چاوپێکەوتن/ نەرمین عوسمان محەمەد
ئەژین فەهمی، كچێكی گەنجی خوێنه‌ره، به پێی كات و دۆخی ژیانی خوێنەرێکی بەردەوامی ئەدەبیاتی کوردی و جیهانییە، توانیویه‌تی له پاڵ ئەوەشدا بره‌و به نووسینی چه‌ندین چیرۆك بدات و لە هەوڵی نووسینی شانۆنامەشدا بێت، ئەم خانمە هه‌وڵدەدات چڕتر بخوێنێته‌وه و وردتر و بنووسێت.لەدیدارێکدا ئەژی بۆ دوالاپەڕەی ئەدەب و هونەر دوا، سەرەتا لێم پرسی:
*شانۆنامەکەت «زیاتر لە ژیانێک» پێكهاتووه له چه‌ند ڕه‌گه‌زێك، وه‌كو: ژن، سایکۆلۆجیا، تەنیایی. هەوڵت داوە لەسەر کام رەگەزەیان زیاتر کار بکەیت؟
ئەژین فەهمی: ڕاستە، هەوڵمداوە لەو بوارانەدا کە باستکردن کار بکەم. له دەقی شانۆنامه‌ی «زیاتر له ژیانێك» هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كان ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه و پێوەندیشیان پێکەوەیە و ته‌نانه‌ت لێکدانەبڕاوی یەکدین و تا ڕادەیەکی زۆریش پێکەوە بەستراونەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا هەوڵمداوە زیاتر لەبارەی ڕه‌گه‌زی ژنه‌وه بدوێم و كاره‌كه‌م به پوختی له ڕه‌گه‌زی ژن‌دا چڕبكه‌مه‌وه، ڕاسته له ئه‌ده‌بیاتدا گه‌ر كارێك كرابێت له‌و بوارەدا، ئه‌وا هه‌ر نووسه‌ره‌و جودا له‌ویتر ده‌ستی بۆ بردووه، به‌ڵام منیش هه‌وڵمدا جوداتر له‌وان و به دیوێكی تردا له باره‌ی ڕه‌گه‌زی ژنەوە بدوێم، بۆ نموونە بیبه‌ستمه‌وه به گرێی ئه‌لێكترا، ئه‌و گرێ ده‌روونییه به‌كار بهێنم، بەڵام نه‌ك وه‌ك گرێیەکی كۆن و گەڕانەوە بۆ تێزەکانی دەروونناسی بەناوبانگ (فرۆید)، به‌ڵكو من هەوڵم داوە، خۆماڵیانه باسی لێوه بكه‌م و هه‌وڵیشمداوه ئه‌و ڕه‌گه‌زه، بە جۆرێکی تر پانتاییه‌كی گه‌وره له نێو شانۆنامه‌كه‌مدا داگیر بكات.
*چاوەڕوان بوویت یەکەم ئەزموونت لە بواری شانۆنامە نووسیندا ببێتە خاوەنی خەڵاتی یەکەم؟
ئه‌ژین فه‌همی: لەڕاستیدا دەتوانم بە دوو شێواز وەڵامی ئەم پرسیارەت بدەمەوە، یەکەم: ڕاستە وزە و سەلیقەیەکی زۆری گەرەک بووە تاكوتاقانە شانۆنامەکەمم نووسی، بێگومان لە کاتی نووسینیشدا بەر کۆمەڵێک سەختی و زەحمەتی کەوتم و شەونخونی و ماندوو بوونێکی زۆری ویست، بۆیە دەتوانم بڵێم بۆ من، زەحمەت بوو بیر لەوە بکەمەوە بەشداری پێشبڕکێشی پێبکەم، لەبەر ئەوە لەو باوەڕەدا نەبووم، شانۆنامەکەم بتوانێت خەڵات بباتەوە، بەڵام دەتوانم لەلایەکی ترەوە بڵێم: لەکاتی تەواوکردنی شانۆنامەکەمدا و دوای ئەوە بە چاوێکی ترەوە خوێندمەوە، ئەو هەست و بڕوا بوونە بەخۆم پێ بەخشیم، بەشداری لەو پێشبرکێی خەڵاتەدا بکەم، کە تایبەتە بە نووسینی دەقی شانۆیی. لێت ناشارمەوە، کە بڵێم ئه‌و توانایه‌م بینی، وه‌ك یه‌كه‌م خاتوون له به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م خه‌ڵاته به بایه‌خه، كه دەتوانم بڵێم: نووسه‌ران کەمتر ئاوڕیان له شانۆنامه داوه‌ته‌وه، لەبەرئەوە خۆشبەختانە دوای تەواوکردنی ئەو توانایەم لە خۆمدا بینی.
*بە نیازیت بەردەوام بیت لە بواری شانۆنامە نووسیندا و دوا بەرهەمت چی یە؟
ئه‌ژین فه‌همی: بێگومان بەردەوام دەبم. لە نووسینی چیرۆک و دەقی شانۆیش. هەوڵ دەدەم شانۆنامەی جوداوازتر بنووسم. وەک دوا بەرهەمم كه لەبەر دەستمدایە، خەریکی نووسینی دەقێکی ترم بۆ شانۆ، هاوکات لە ئێستادا سەرقاڵی کۆمەڵە چیرۆکێکیشم، کە خۆی لە شەش کورتەچیرۆکدا دەبینێته‌وه.