رای گشتی و سیاسەتی گشتیی حکومەت

11:49 - 2022-06-20
دووتوێ
1619 جار خوێندراوەتەوە

فەیسەڵ عەلی

پەیوەندیی نێوان رای گشتی و سیاسەتە گشتییەکانی حکومەت، تەوەرێکی گرنگیی ناوەندە ئەکادیمییەکانە، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بە توێژینەوە لەمەڕ ئاستی وەڵامدانەوەی حکومەتە دیموکراتەکان بۆ خواستی بژاردە و گەل و کۆمەڵگەکانیان. 
دروستکردن و جێبەجێکردنی سیاسەتە گشتییەکان یەکێکە لە وەزیفە بنچینەییەکانی حکومەت، کاتێک دوای هەڵبژاردن، پێکهێنانی حکومەت لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند دەکرێت، دەسەڵات و بەرپرسیارێتیی دروستکردنی بڕیار بە تەگبیرکردن و بەڕێوەبردنی کاروباری گشتیی وڵات و کۆمەڵگەی پێ دەسپێردرێت. لەمەیشەوە لە سێ تەوەری سەرەکییەوە کاریگەرییەکانی لەسەر رای گشتی و ژیانی تاک و کۆمەڵگە بەجێ دێڵێت، ئەوانیش: کاریگەریی لەسەر مووچە و کرێ، رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ هاووڵاتیان، فەراهەمکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بە ئاسانی گەیشتنی بە هاووڵاتیان، چ خزمەتگوزاریی تەندروستی یان خوێندن یان دارایی یان گواستنەوە و نیشتەجێبوون بێت، هەروەها جۆر و ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش دەکرێن. کاریگەریی ئەوانە لەسەر شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی تاکەکەس و کۆمەڵگە، لە میانی ئەو بڕیار و سیاسەتانەی بە پلانی ئاوەدانی و پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی رێژەی تاوان و ئەوانیترەوە پەیوەستن.
دەشێ رای گشتی لەمیانی چەندین میکانیزمەوە کاریگەریی گەورەی لەسەر سیاسەتە گشتییەکان هەبێت، کە گوزارشت لە ئاراستە و ئەولەویاتیان دەکات، لەوانە، پارتی سیاسی، گروپەکانی گوشار، گروپی بەرژەوەندی و میدیا و هتد، وێڕای بەکارهێنانی میکانیزمی هەڵبژاردن بۆ گوشار خستنەسەر بڕیاردەران و ناچارکردنیان بە گۆڕینی ئەو سیاسەتانەی پەیڕەوی دەکەن، یان تا پەیڕەوی ئەو سیاسەتانە بکەن کە جەماوەری دەنگدەر پێیان باشە.
سیاسەتە گشتییەکان (ئەو چالاکییە حکومییە ئامانجدارانەن کە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر ژیانی تاک و کۆمەڵگە هەیە) یان (کارنامەی حکومەتە کە کۆمەڵێک رێسا لەخۆ دەگرێت و حکومەت پابەندە بە جێبەجێکردنییەوە)، پرۆسەی دروستکردنی سیاسەتی گشتی بە چەند قۆناغێکی یەک لەدوای یەک دێن. بە ناسینی کێشە و دانانی لە خشتەی کاری دامەزراوە هەمەجۆرەکانی حکومەتەوە دەست پێدەکات، پاشان داڕشتن و دانانی ئەڵتەرناتیڤی پێویستی کارکردنە، بەدوایشیدا دەستنیشانکردنی باشترین ئەڵتەرناتیڤە. بەدوایدا کارکردنە بۆ ئەوەی ئەو بڕیارەی لەبارەیەوە دراوە سیفەتی یاسایی وەربگرێت. هەروەها قۆناغی تەرخانکردنی بودجەی پێویستە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی دراوە، دواتریش، هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامی بڕیارەکان و ئەڵتەرناتیڤە پراکتیزەکراوەکان دێت، پاشان چاوخشاندنەوەیە بە هەندێکیان کە پێویست بکات، ئینجا هەنگاونان بۆ خولێکی تری پێداویستییەکان و پەرچەکردارەکان دێت.
بەدەستهێنان و وەرگرتنی رای گشتی لەڕێی چەند میکانیزمێکەوە دەکرێت، لەوانە، وەرگرتنی را لەڕێی مۆبایل و فۆرمی نووسراو، بە ئەلکترۆنی لەڕێی ئینتەرنێتەوە. سەبارەت بە کاریگەریی رای گشتی لە رەسمی سیاسەتە گشتییەکاندا، بۆ ئەمەش دوو ئاراستە هەیە:
ئاراستەی یەکەم: رایانوایە، کاریگەریی رای گشتی لەسەر رەسمکردنی سیاسەتی گشتی سنووردارە، لایەنگرانی ئەم ئاراستەیە چەند تیۆرێکیان گەڵاڵە کردووە، دیارترینی ئەو تیۆرانە بەهەند وەرنەگرتنی رای گشتییە، ئەو تیۆرییانە بەو دەرئەنجامە گەیشتوون کە وەرگرتنی رای گشتی کاریگەرییەکی سنورداری لەسەر بڕیاربەدەستان هەیە، نوخبەی سیاسی دەتوانێ رای گشتی بەو ئاراستەیەدا بگۆڕێ کە لەگەڵ سیاسەتە پەیڕەوکراوەکانی ئەواندا بێتەوە، زیاتر لەوەی نوخبە سیاسەتەکان بەپێی ئاراستەی رای گشتی بگۆڕێن.



رای گشتی دەتوانێ رۆڵێکی گرنگی لە چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبێت، لەوانە نزمی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و خوێندن و کارەبا و سووتەمەنی و ... هتد

ئاراستەی دووەم: رای وایە رای گشتی کاریگەریی دیاری لەسەر بڕیار بەدەستان و دروستکەرانی سیاسەتە گشتییەکان هەیە، چونکە رای گشتی وەک راپرسییەکی بەردەوامە لەسەر سیاسەتەکانی حکومەت، گوزارشتێکی راستگۆیانەی ئیرادەی خەڵکییە، ئەمەش ئامرازێکە کە دەرفەت بە زۆرینەی بێدەنگ (دەنگی خۆڵەمێشی) دەدات تا گوزارشت لە بۆچوونەکانیان بکەن و ئەولەویاتەکانیان بخەنەڕوو، تا کاریگەرییان لەسەر سیاسەتە گشتییەکان هەبێت. پاشان بەرئەنجامی رای گشتی کۆتوبەند لەسەر داڕێژەران و دروستکەرانی سیاسەتە گشتییەکان دادەنێت، هەروەها دەبێتە سەرچاوەی گوشار لەسەر بڕیار بەدەستان تا وەڵامی داخوازی هاووڵاتیان بدەنەوە.
رای گشتی دەتوانێ رۆڵێکی گرنگی لە چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبێت، لەوانە نزمی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و خوێندن و کارەبا و سووتەمەنی و هتد، کە ئەم کێشانە کۆسپی دیاری بەردەم گەشەپیدانی ئابووری و کۆمەڵایەتین، بەوەی ئاراستەی وەبەرهێنان بە ئاقاری ئەو کەرتانە ببات تا هەنگاو بە هەنگاو ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن، چونکە ناتوانرێ هەموو ئەو کێشانە بە یەکجار و لە یەککاتدا چارەسەر بکرێن، بەڵکو دەبێ بەپێی ئەولەویەت و گرنگیی هەر یەکێک لەو کەرتانە لە گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و پێداویستییەکانی کۆمەڵگە دەست پێ بکرێت. ئەولەویەتی حکومەت دەبێ لە کەرتە بەرهەمدارییەکانەوە دەست پێبکات، چونکە دەتوانن پەیوەندیی دوولایەنەی فراوان ئەمدیوو و ئەودیوو (الروابط الامامیة والخلفیة) لەگەڵ کەرتە ئابوورییەکانیتردا دروست بکەن. لەسایەی سەربەخۆبوون و شەفافبوونی میدیا، دەتوانرێ رای گشتی بە ئاراستەی یەکێک لەو کەرتانە بەگەڕبخرێت، نموونەی کەرتی خزمەتگوزاریی خوێندن و تەندروستی لەمیانی خستنەڕووی ئەو کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی کە کۆمەڵگە بەهۆی دواکەوتنی ئەو کەرتانەوە بەدەستییەوە دەناڵێنێت. هەرچەند ئەو کەرتانە لە پلان و سیاسەتە ئابوورییەکاندا بایەخی زۆریان پێنادرێت، بەڵام دەکرێ لەڕێی بەگەڕخستنی رای گشتییەوە حکومەت بە ئاراستەی گرنگییدان بەرەو ئەو کەرتانە ببرێت.
هەرێمی کوردستان هێشتا لە قۆناغی راگوزەردایە، لە کاتێکدا لە هەرێم باس لە ئابووریی بازاڕ و بەتایبەتیکردن و ئازادیی ئابووری و بازرگانی دەکرێت، کەچی هێشتا حکومەت باڵی بەسەر تەواوی جومگە بنچینەییەکانی ئابوورییدا کێشاوە، زۆرترینی خەرجییەکانی ناو ئابووری لە خەرجیی حکومەت پێکدێت. واتە هێشتا حکومەت فەلسەفەی ئابووریی خۆی ساغ نەکردۆتەوە، لەسەر چ بنچینەیەک ئابوورییەکەی بەڕێوە دەبات، ئەولەویەتەکانی چین و لەچییەوە سەرچاوە دەگرن. ئەمەش یەکێکە لەو پرسە گرنگانەی کە هێشتا وەک پێویست نەخراوەتەڕوو و نەکراوەتە پرسێک کە رای گشتی لەسەر دروست بێت.
دیاریکردنی بڕیاری گونجاو لەبارەی پرسە گرنگەکانی ئابووری دەبێ لە دەسەڵاتی پەرلەماندا بێت، ئەمەش دوای ئەوەی پەرلەمان لەڕێی سەنتەری توێژینەوە و لیژنە تایبەتمەندەکانییەوە توێژینەوە لەسەر ئەو پرسە ئابوورییانەی جێی مشتومڕی رای گشتی و خەڵکین دەکەن، دواتر دەدرێتە پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن و دەنگدان.
لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بدرێت، کە دەبێ بەشداری بە هەموو لایەنەکانی پەیوەست بەم بوارە بکرێت، وەک زانکۆکان و سەنتەرەکانی توێژینەوە و شارەزایانی کەرتی تایبەت و یەکێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکان و سەندیکاکانی کرێکاران و ئابووریناسان و کۆمەڵناسان و یاساناسان، بۆ ئەوەی رێنمایی و هاوکاری پەرلەمان بن، هاوکاتیش دەبێ میدیا رۆڵێکی گەورەی لە خستنەڕووی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی رەوشی ئابووری هەبێت، بەشێوەیەکی شەفافانە و بێلایەنانە  گفتوگۆکانی ناو هۆڵەکانی پەرلەمان و سەنتەرەکانی توێژینەوە و سەندیکاکان بۆ هاووڵاتیان بخاتەڕوو، ئەمەش لەپێناوی دروستکردنی رای گشتی بە ئاراستەی گوشار خستنەسەر پەرلەمان تا دەنگدانی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان بێت.  

بابەتە پەیوەندیدارەکان