چۆن ژینگەکەمان بپارێزین؟

12:30 - 2022-06-19
دووتوێ
2888 جار خوێندراوەتەوە

كەشتی نوح

لەگەڵ ئەو دۆخە خراپەی ژینگە بەخۆیەوە دەیبینێت، پێویستە چەند رێوشوێنێک بیگیرێتە بەر لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگە بۆ پاراستنی ژینگە، لەوانەش: 
لەسەر ئاستی تاک
1-
کەمکردنەوەی قەبارەی خاشاکەکان
کەسەکان دەتوانن لەکاتی چوونە دەرەوەیان بۆ سەر کار و گەڕانەکانیان لە بری بوتڵی پلاستیک، بوتڵی شووشە بۆ ئاو خواردنەوە یان هەر شلەمەنیەکی تر بەکاربهێنن کە دەتوانرێت بۆ ماوەیەکی درێژ سوودی لێوەربگیرێت، بەمەش دەتوانرێت ساڵانە (٢٦٠٠) بوتڵی پلاستیک کەمتر لە ژینگەدا فڕێ بدرێت.
2-بەکارهێنانی کیسەی لە قوماش دروستکراو 
هەموان دەتوانن لەکاتی چوونە بازاڕ لەبری کیسەی نایلۆن، کیسەی قوماش بەکاربهێنن کە زیاتر بەرگە دەگرێت و بۆ چەند جارێک بەکاردەهێنرێت.
3-دووبارە بەکارهێنانەوە
 ئەم رێگەیە شێوازێکی گرنگە بۆ گۆڕینی کەلوپەلە کۆنەکان بۆ کەلوپەلێکی نوێ و جوان. 
4- فڕێنەدانی خواردن
پاراستنی ژینگە بە تەنها لایەنی فڕێدانی خاشاک و پاشماوە پلاستیکی و کاغەزییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو پاشماوە خۆراکییانەش دەگرێتەوە کە لە پێویستی مرۆڤەکان زیاترە و چارەنووسیان بۆ تەنەکەی خۆڵەکانە، بەپێی راپۆرتی  پسپۆڕانی ژینگە ساڵانە سێیەکی ئەو خۆراکانەی بەرهەم دەهێنرێن بەفیڕۆ دەچن، بۆیە پێویستە ئەو خۆراکەی لە ژەمێک زیادە، فڕێ نەدرێن و لە شوێنی گونجاو دابنرێن و لە ژەمی دواتردا سوودیان لێ ببینرێت، هەروەها سوود لە پاشماوە ئەندامییەکانیش وەربگیرێت و بکرێتە پەیین بۆ رووەکەکان.
5-دەستگرتن بە ئاوەوە
پێویستە هەموان لەسەر ئەوە رابهێنرێن بەشێوەیەکی ژیرانە سوود لە ئاو ببینن و چەند هەنگاوێکی سادە بۆ دەستگرتن بە ئاوەوە فێرببن، لەوانەش چاککردنەوەی ئەو بۆرییانەی کە ئاویان لێدەچێت و دوورکەوتنەوە لە بە هەدەردانی ئاو بۆ کاری ناپێویست و ئەو کاتانە ئامێرەکانی جلشتن و قاپشتن دابگیرسێنن کە زۆر پێویستە، هەروەها نەڕشتنی رۆنی ئۆتۆمبێل و هەندێک مادەی کیمیایی تر و پاشماوەی ئاژەڵە ماڵییەکان و ئاوی پیس لەسەر جادە و شۆستەکان، چونکە ئەو مادانە تێکەڵ بە ئاوەڕۆ دەبن و دواتریش دەچنە رووبار و چەمەکانەوە و پیسی دەکەن.
6-بەپێ رۆیشتنی زیاتر 
هەموان دەتوانن لەبری بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل بەپێ بڕۆن بۆ ئەو شوێنانەی نزیکن و لەگەڵ هاوڕێکانیان رێکبکەون بۆ سەرکارو خوێندنگە هەرجارە و  یەکێکیان ئۆتۆمبێلەکەی بەکاربهێنێت و زۆرترین سود لە هۆیەکانی گواستنەوەی گشتی وەربگیرێت.
 باشتریشە لەکاتی کڕینی شتومەک و کاڵاکاندا ئەو شتانە بکڕدرێن کە کەمترین زیانی بۆ ژینگە هەیە و هاوڕێی ژینگەیە. 
7-رواندنی درەخت 
 درەخت جگە لەوەی سەرچاوەیەکی گرنگی ئۆکسجینە، یارمەتی پاککردنەوەی هەوا دەدات و رێگری لە پیسبوونی ژینگە دەکات، باشترە بۆ هەر یاد و بۆنەیەک چەند درەختێک لەو شوێنانە بڕوێنرێن کە روتەنن و باشتریشە کەمترین پەینی کیمیاوی بەکاربهێنرێت، چونکە فۆسفۆڕ و نایترۆجینیان تێدایە کە هەردوکیان دوو مادەی زیانبەخشن بۆ ژینگە.
8-کاری خۆبەخشی 
 پێویستە هەموو تاکێک ئەو لە خۆبردووییەی هەبێت ببێتە ئەندامی ئەو رێکخراوانەی ئامانجیان پاراستنی ژینگەیە و لەم رووەوە کاری خۆبەخشی بکات و بەشداربێت لەو هەڵمەتانەی بە مەبەستی پاککردنەوە و چاککردنەوەی ژینگە رێکدەخرێن.
لەسەر ئاستی حکومەتەکان بەکارهێنانی سەرچاوەی وزەی نوێبووە وە
پێویستە حکومەتەکان هەوڵ بدەن  بۆ بە دەستهێنانی وزە سوود لە سەرچاوەکانی (با و تیشکی خۆر)وەرگرن لە بەرهەمهێنانی کارەبادا، چونکە ئەو سەرچاوانە پاکن و  دیاردەی قەتیسبوونی پلەی گەرمای گۆی زەوی کەمدەکەنەوە.
حوکمەتەکان دەتوانن بۆ پاراستنی ژینگە چەند یاسایەک دەربکەن کە سەرجەم چالاکییە مرۆییەکان بگرێتەوە کە پاشهاتی مەترسیداریان بۆ ژینگە هەیە ، وەک یاسای پاراستنی کوالێتی هەواو و پیس نەکردنی ئاو و سنوردارکردنی پاشەڕۆ مەترسیدارەکان و بەرهەمهێنانی پەینی کیمیایی، هەروەها چەند سیاسەتێک دابڕێژن وەک دانانی کۆتوبەند لەسەر دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کە هۆکاری سەرەکی قەتیسبوونی گەرمای زەوییە و زیادکردنی بودجەی حکومەت بۆ سیستمەکانی جێگرەوەی وزە بە مەبەستی هاندانی بەکارهێنانی وزەی پاک و هاوئاهەنگی کردن بۆ پاراستنی شوێنەکانی هەمەجۆری بایەلۆژیی.

 سەرچاوە: Google

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان