ستراکتۆرەکانی رای گشتی

11:36 - 2022-06-20
دووتوێ
589 جار خوێندراوەتەوە

رەنگین عەبدوڵڵا

هەر کاتێک بمانەوێ دەربارەی فەزای گشتی یاخود رای گشتی قسە بکەین پێویستمان بە تێگەشتنێکی قووڵی فەلسەفی و میتۆدۆلۆژی هەیە. لەبەرئەوەی فەلسەفە یارمەتیمان دەدات بە شێوەیەکی ئۆریژیناڵ بیربکەینەوە و میتۆدۆلۆژیش وەک خوێندنەوەی تیۆری و مەیدانی دیاردەکان، یاخود دروستکردنی فەزای نوێی بیرکردنەوە هەتا هزر ببێتە پرەنسیپ بۆ رای گشتی.

باسێکی کۆنی نوێ
بە درێژایی مێژوو گفتوگۆ و دیبەیتی قووڵ لە نێوان شەقام و دەسەڵات، رای گشتی و ئایین و نۆرمەکانی هەبووە، رەنگە جامە ژەهرەکەی سوقرات سەرەتای دۆزینەوەی میتۆدۆلۆژییەکی روون بێت دەربارەی رای گشتی و فەلسەفە، بەڵام ئەوەی وەک ئاڵۆزییەکی ناکاو دێت و کۆی رووداووەکان ئاوەژوو دەکاتەوە دەیەوێ سەرەتا بابەتێکی سەتحی بکاتە زانیاری و روداوێکی نەشیاوی لێ بسازێنێت و دەرخواردی رای گشتی بدات، لێرەوە رای گشتی کە سەر بە هیچ یاسا و رێسایەکی نووسراوی زەمینی و ئاسمانی نییە دێت و کۆی کێشەکانی مەعریفە و دەسەڵات، دادگا و دەستوور، ئایین و ئیماندار، حزب و دەنگدەر دەکاتە بابەتی سەرگەرمی خۆی، بەبێ ئەوەی بچووکترین زانیاری وردی لەسەر ریشەی ماف و ئەرک و دەقە دەستووری و یاساییەکان هەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوەی وا دەکات شەقام و رای گشتی بە درێژایی مێژوو لەناو چەقی بڕیارەکاندابن ئەو ناکۆکییە خورافییەیە لە نێوان ئاینەکان و پاسەوانەکانی، دادگا و سەربازەکانی، حزب و هەوادارەکانی دێتەئاراوە. گوتەیەکی کۆنی ئەڵمانەکان هەیە کە پێێوایە؛ هیچ ئاین و فەلسەفە و تێزێکی سیاسی ناتوانێ بسەلمێنرێ ئەوکاتە نەبێت لەلایەن رای گشتییەوە تەبەنی دەکرێت. واتە فەزای گشتی دەبێتە شوێنی ساغکردنەوە و سەلماندنی کۆی نەخشە و پلانە باش و مەترسیدارەکان، لە فەزای گشتیدا کۆی نۆرمەکان و نەریتە فەلسەفی و ئاینییەکان مەغزایەکی دیکە بۆ روانین و بیرکردنەوە و قبووڵکردن وەردەگرن، چیتر هیچ بابەتێکی سیاسی و فەلسەفی و ئاینی بە تەنها ناتوانن هەژموونی خۆیان بەسەر کۆی روداوەکانەوە دابنێن، بەڵکو ئەوە فەزای گشتی و رای گشتییە مانا و روانینی نوێ بۆ روداوەکان و بابەتە هەستیارەکان دادەنێت.

یەکێک لەو گرفتە قووڵانەی لە هەرێمی کوردستان لە نێوان دەسەڵات و رای گشتی بەدیدەکرێ پێوەندی بەو خاڵەوە هەیە کە رای گشتی و دەسەڵات نەیانتوانیوە دەستیان لەدروستکردنی ستراکتۆرە فیکرییەکانی یەکتردا هەبێت

هابرماس، فەیلەسوفی ئەڵمانی، لە ریزبەندنی فەیلەسوفە یەکەمینەکان بوو کە توانی تیۆرییەک دەربارەی رای گشتی دروست بکات. لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا هەوڵی دەدا وەڵامی ئەم پرسە بداتەوە: چۆن رای خەڵک دروستبوو؟ لەلای هابرماس رای گشتی لەو چرکەساتەوە فۆڕمەڵە بوو کە توانایی و هێزی خۆی سەلماند یان دەست بەسەراگرتنی ئەو شوێنە گشتییانەی کە جێگای گفتوگۆی کراوەن و دەوڵەت دەسەڵاتی بە سەریاندا ناشکێ، بەڵام خەڵکانیتر ویستویانە ئەم شوێنانە بقۆزنەوە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریانبێهنن. ئەمجۆرە بابەت و هزرانە هێشتا هەن و کۆتاییان پێ نەهاتووە. هابرماس دەیگوت؛ ئەگەر شوێنە گشتییەکان دووچاری ئالودەبوون و ژەهراوی بوون بوونەوە دەبێت لە نەفس و عەقڵی پیس پاک بکرێنەوە، نابێت رێگە بدەین خەڵکانی ساختەچی و فریودەر گفتوگۆکان بە ئاقارێکی خراپدا بەرن و فەزای گشتی بۆ شێواندنی رای گشتی بەکاربهێنن، ئەمەش لە حاڵێکدا دێتەدی کە میدیا رۆڵی راستەقینەی خۆی ببینێ، هەرکەس ئەرکی خۆی مومارەسە بکا و نەکەونە نێو گەمارۆی شتی سەخیف و بێماناوە. وێڕای ئەوەش دەوڵەتمەدارەکان دەبێت نموونەی جوان و بابەتی گرنگ نیشانی خەڵکی بدەن، ئەمەش گرەوێکی سەردەمیانەیە. تەنها چارەسەر ئەوەیە هەموو کەسێک هەست بە دەردەکە بکات و هەوڵی چارەسەری بدات. هابرماس لێرەوە بانگەواز بۆ قەڵاچۆکردنی فەزای گشتی و رای گشتی ناکات، بەڵکو دەیەوێ دوو کێشەی قووڵ لێک جوودابکاتەوە. گرفتی یەکەم؛ جیاکردنەوەی فەزای گشتی لە گوتارە سیاسییە ئامانجدارەکان، واتە هێزێکی پۆپۆلیستی یاخود فیودالی کەدەیەوێ بۆ ئەجێندایەکی تایبەت رای گشتی و فەزای گشتی بەکاربهێنێت بێ ئەوەی گوێ بەو لادان و بەربەریزمە بدات کە لە ئەنجامی ئەو دیبەیتە ناعەقڵانی و تێکدەرانەیەوە دێتەکایەوە. گرفتی دووەم؛ ئەرکدارکردنی میدیا بە جۆرێک کە نەکەوێتە ژێر هەژموونی ئایدیۆلۆژیا و بیرکردنەوە نا عەقڵانییەکانەوە.
جێگای خۆیەتی تیشک بخەینە سەر بەشێک لە تیۆرییە فەلسەفییەکانی ئەفلاتونی گریکی. ئەو لە کۆمارەکەیدا بە وردی و هەستیاری درکی بەو گرفتانە کردووە، ئەفلاتون زۆر گومانی لە بۆچوونی ئەوانیتر هەبوو، چونکە بۆچوونی ئەوانیتر لە توانایدا نییە گرفتی خەڵکی چارەسەر بکات، ئەفلاتون لە کۆمارەکەیدا دەڵێت؛ بۆ ئەوەی وڵاتێک بەڕێوەبەریت دەبێت لەو بوارەدا بە تەواوەتی شارەزا و ماهیر بیت و زانیاری زۆرت لەسەری خۆت بارکردبێ. زانیاری لە قۆناغی پەروەردەوە دروست دەبێت تا گەیشتن بە دوا ترۆپکی ژیری، لەم روانگەیەی ئەفلاتونەوە ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە بە تەنها فەیلەسوفەکان و پسپۆڕەکان دەتوانن شار و وڵات بەڕێوەبەرن. ئەم بۆچوونەی ئەفلاتون بەڕوونی دیارە کە دژایەتی سیستمی دیموکراسی مۆدێرن دەکا، وەک چۆن پێشتر دژایەتی ئایینی سەردەمی خۆی دەکرد، ئەو پێمان دەڵێت؛ دەبێ خۆمان لە سۆفیستەکان بەدووربگرین، چونکە هەوڵدەدەن خۆشەویستی خەڵک بەدەستبێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان. ئەفلاتون پێمان دەڵێت؛ راستی لای زۆرینە نییە، بەڵکو لای پسپۆڕەکانە، ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت لەڕێگەی بەرهەمهێنانی ترس و تۆقاندنەوە ئیدارەی وڵات بکەن ئەو کەسانەن کە گرنگی بە چاکەی گشتی نادەن. بێگومان هەموو بیرو هزرێکی نوێ ئەگەر لەپێناوی چاکەی گشتی و بۆ کۆمەکێکی عەقڵانی دروست نەبێت زەرەر بە فەزای گشتی دەگەیەنێت، لای ئەفلاتون مامەڵەکردن لەگەڵ رای گشتی هێندەی پرسی دەوڵەتداری پێویستی بە تێگەشتن و وردەکاری هەستیار هەیە، لای ئەفلاتون دادپەروەری و چاکەی گشتی ئیلهام لە فەزای گشتییەوە وەردەگرێت. ئەگەر رای گشتی لە دیبەیت و بیرکردنەوە و تێگەیشتی قووڵ و پرسە گرنگ و چارەنوسسازەکاندا نەبێ، ئەوە بێگومان فەزای گشتی بەرەو پیس بوون و بۆگەنبوون دەڕوات. واتە فەزای گشتی دەبێت بە شوێنی ساغکردنەوە و بێ نرخکردنی هەموو کاڵا ئەخلاقی و سیاسی و ئاینی و ئایدیۆلۆژییەکان هۆکاری ئەم داڕزانە ناعەقڵانییەش بۆ کۆنترۆڵکردن و ئاڕاستەکردنی فەزای گشتی دەگەڕێتەوە کە یاسا و رابەر و نەریتی نییە.

پەندێک بۆ دنیای ئەمڕۆ
ئەوەی روونە ئەوەیە کە زۆربەی فەیلەسوفەکانی چاخی کلاسیک و مۆدێرن بە ئەندازەی کافی تێگەشتنیان دەرباری رای گشتی و فەزای گشتی لێک نزیک دەبنەوە، ئەو تێزەی کە دەڵێ وڵاتێک دەبێت لە ژێر دەستی زۆرینەدا بێت بیرکردنەوەیەکی ناتەندروستە لای ڤۆڵتێر، لە نێو فەڕەنسای جاراندا چینی دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکان وڵاتیان بەڕێوە دەبرد، نەک زۆرینەی خەڵک، ئایا نموونەیەکتان دەوێت؟ لە ساڵی 1762 پەرلەمانی تۆلۆز ژان کالاس رەوانەی مردن دەکات، ئەم پیاوە دەیویست کوڕەکەی خۆی بەبیانوی بیروڕای ئاینییەوە لەناوبەرێت، چونکە خۆی پرۆتستانت بوو کوڕەکەشی دەیویست پەیڕەوی لە مەزهەبی کاتۆلیک بکات. ڤۆڵتێر وەک گەورەترین نوسەری ئەوروپا زەندەقی لەم بابەتە چوو بوو، دەیویست بە هانای باوکەکەوە بێت، بەڵام چۆن وا لە خەڵک بکات گوێڕایەڵی بن؟ ڤۆلتێر دەکەوێتە بیرکردنەوەی قوڵەوە چۆن بتوانێت دەست بەسەر فەزای گشتیدا بگرێ و رای گشتی بجوڵێنێت، دەست بەنووسین دەکات و سەبارەت بە دادپەروەری و چاکەی گشتی نووسینی زۆری بڵاوکردەوە، تا ئەو جێگایەی وەزیرەکان و کاربەدەستەکانی دەوڵەتیشی هێنایە ناو ئەو دیبەیتە فەلسەفییەی کە خۆی دەیویست وەک چاکەی گشتی بیکات بە ماڵ بەسەر رای گشتییەوە. راستەوخۆ نووسین و بۆچوونەکانی خۆی بۆ وەزیرەکان و بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەت دەنارد تا چارەی دۆخەکە بکەن، ئەم نووسەرە لە سەر حەق بوو، توانی بە هۆی نامەکانییەوە لێخۆشبوون بۆ کالاس دەستەبەر بکات، چونکە لەڕاستییدا تەواوی چیرۆکەکە هەڵبەستراو بوو، کاڵاس هیچ تاوانێکی نەکردبوو. بۆیە ڤۆڵتێر لەڕێگای بیرکردنەوە عەقڵانییەکانی خۆیەوە توانی رێگا لەوە بگرێت رای گشتی بخرێتە خزمەتی ئەجێندا و بیرکردنەوە سەفسەتییەکانەوە کە دەیانویست رای گشتی بۆ خراپەکاری بەکاربهێنن. نابێ بیرمان بچێت کە فەیلەسوفی دانیمارکی سۆرێن کیەرکێگۆر لە کتێبی (ئەبستراکتی شێتانە) سێ خاڵی گرنگی دەرباری رای گشتی دیاریکردبوو. کرۆکی فەلسەفەی ئەم پیاوە دانیمارکییە ئەوەبوو کە زۆر رەخنەی لە سەردەمەکەی خۆی دەگرت، رەنگە لە سەردەمی ئێمەش بووایە بە هەمان میتۆد ئیشی بکردایە، لای ئەم پیاوە خەڵک هەڵگری سێ خاڵی لاوازن، هەر ئەم سێ خاڵە رێگرە لەوەی بتوانن دروست بیربکەنەوە:
یەکەمینیان/ بەخشینەوەی زانیاری بەشێوەی راستەوخۆ بەوانیتر وا دەکات باوەڕ بە هەموو شتێ بکەن و لە دونیا دووربکەونەوە. زیاتر مەستی ئەو ئیقاع و ریتم و راژەیەبن کە ماندوویان ناکا بۆ بیرکردنەوەی. ئەوەی بابەتی سووک و ئاسان بێ بۆ رای گشتی جێگای گرنگییە ئەگەر وابێ بەخشینەوەی زانیاری بێ بنەما و ئاسان یەک لەو خاڵە نێگەتیڤانەیە کە دەکرێ لەڕێگایەوە کۆمەڵگەکان و رای گشتی گومڕا ببێت.
دووهەمینیان/ هەندێ کات دەنگی رۆژنامەنووسەکان دێتە پێشەوە کە ئەوانیش وەک ئەوانیتر بێئاگان لە دروستی بابەتەکان. رۆژنامەنووس و میدیا و ئەهلە سەر گەرمەکەی کەمتر بەدوای زانیاری سەلمێنراودا دەڕۆن، ماندوو نابن بە بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییانەی دەکرێ فەزای گشتی بشێوێنێ، هەر شتێک جێگای دروستکردنی فەوزا و شڵەقاندن بێ لای ئەم تایپە جێگای گرنگییە، بە گشتی ئەو ئەم تایپە لە میدیاکار و رۆژنامەنووس دەیکەن هەوڵێک نییە بۆ خزمەتی چاکەی گشتی، ئەگەرنا دەکرا هۆشیاری و رۆشبیری فەزای گشتی لەگەڵ کۆی روداوە سیاسی و ئاینی و فەلسەفییەکاندا بچێتە پێشەوە، بەڵام وەک تێبینی دەکرێ هەمیشە فەزای گشتی شوێنی یەکلایی کردنەوەی کێشە و گرفتە قووڵەکان بووە، هەندێجار رای گشتی دەتوانێت تەنانەت فەزا سیاسییەکانیش هەڵگێڕێتەوە، بەڵام ناتوانێ هەڵگری تاکە فۆرمێکی خالسی بیرکردنەوەی پەتی بێت. گرفتەکان لێرەوە ئاڵۆز دەبن و قەیرانی بیرکردنەوە لەنێوان رای گشتی و هێز و دەسەڵاتە گەردوونی و بان گەردوونییەکان دروست دەبێت. لێرەوە بەزەرورەت ئەوەی وەکو زانیاری و مەعریفە بڵاودەکرێتەوە ئەگەر توانای سەلماندنی تێزە فیکرییەکانی بە شێوەیەکی عەقڵانی نەبێت، ئەوە لای کیەرکێگۆر فەزای گشتی تووشی شڵەژان و بێباکی دەکات.
سێهەمینیان/ دروستکردنی ئەم دەنگە دەنگ و باسانە وادەکات خەڵک لە سیاسەت دووربکەوێتەوە. لای کیەرکێگۆ سیاسەت مەساحەیەکی گەورەی لە فەزای گشتی و رای گشتی داگیرکردووە. بە بڕوای ئەم بیرمەندە سیاسەت تەنها رێگای پێکەوە ئیشکردنی رای گشتی و عاقڵەکانی وڵاتە، ئەوانەی سیاسەت دەکەن دەبێت بە زەرورەت خەڵکانی عاقڵ و خاوەن مەعریفەبن. لێرەوە مەعریفە و سیاسەت دەتوانن لەپێناوی بەدیهێنانی فەزایەکی تەندروستی گشتی چالاک پێکەوە بیربکەنەوە و وەڵامی پرسیاری یەکتر بدەنەوە. لای کیەرکێگۆر سیاسەت و سیاسییەکان بێزراو و قبووڵ نەکراو نین، بەڵکو ئەوە ئاڕاستە فیکرییە ساختەکانن دێن و رای گشتی دەربارەی سیاسەت و پیاوانی دەوڵەت دەجووڵێنن و کۆی سیستمی گۆڕانکاری لە وڵات دەخەنە بەردەمی مەترسی گەورە و تاریک و ئەبستراکتەوە. لای ئەم فەیلەسوفە دانیمارکییە میدیا دەتوانێت رۆڵێکی خراپ و رۆڵێکی ناشرین بگێڕێت. میدیا دەبێتە داینەمۆ و بزوێنەری بۆچوونی سادە و سەتحی خەڵک، هەر ئەمەشە دەبێتە هۆکاری دوورکەوتنەوەی خەڵک لە کۆی بابەتە هەستیار و ئینسانییەکان لە نێوان رای گشتی و هێزە جڤاکییەکان و دەوڵەتدا. 

