دوای ئاشکرابوونی کارگەیەکی ماددەی هۆشبەر لە سنورەکەدا

زانكۆی گەرمیان پلان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان دادەنێت

10:46 - 2024-07-02
ڕاپۆرت
159 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ حسێن عەزیز


رۆژی 26ی حوزەیرانی هەموو ساڵێك، رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكانە، لەسەر راسپاردەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ زانكۆكانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە كاركردن لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، زانكۆی گەرمیان وەك ناوەندێكی گرنگی مەعریفی و ئەكادیمی نەخشە رێگەیەكی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، کە چەند بڕگە و كار و چالاكییەك لە خۆدەگرێت و پلانی دوور مەوادیان هەیە.
یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی گەرمیان:

 پلانی دوور مەودامان هەیە بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ماددە هۆشەبەرەكان و بۆ ئەو مەبەستە تیمێكمان پێكهێناوە


خولێك بۆ توێژەرانی پەروەردە
د.یادگار عەلی یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی گەرمیان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: كەمپەینێك وەك یەكێك لە بڕگەكانی پرۆسەكە راگەیەنراوە، لە هەنگاوی یەكەمدا خولێكی هۆشیاری بۆ توێژەرانی پەروەردەی گەرمیان لەبارەی چۆنێتی بەرنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان كرایەوە، دوو سیمیناری زانستیی سەبارەت بە چۆنێتی مامەڵەی دەزگاكانی راگەیاندن لە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و كاریگەرییە دەروونییەكانی ماددە هۆشبەرەكان و لێكەوتەكانی پێشكەشكران. ئەم خولانە بەردەوام دەبن بۆ پەرەپێدانی تواناكان و پێگەیاندنی راهێنەر لە بواری هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەدا، تا توێژەری هەموو قوتابخانەكان و مامۆستایانی ئایینی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەیبینن.
وتیشی: برۆشۆر (رێنما) یەكمان دروستكردووە، كە بە كورتی ئاماژە بە مەترسییەكانی ماددەی هۆشبەر دەكات، لە رووی یاسایی، شەرعی، تەندروستی و كۆمەڵایەتییەوە، لە قۆناغی یەكەمدا لەناو زانكۆ و مامۆستایان و فەرمانبەراندا بڵاویان دەكەینەوە و دواتر دەیگەیەنینە بازگە و بازاڕ و مزگەوتەكان.

هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە
د.یادگار عەلی ئاماژەی بەوەشکرد: لەناو زانكۆدا ئەو مامۆستایانەی بابەتی ئەكادیمی دیبەیت و ژینگەی كاری زانكۆ دەڵێنەوە دەكرێت ئەم بابەتە لە وانەکانیاندا جێ بکەنەوە، یان ئەو مامۆستایانەی پسپۆڕییەكەیان ئەم بوارە دەگرێتەوە بە نووسراوی فەرمی ئاگاداركراونەتەوە و هاندەدرێن گرنگی بە بابەتی هۆشیاركردنەوەی خوێندكاران بدەن.  پلانی دوور مەودامان هەیە بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ماددە هۆشەبەرەكان و بۆ ئەو مەبەستە تیمێكمان پێكهێناوە.
هاوکات چالاک محێدین پسپۆڕی تاوانناسی و ماددەهۆشبەرەکان بە کوردستانی نوێی راگەیاند، بەپێی پرۆژە یاسایەک کە ساڵی 2020 دەنگی لەسەر دراوە، دەبوو لە ماوەی شەش مانگدا لە سەنتەری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا سەنتەری چارەسەرکردن و راهێنانەوە بۆ ئالوودەبوانی ماددە هۆشەبەرەکان دابنرایە، بۆ ئەوەی لەژێر چاودێریدابن و چارەسەریان پێ بدرێت، بەڵام تائێستا ئەو سەنتەرانە دانەنراون، کە گرنگی زۆری هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئالوودەبوان.
وتیشی: پێویسته سنوورەکان توند بکرێن و لە بازگەکاندا پشکنینی خێرا بکرێت بۆ ئەوەی رێگە لە تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بگیرێت.
بەگوێرەی ئاماری چاکسازییەکان، تا کۆتایی ساڵی رابردوو، لە هەر شەش چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا، هەزار و 180 کەس بەهۆی بەکارهێنان و بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە حوکم دراون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان