لەمیدیای جیهانییەوە

10:00 - 2024-07-01
جیهان
101 جار خوێندراوەتەوە

دیبەیتی بایدن و ترەمپ

 
رۆژانی رابردوو كۆمەڵێك رووداو بوونە باس و خواسی كەناڵەكانی میدیای جیهانی، لە هەرە گرنگەكان؛ یەكەمین دیبەیتی راستەوخۆی نێوان جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا و كاندیدی دیموكراتەكان، لەگەڵ نەیارە سەرسەختەكەی دۆناڵد ترەمپی كاندیدی كۆمارییەكانە كە لە ویلایەتی جۆرجیا بەڕێوەچوو، گروپی میدیاییCBS نیوز لە نیۆركەوە بڵاویكردەوە، كە جۆ بایدن شەپڕێوی پێوە دیاربوو، لە مشتومڕەكەدا تەوەرەكەی لەدەستدا، ئاستی ترەمپ لە دیبەیتەكانی چوار ساڵی رابردوودا باشتربوو، بە متمانەبەخۆبوونێكی زۆرە دەدوا، لەڕاستیدا ئەو قسانەی كە دەیگوت بە هیچ شێوەیەك راست نەبوون.
رۆژنامەی تایوانی  LIANHE BAO دەنووسێت ئەو دیبەتە بۆ تۆمەتباركردنی یەكتری رێكخرابوو، لە گرنگترین قسەكانی بایدن بۆ ترەمپ ئەمانە بوون (تۆ خراپترین سەرۆكی ئەمریكا بووی، تەنانەت جێگرەكەشت دانیپێدادەنێت، كە تۆ كەسێكی درۆزن و تاوانبار و شكستخواردووی، ئێستا ئابوورییەكەمان باشترینە لە هەموو جیهان، ئێمە گەورەترین هاوكاری ئیسرائیلین و توانیمان جیهان لە دژی ئێران یەكخەین)، هەروەها قسەكانی ترەمپیش بۆ بایدن بریتیبوون لە (من لە راپرسییەكان لە پێشی تۆوەم، تۆ دەتەوێ ئەمریكا لەناوببەیت، هەڵاوسانی ئابووری وێرانی كردووین، كامە ئابوورییە باشەكەتە، ئەگەر تۆ سەرۆكێكی باشبوویتایە هەرگیز جەنگی ئۆكرانیا رووینەدەدا، تۆ بوویتە فەڵەستینییەكی خراپ، بەهۆی تۆوە وا جەنگی جیهانی سێیەم روودەدات، من ببمەوە سەرۆك؛ هەمووی چاكدەكەمەوە) هەرزوو لەدوای دیبەیتەكە رۆژنامەیThe Guardian ی بەریتانی نووسیویەتی: بایدن تاقەتی ئەوەی نەماوە چوار ساڵی تر ببێتەوە سەرۆك و تەندروستی رێگەی پێنادات ئەو پۆستە بەڕێوەببات، هەر لە دیبەیتەكەدا ئەو راستییە بەدەركەوت، بۆیە ئیدی داواكارییەكان لە ناوخۆی پارتەكەی زیاددەبن بۆ گۆڕینی ئەو كاندیدە.

كودەتایەكی شكستخواردوو لە پۆلیڤیا


سەبارەت بە كودەتا شكستخواردووەكەی وڵاتی پۆلیڤیا، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس چوارشەممەی رابردوو ژەنەڕاڵێكی سەربازی؛ رابەرایەتیی كودەتاكەی كردووە و سوپای بردووەتە ناو كۆشكی سەرۆكایەتی و بۆ ماوەی سێ سەعات كۆنتڕۆڵی كردووە، دوای روبەڕوبوونەوەیەكی كەم كە نۆ سەربازی تێدا برینداربوو، بارەكە ئارامبووەوە و كەتیبەكە دەستیان بە كشانەوە كرد، بەپێی دوایین هەواڵی كودەتاكە كە لە پێگەی Spiegel Online  بڵاوكراوەتەوە (لویس ئارسی) سەرۆكی پۆلیڤیا لەدوای رزگاربوونی لەدەست كودەتاچییەكان، سوپاسالاری لە پۆستەكەی دوورخستەوە و خستیە زیندانەوە، تەواوی سەركردایەتیی هێزە چەكدارەكانی گۆڕی و فەرماندەی تری لەجێگە دانان و فەرماندەی گشتی لەدوای سوێندخواردن وتی: فەرمان دەدەم هەموو ئەو هێزانەی لەسەر شەقامەكان كۆكراونەتەوە، بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان، لەسەر ئەمە رۆژنامەی   Greenock Telegraph ی سكۆتلەندی نووسیویەتی: ئەو كودەتایە لەخۆڕا نییە، بەڵكو دەرئەنجامی برسیەتی و نەبوونی خەڵك و قەیرانی داراییە لەم وڵاتەدا، كێشەكانی ئەو وڵاتە لەساڵی 2015وە و لەكاتی دروستبوونی ئەو كابینەی حكومەتە دروستبووە، كودەتاكە دوای ئەوە هات كە وڵاتێكی 12 ملیۆنی رووبەڕووی چەند مانگێك گرژیی ببووەوە لەنێوان بەڕێز سەرۆك و نەیارەكانی.

هەڵبژاردنی پێشوەختەی فەڕەنسا


لەدوای شكستی پارتەكەی ئیمانوێل ماكرۆن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپا، بڕیاریدا ئیدی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وڵاتەكەی بكات، هەفتەیەك بەر لەو پرۆسەیە، ماكرۆن رایگەیاندووە: ئەگەر پارتی راستڕەو RN یان بەرەی چەپ NFP سەركەوتن بەدەستبهێنن ئەوا شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت، لەسەر ئەمە سەرنووسەری رۆژنامەی Lomond ی فەرەنسی رەخنە دەگرێت و دەنووسێت: ماكرۆن ئەوە یەكەم جاری نییە لێدوانی وا وێرانكەر بدات، جێی سەرسوڕمانە سەرۆك بەم جۆرە و لە دژی نەیارانی پارتەكەی بدوێت، فەزای سیاسی وڵات پێویستی بە دیموكراسیەت و ركابەری پارتەكان هەیە، ئەو خۆی بەزل دەزانێت و بەرامبەرەكانی ناخوێنێتەوە، قسە لەسەر جەنگی ناوخۆ نابێت بكرێت. رۆژنامەی Le Soir كە لە برۆكسل لەسەر هەڵپەی راستڕەوەكان بۆ وەرگرتنی دەسەڵات، دەنووسێت: بەڵێنە بریق و باقەكانی بەرەی نیشتمانی لەسەر یەكێتیی ئەوروپا؛ بێبنەمان، بۆ نموونە كۆنتڕۆڵكردنی كۆچكردن، كەمكردنەوەی باجی زیادە لەسەر وزە، كەمكردنەوەی هاوكاریی دارایی وڵاتەكەی بۆ یەكێتیی ئەوروپا، ئەمانە هەموویان چەواشەكردنی دەنگدەرانن و هەفتەیەكی تر راستییەكان دەردەكەون.

 بورهان ئەمین ئامادەی كردووە

بابەتە پەیوەندیدارەکان