بەدواوەیە و داهێنانی مرۆڤ زیاد دەکات، پزیشک و پەرستاران لەکاتی نەشتەرگەرییەکان جلەکانیان لەو رەنگە لەبەر دەکەن تا نەخۆش هیوای چاکبوونەوەی لا دروست ببێت، خۆشەویستی وتەبایی و پێکەوەیی و ئاسۆی روونی بەدواوەیە.
رەنگی شین
شایستە و نایابە، کەسایەتی مرۆڤ بە‌هێز دەکات بەتایبەتی بۆ پیاوان، کۆمپانیاکان بە مانای راستگۆیی و متمانە بەکاری دەهێنن، فشاری خوێن نزم دەکاتەوە بۆیە کارمەندانی زۆر لە نەخۆشخانەکان جلی لەو رەنگە لەبەردەکەن، هەروەها زەرد رەنگێکی کاریگەری سەرنجراکێشە، گوزارشت لە هیوا و ئاوات و خۆشی دەکات، زۆجاران لە کۆمێدیا ئەو رەنگە بەکاردێت بەمانای پێکەنین.
رەنگی سپی
رەنگێکی کراوە و هیوابەخشە، گوزارشت لە پاکی و بێگەردی و سادەیی دەکات، ئاشتی و ئارامی و هێوریی دەگەیەنێت، رووبەری ئەو رەنگە لەوانی تر پانترە و گەرمی هەڵدەمژێت، هیوای متمانە و چاکبوونەوە دەداتە نەخۆش، گوزارشت لە ئاشتی و تەبایی و پێکەوەژیان دەکات.

سەرچاوە: Science Daily

بابەتە پەیوەندیدارەکان