روانگه‌ی ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌

10:46 - 2024-06-27
کوردستان
246 جار خوێندراوەتەوە

ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌، ده‌سته‌واژه‌ی سه‌روه‌ختی هه‌ڵبژاردنه‌كان نییه‌، ته‌نیا باوه‌شی كراوه‌ی هێزێكی نیوسه‌ده‌یی نییه‌ بۆ هه‌ر تاك و گروپێك، یان رێكخراو و پارتێك كه‌ ئاره‌زووی هاوخه‌باتییان له‌گه‌ڵدا هه‌بێت. ئه‌م ئیدیۆمه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌نده‌ به‌ ناوی یه‌كێتی خۆیه‌وه‌‌. به‌عس، له‌كاتی خۆیدا زوو له ‌هێما و واتاكانی ناوه‌كه‌ گه‌یشتبوو، له‌ راپۆرته‌ ناوخۆییه‌كانی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانیدا، هێزێكی وه‌های به‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا، ئه‌م پڕوپاگه‌نده‌یه‌‌ له‌ دژی یه‌كێتی، له‌ئاسته‌ سیاسییه‌كه‌یدا، بۆ لێدان بوو له‌هه‌ر پاڵپشتییه‌ك له‌ شۆڕشی نوێ و دامه‌زراندنی یه‌كێتی له‌ قاوه‌خانه‌ی توڵه‌یتوڵه‌ی دیمه‌شقه‌وه‌‌.
ناوی یه‌كێتی، ده‌ربڕی پرۆژه‌یه‌كی سیاسیی فراوانه، له‌نۆبه‌ره‌ی‌ خه‌باتی رێكخراوه‌ییشدا، سه‌ركه‌وتوو بوو، توانی‌ كۆمه‌ڵێك ره‌وتی سیاسی بخاته‌ ژێر باڵی خۆی ‌و له‌ ریزه‌كانیدا كۆیانبكاته‌وه‌. پرۆژه‌كه‌ به‌ درێژایی(49) ساڵیشه‌ له‌ناو مومكیناتی سیاسه‌تدا كارده‌كات، به‌ ئیراده ‌و واقعییشه‌، له‌هه‌ندێ قۆناغدا وا پێویستبووه‌ له‌به‌رامبه‌ر دوو بۆ سێ ده‌وڵه‌تدا به‌ره‌نگاری بكا، له ‌قۆناغی تریشدا دانوستان، له‌ هه‌ندێ دۆخدا ماڵی لێ جیا ببێته‌وه ‌و له‌ ده‌ورانی تریشدا گروپی تری له‌ناودا بگیرسێته‌وه‌‌. هه‌موو پرۆژه‌یه‌كی سه‌ختی سیاسییش هه‌روایه‌، گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا دێت و راسته‌ هێڵی مێژوویی نییه‌، به‌ڵكو مرونه‌تی گه‌وره‌ی له‌ میكانیزم و ته‌كنیكی تێكۆشاندا ده‌وێت، كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی قاڵبووی سیاسه‌ت و كاری دیپلۆماسی و په‌یوه‌ندییه‌كانی وه‌ك مام جه‌لال، هەر خۆی نه‌خشه‌كێش و رابه‌ری بووه‌.
ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌، ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ رێبازێكی سیاسیی ئه‌وتۆش كه‌ ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستانیش ده‌كات، به‌ڵام هاوكات پێویستی به‌وه‌یه‌ ئه‌وانیش ره‌چاوی هه‌لومه‌رجه‌كان و ئاڵه‌نگارییه‌كانی به‌رده‌م مانه‌وه‌ی پرۆژه‌كه‌ بكه‌ن. یه‌كێتی، پاڵپشتیی زۆر هێزی كوردستانی كردووه‌، باجی زۆریشی داوه‌‌، هه‌موو پارت و رێكخراوێك به‌ وزه‌یه‌كی نیشتمانی له‌قه‌ڵه‌مده‌دات، بۆیه‌ له‌ تێكۆشان و ئه‌زموونیدا، زیاتر له‌ به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كانی، پرۆژه‌ی ئاشتبوونه‌وه‌ و بانگه‌وازی یه‌كڕیزیی هه‌بووه‌. ئێستاش پرۆژه‌كه‌ له‌ قۆناغێكدایه‌ كه‌ ململانێ و دانوستانیشی ده‌وێت، چ له‌ئاستی ‌ناوخۆ و چ به‌ رووی ده‌ره‌وه‌دا، بۆ هه‌ڵبژاردنی نوێی په‌رله‌مانیش، هه‌م باوه‌ڕی به‌ كێبڕكێی شارستانییانەیە ‌‌و هه‌م پاراستنی قه‌واره‌كه‌مان و یه‌كێتیی ریزه‌كانی گه‌له‌كه‌شمان. 

#سەروتار

بابەتە پەیوەندیدارەکان