هەڵبژاردن، لە بیرو ئەزموونی یەكێتیدا..

09:45 - 2024-06-24
کوردستان
333 جار خوێندراوەتەوە

  هه‌ڵبژاردن، ته‌نیا به‌ند نییه‌ به‌ مانایه‌كی ره‌مزییه‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی گه‌له‌، ته‌نیا گوزارشت نییه‌ له‌ به‌های به‌شداریی سیاسی، هه‌ر به‌ ته‌نیا نوێكردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تیش ناگرێته‌وه‌‌. ئه‌و فه‌لسه‌فه‌ سیاسییه‌ی كه‌ دیموكراسیی داهێنا، كه‌ یه‌كێك له‌ پایه‌كانی، هه‌ڵبژاردنه‌، كۆمه‌ڵێك چاره‌سه‌ریشی پێیه‌ بۆ ئه‌و ململانێ سیاسی و كۆمه‌ڵگه‌ییانه‌ی كه‌ له‌ناو هه‌ر میلله‌تێكداو له‌ ماوه‌یه‌كی مێژووییدا، دێنه‌كایه‌وه‌.
  یه‌كێك له‌و چاره‌سه‌رانه‌، جڵه‌وكردنی دووبەرەکیی گوتاره‌كانی پڕوپاگه‌نده‌ی سیاسییه‌‌ له‌ دژی یه‌كتر، ده‌سه‌ڵات ده‌رهه‌ق به‌ ئۆپۆزسیۆن و ئه‌ویش له‌دژی ده‌سه‌ڵات، پارتی راستڕه‌و له‌ ئاست هێزی چه‌پڕه‌وداو پێچه‌وانه‌كه‌ی، رووناكبیران به‌ڕووی كایه‌ی سیاسی و فه‌رمانڕه‌واییدا و سیاسه‌تمه‌دارانیش به‌رامبه‌ر به‌ به‌شێك له‌وان، رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تداو ده‌وڵه‌تیش له‌دژی به‌شێك یان زۆر‌یان، له‌ هه‌مووشیان زه‌قتر پڕوپاگه‌نده‌ی به‌رده‌وامی نێوان پارته‌ سیاسییه‌كان خۆیان له‌ پێناوی گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات یان مانه‌وه‌ تێیدا.
  كه‌(ی.ن.ك) له‌ سه‌ره‌تای هاوینی(1991ز)دا له‌ سوودی دانوستانی به‌ره‌ی كوردستانی له‌گه‌ڵ به‌عس(1968-2003ز) نائومێد بوو، له‌ بری بژارده‌ی توندوتیژی و جه‌نگی بێهوده‌، بیرۆكه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتی خستەڕوو كه‌ یه‌كسان بوو به‌ سه‌ره‌تای گێڕانه‌وه‌ی به‌ها بۆ ئیراده‌ی شارستانییانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی، به‌تایبه‌تی دوای كشانه‌وه‌ی ئیداراتی رژێم له‌ هه‌رێمی تازه‌ ئازادكراودا. ئه‌م بژارده‌یه‌ چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی بوو بۆ زۆر پڕوپاگه‌نده‌ی سیاسیی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له نێوان لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كاندا، كرۆكی چاره‌سه‌ره‌كه‌ش یه‌ك رسته‌ بوو‌‌: كێ له‌سه‌ر هه‌قه‌‌، با میلله‌ت بڕیار بدات. به‌تایبه‌تی كه‌ ململانێ و پڕوپاگه‌نده‌كان له‌دژی یه‌كتر كۆتاییان نایه‌ت و ده‌بێ مه‌رجه‌عییه‌تێك هه‌بێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌.
  حزبێك، به‌و فه‌لسه‌فه‌ سیاسییه‌وه‌، بناغه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵیی مێژووی نوێی نه‌ته‌وه‌ی كورد داڕشتبێت و هه‌ر خودی گه‌لیشی كردبێته‌ سه‌نگی مه‌حه‌ك، له‌ هه‌ڵبژاردن ناترسێت. یه‌كێتی ده‌ورانێك له‌‌(50) كورسیی په‌رله‌مانییه‌وه‌‌ هاته‌سه‌ر‌(18) و ئه‌نجامه‌كانیشی قبوڵ بوو، رێزیشی له‌ ئیراده‌ی گه‌له‌كه‌ی خۆی گرت و بیانووی ئه‌وه‌ی نه‌بوو كورسیی كه‌م ببێته‌وه‌ هه‌ڵبژاردن بایكۆت ده‌كات!، بۆیه‌ له‌مڕۆشدا به‌ هه‌مان باوه‌ڕه‌وه‌ درێژه‌ی پێده‌دات، خۆ ئه‌گه‌ر هێزی تر به‌ هه‌ڵكشان و داكشانێك له‌ پێگه‌ی خۆیدا كه‌ زاده‌ی ئیراده‌ی گه‌ل بێت، رازی نابێت‌، ئه‌وا خۆی به‌رپرسیاره‌. هه‌رچیی یه‌كێتییه‌، ئه‌وا كوردستان و ئیراده‌ی كوردستانییانی، به‌ هه‌موو هه‌ڵكشان و داكشانه‌كانی پێگه‌ی خۆیه‌وه‌‌، قبوڵه‌، له‌به‌رامبه‌ردا‌ له‌هیچ هێزێكیشی قبوڵ ناكات له‌ بری هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و هێزه‌ سیاسییه‌كانی، بڕیار له‌ پرسه‌ نیشتمانی و چاره‌نووسسازه‌كان بدات، به‌ڵكو به‌رده‌وام داوا ده‌كات هه‌ماهه‌نگی و دیالۆگ و لێكگه‌یشتن و یه‌كڕیزیی نیشتمانی هه‌بێت.  

#سەروتار

بابەتە پەیوەندیدارەکان