رای گشتی لەهەرێمی کوردستان هێشتا ناتوانێ تەعبیر لە خۆی بکات، هێشتا هێزی دەستبردنی بۆ بابەت و گرفتە راستەقینەکان نییە. لەبەرئەوەی سۆسیال میدیایەکی بێخاوەن و شوناس ئەم جیهانە بەڕێوە دەبات

رای گشتی لە کوردستان
بێگومان یەکێک لەو گرفتە قووڵانەی لە هەرێمی کوردستان لە نێوان دەسەڵات و رای گشتی بەدیدەکرێت پێوەندی بەو خاڵەوە هەیە کە رای گشتی و دەسەڵات نەیانتوانیوە دەستیان لەدروستکردنی ستراکتۆرە فیکرییەکانی یەکتردا هەبێت. لەڕووی یاسایی و دەستووریشەوە هیچ زەمینەسازییەکی عەقڵانی نەکراوە بۆ ئەوەی فەزایەک بێتەئاراوە کە تێیدا هۆشیاری دەستووری و ئینتیمای نیشتمانی و ئەمنی قەومی خۆمان لە هەموو شت گرنگتر ببینین. ئەو چەمک و دەستەواژە سیاسی و فەلسەفییانەی وەک گوتاری سیاسی و رێکخراوەیی بەکارهێنراون کەمترین ئاستی رۆشنبیری و فکری لەگەڵدا نییە. شەقام و رای گشتی پێویستی بە ئاڕاستەکردن و پەروەردە کردن هەیە. بۆیە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی هەمیشە لەکاتی دۆڕانی هەڵبژاردنەکان پەنادەبەنە بەر رای گشتی، چونکە ئەوان دەزانن رای گشتی پێویستی بە نزیکبوونەوە و حیکایەتخوان هەیە تا بتوانێ بە سوودی خۆی شەقام و رای گشتی بجووڵێنێت.
هێزە سیاسیە مەدەنییەکانی دوای مۆدێرنیتێ بە وردی ئیش لەسەر ئەو گەنجینەیە دەکەن کە ناوی لێنراوە رای گشتی، بەڵام بەرژەوەندی وڵات و ئینتیما بۆ خاک و نەتەوە ئەو هێڵە سوورانەن هیچ گروپ و هێزێکی سیاسی ناتوانێ بیانبەزێنێ. ئەو کایەیەی کە هێزە سیاسییە نیشتمانییەکانی هەرێمی کوردستان تێیدا خۆیان بە دۆڕاو دەزانن گرنگترین جومگەی سیاسەتە. پەروەدەکردنی رای گشتی چەندە گرنگ و کاریگەرە لەسەر ململانێ سیاسی و فکرییەکان ئەوەندەش پەروەردەیەکی سیاسی خاوەن هزر گرنگە کە هەوڵی لێکنزیکردنەوەی ئەو دوو جەمسەرە بدات کە بێ گەڕانەوە بۆ ئارگیومێنتی یەکدی نەتوانن ئیش بکەن.
رای گشتی لەهەرێمی کوردستان هێشتا ناتوانێ تەعبیر لە خۆی بکات، هێشتا هێزی دەستبردنی بۆ بابەت و گرفتە راستەقینەکان نییە. لەبەرئەوەی سۆسیال میدیایەکی بێخاوەن و شوناس ئەم جیهانە بەڕێوە دەبات، کەوابێ هێشتا دوورین لەوەی پێمانوابێت دەکرێت دیبەیتی عەقڵانی لەنێوان دەسەڵات و هێزە سیاسییەکان و رای گشتی بێتەئاراوە، ئەوەشی بە پلەی ئیمتیاز کەمتەرخەمە لە چا‌وپۆشیکردن لەم جیهانە تاریک و سامناکە دەسەڵات و داوودەزگا کەمتەرخەمەکانی حکومەتە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان