سەروتار

رای گـشــتی

12:10 - 2022-06-20
دووتوێ
790 جار خوێندراوەتەوە

بەهیممەتی هاوڕێیانی كوردستانی نوێ و دەرەوەی رۆژنامەكە، لێرەدا ژمارە (12)ی زاخاوی زاراوەكان دەخوێنینەوە كە دەربارەی «رای گشتی-یە». ئەگەرچی رەگ و ریشەی ئەم  زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەژدە، بەڵام ئیش لەسەركردن و حساب بۆ كردنی بۆ ماوەی نێوان هەردوو جەنگی جیهان دەگەڕێتەوە. دیارە شارەزایان و پسپۆڕانی بواری كۆمەڵناسی و دەروونزانیی كۆمەڵایەتی لەسەر تاكە پێناسەیەكی رای گشتی كۆك نین، بەڵام هەر هەموویان بە دیاردەیەكی گرنگ و چارەنووسسازی دەزانن و رێنمایی حزب و حكومەتەكان دەكەن بایەخی تەواوی پێبدەن، چونكە ئێستا و ئایندەیان بە رای گشتییەوە بەندە. هەروەها زانایان و كۆمەڵناسان رای گشتی دەكەن بە دوو بەشی سەرەكییەوە كە ئەوانیش رای گشتی كاتی و رای گشتی هەمیشەییە. رای گشتی كاتی لە كاتی دروستبوونی كێشەیەكدا دروست دەبێت و لەپڕ سەرنج و بیروڕاكان لەسەر ئەو كێشەیە چڕدەبنەوە. نزیكترین نموونە  ئەو كێشەیەی ناو دادگای سلێمانییە كە لە ئەنجامی بە هەڵە مامەڵەكردنی پۆلیس لەگەڵ كۆمەڵێك ژندا دروست بوو، لە ماوەیەكی كەمدا بەهۆی خێرایی گەیاندن و دیجیتاڵ میدیاوە رای گشتی لەسەر دروستبوو، كە زۆربەی هەرە زۆری خەڵك ئیدانەی رەفتاری پۆلیسیان كرد و بە دەسگیركردنی پۆلیسەكان كێشەكە دامركایەوە. رای گشتی هەمیشەیی بۆ نموونە لەسەر ناشەفافی ناردنە دەرەوەی نەوت، ئەوە چەند ساڵێكە بە بەردەوامی هەیە و هەتا چارەسەری ئەو كێشەیە هەردەمێنێت.
سێ فاكتەر رۆڵی گرنگ دەگێڕن لە دروستبوونی رای گشتیدا كە ئەوانیش بریتین لە؛ دیموكراسی و تاكگەرایی و پەیوەندییەكان. دیارە بەبێ فەراهەمبوونی ئازادی و دیموكراسی رای گشتی دروست نابێت و ئەگەر ئازادی و دیموكراسی نەبێت خەڵكی چۆن دەتوانن رای خۆیان بڵێن و چۆن رای گشتی دروست دەبێت؟ ئەگەر تاك خاوەنی رای خۆی نەبێت و نەتوانێت گوزارشت لە رای خۆی بكات، واتە تاكگەرایی گەشەی نەكردبێت مەحاڵە رای گشتی فۆرمەڵە بێت. دواجار گریمان ئازادی و دیموكراسیش فەراهەم بوون، تاكگەراییش گەشەی كردبوو، بەڵام ئەگەر پەیوەندی لە نێوان گروپەكانی ناو كۆمەڵگەدا نەبوو یان ئامرازەكانی پەیوەندی فەراهەم نەبوو ئەوا بێگومان رای گشتی فۆرمەڵە نابێت و حسابی لەسەر ناكرێت.
ئەوەی پێویستە لێرەدا ئاماژەی بۆ بكەین گرنگی رای گشتییە بۆ هەر حزبێكی سیاسیی جەماوەری، كە ئامانجی دەسەڵات گرتنەدەست و مانەوەیە لە دەسەڵاتدا لە رێگەی هەڵبژاردنەوە. هەر حزبێك بیەوێت بچێتە ناو گەمەی هەڵبژاردنەوە، ئەگەر حساب بۆ رای گشتی نەكات و نەزانێت چۆن رای هەڵدەسەنگێنێت و چۆن ئاراستەی دەكات، بێگومان حزبێكی دۆڕاوی ناو گەمەی هەڵبژاردنە. ئەگەرچی راپرسییەكانی پێش هەر هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، هیچ كاتێك لە سەدا سەد لەگەڵ واقیعدا نایەنەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە گرنگ نین. كەواتە رای گشتی بە نیسبەت بە هەر حزبێكەوە ئەگەر بیەوێت لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دەسەڵات بگرێتە دەست و بەرنامەی خۆی پیادە بكات، بابەتێكی چارەنووسسازە و فەرامۆشكردنی بەمانای ئاوابوونی ئەستێرەی چانسی ئەو حزبەیە. 

سەرنووسەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان