گرفت و رێگەچارە

سڕینەوەی بیرکردنەوە هەڵەکان

12:08 - 2024-07-02
ڕاپۆرت
220 جار خوێندراوەتەوە

پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی
3

سڵاو كاك دكتۆر ، من ئافرەتێكم  خاوەنی چوار منداڵم و ماوەی سێ‌ ساڵە تووشی وەسواسی بووم و بەردەوام بیر لە مردن دەكەمەوە، زۆر دەترسم بمرم یان منداڵەكانم و هاوسەرەكەم تووشی كارەساتێك ببن، كاتێك منداڵەكانم دەچنە دەرەوە تا دێنەوە من ئۆقرە بە خۆم ناگرم و هەر تەلەفۆنیان بۆ دەكەم تا بزانم لە كوێن و چی دەكەن و كەی دێنەوە، بەردەوام خەم و خەفەت و ترسم هەیە و خۆشی لە هیچ شتێك نابینم، لە خودا بەزیاد بێت لە هیچمان كەم نییە و پیاوەكەم زۆر باشە بۆم، بەڵام من بێزارم كردووە ئەویش هەر دەڵێت بۆ وادەكەیت بۆ خۆت تووشی ئەو كێشەیە كردووە، بەڵام من بە دەست خۆم نییە، توخوا چی بكەم بۆ ئەوەی لە ئەو نەخۆشییە رزگارم بێت، بەخودا شەوی وا هەیە تا بەیانی خەوم لێناكەوێت و هەر بیر دەكەمەوە و وەزنیشم (15) كیلۆ كەمی كردووە و بە زۆر شت  دەخۆم، چی بكەم باشە؟
(بەدبەخت)

 

هەر كاتێك بیروبۆچوونە هەڵەكە هاتە ناو مێشكت تۆ بابەتەكە بگۆڕە و بیر لە شتێكی تر بكەرەوە، چونكە ئەگەر دوای ئەو بیروبۆچوونە هەڵەیەت بكەویت و لق و پۆپی لێبكەیتەوە ئەوا هەر زیاتر دووبارە دەبێتەوە و بێزارت دەكات

خوشكی بەڕێزم، هیوادارم بەدبەخت نەبیت و پێویست بە ئەوە ناكات بە ئەو شێوە رەشبین بیت و بەخۆت بڵێیت بەدبەخت، لەبەرئەوەی هەزارانی وەك تۆ تووشی ئەو حاڵەتەی تۆ بووە و بریتییە لە بیروباوەڕی خۆسەپێن، واتە بیربۆچوونی هەڵە و نامەنتیقییە دێتە ناو مێشكت كە لە دروستكردنی بیر و خەیاڵی خۆتە و لە واقیعدا  بوونیان نییە، خوشكی  بەڕێزم:
 مێشكی ئێمە ئامێرێكە بۆ زیرەكی، بەڵام جیاوازی لە نێوان خەو و خەیاڵ و راستیدا ناكات، بۆ نموونە ئەگەر تۆ لەگەڵ منداڵەكانت مارێكی دروستكراو لە لاستیك بكڕن كە كەستان لێی ناترسن و فڕێی بدەنە بەردەمی هاوسەرەكەت، بێگومان ئەو نازانێت ئەوە لە لاستیك دروستكراوە وا دەزانێت ماری راستییە و مێشكیشی هەر وا تێدەگات، ئەوا یەكسەر دەترسێت و لەوانەیە رابكات یان بەدوای شتێكدا بگەڕێ‌ بۆ ئەوەی پیایدا بكێشێ‌، لێدانی دڵی زیاد دەبێت و هەناسە بڕكێی پێدەكەوێت و دەم و لێوی وشك دەبێت و ئازاریك لە گەدەی دروست  دەبێت .
واتە كۆمەڵێك گۆڕانكاری فسیۆلۆجی بە كاریگەری كۆئەندامی دەماری سەمپساوی روودەدەن، بەڵام هیچ شتێك لای تۆو منداڵەكانت روونادات و لە ئەوانەشە پێ‌ بكەنن لەبەرئەوەی ئێوە دەزانن ئەوە لاستیكە نەك ماری راستەقینە، بەڵام ئەو هەموو گۆڕانكارییەی لەلای هاوسەرەكەت  روو دەدات لەبەرئەوەی وا دەزانێ‌ ئەوە ماری راستییە لەكاتێكدا لە واقیعدا ئەوە لاستیكە و لە شێوەی مار دروستكراوە، كەواتە مەرج نییە شتەكان راستی بن تا ئێمە تووشی ترس و دڵەڕاوكێ‌ بكات، بەڵكوو شتە خەیاڵی و دروستكراوەكانیش كە لە واقیعدا بوونیان نییە تووشی ترس و دڵەڕاوكێمان دەكات، لەبەرئەوەی مێشك واتێگەیشت كە ئەوە مارە.
 خوشكی من هەمان شتیش راستە بۆ ئەو بیر و خەیاڵە  دروستكراوەی ناو مێشكی تۆ كە تووشی ترس و خەم و خەفەتی كردوویت، لەبەرئەوەی بە بێ‌ ئەوەی منداڵەكانت لە واقیعدا تووشی هیچ  شتێك بووبن یان هاوسەرەكەت تووشی هیچ كارەساتێك بوو بێت، بەڵام تۆ لە مێشكی خۆتدا بەهۆی ئەو بیروبۆچوونە نادروستەت منداڵەكانت و هاوسەرەكەت تووشی كارەسات كردووە، شتێكی ئاساییە ئەگەر تۆ ئەو بیروبۆچوونە هەڵە و نامەنتیقییەت هەبێت مێشكت وا تێبگات ئەوە راستییە، ئیتر ئەگەر كەسێك لە واقیع منداڵەكانی تووشی كارەسات بووبن، بێگومان تووشی ترس و خەم و خەفەت و ناڕەحەتی زۆر دەبێت، وەك ئاماژەم پێكرد لەبەرئەوەی مێشك جیاوازی لە نێوان راستی و خەیاڵدا ناكات بۆیە تۆ تووشی ئەو حاڵەتە بوویت.
رێگەچارەکان
خوشكی بەڕێزم، چارەسەری تۆ بریتییە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو بیروبۆچوونە هەڵە و ناواقیعییەت لە رێگای ئەم هەنگاوانەی خوارەوە :
یەکەم: دەبێت یەكەمجار ئەو بۆچوونەت رەتبكەیتەوە و بڵێیت ئەمە راست نییە و لە دروستكردنی خەو و خەیاڵی خۆمە، واتە ئەوە راستی نییە و لەواقیعدا بوونیان نییە و سوپاس بۆ خودا منداڵەكانم و هاوسەرەكەشم سەلامەتن.
دووەم: دەبێت هەوڵی پووچەڵكردنەوە و بنكۆڵكردنی ئەو بیروبۆچوونە هەڵەت بدەیتەوە لە رێگای ئەم خاڵانەی خوارەوە:
ئەلف: كێ‌ هەیە بزانێت كەی دەمرێت؟ واتە مردن شتێكی نەزانراوە و هیچ كەس پێش ماوەیەك نازانێت كەی دەمرێت، ئەی من چووزانم كە دەمرم یان منداڵەكانم تووشی كارەسات دەبن و شتێكیان لێ‌ دێت ئەوە لە توانای مرۆڤدا نییە و لە دروستكردنی خەو و خەیاڵی خۆمە، واتە راست نیین و لەتوانای مرۆڤدا نییە ئەو پێشبینیە بكات، ئەی من چۆن دەزانم؟
ب: ئەگەر ئەو بیروبۆچوونانەی من راست بوایە دەبوایە تا ئێستا منداڵ و هاوسەرەكەم شتێكیان لێ‌ بەسەربهاتایە، بەڵام لە خودا بەزیاد بێت  ئەوە ماوەی سێ‌ ساڵە من بە ئەو شێوە بیردەكەمەوە، بەڵام هیچ شتێكی  نەخوازراو رووی نەداوە، كەواتە ئەمە دەبێت بكەی بە بەڵگە كە ئەو بۆچوونەت تەنها خەیاڵە و هیچ شتێكی تر نییە، ئیتر لە ئەمڕۆ بەدواوە هیچ بڕوای پێمەكە.
ج: هەر كاتێك بیروبۆچوونە هەڵەكە هاتە ناو مێشكت تۆ بابەتەكە بگۆڕە و بیر لە شتێكی تر بكەرەوە، چونكە ئەگەر دوای ئەو بیروبۆچوونە هەڵەیەت بكەویت و لق و پۆپی لێبكەیتەوە ئەوا هەر زیاتر دووبارە دەبێتەوە و بێزارت دەكات، بەڵام ئەگەر پشتگوێت خست و بیرت لێنەكردەوە ئیتر وردە وردە كەم دەكات یان هەر نامێنێت، وەك ئەوە وایە سواڵكەرێك لە دەرگای ماڵتان بدات ئەگەر دەرگای لێبكەیتەوە و پارەی بدەیتێ‌ ئیتر فێر دەبێت و هەر  دێتەوە، بەڵام ئەگەر هیچت نەدایە ئەوا لە جیاتی ئەوەی هەموو رۆژێك هەفتەی دووجار دێتەوە  دوایی دەیكات بە هەفتەی جارێك ئینجا دووهەفتە جارێك ئینجا مانگی جارێك تا لە كۆتایی بێ‌ هیوا دەبێت و ئیتر نایەتەوە، لەبەرئەوە دەبێت تۆش دژی ئەو بیربۆچوونە هەڵەیەت بوەستیتەوە و بڕوای پێنەكەیت تا كۆتایی دێت.
سێیەم: هەتا بە تەواوی چاك دەبیتەوە و لەو بیروبۆچوونە رزگارت دەبێت ئەوا هەوڵبدە بەتەنیا و بێ‌ ئیش دانەنیشیت، كورد وتەنی شەڕ لە بەتاڵی و بێ‌ ئیشی باشترە، واتە كە بە تەنیا دانیشتی و خۆت بە شتێكەوە سەرقاڵ نەكرد ئەوا ئەو بیروبۆچوونە خۆسەپێنە زوو زوو دێتەوە ناو مێشكت، بەڵام ئەگەر چوویتە دەرەوە و تێكەڵی كەسانی ترت كرد یان خۆت بە كاروچالاكییەوە سەرقاڵ كرد، ئەوا بۆشایی زۆرت نابێت و مێشكت بەردەوام سەرقاڵە لە ئەو كاتەدا جێگا بۆ ئەو بیربۆچوونە خۆسەپێنە نامێنێتەوە و زوو زوو نایەتەوە ناو مێشكت.
چوارەم: بەردەوام بیر لەو هەموو شتە جوانانە بكەرەوە كە خودا پێی داویت، بۆ نموونە خاوەنی چوار منداڵی، هاوسەرێكی باشت هەیە، وەك خۆت دەڵێیت لە هیچ شتێكتان كەم نییە، ئەی بۆ ئەو هەموو شتە جوانانەی ژیانت نابینی؟ خوشكم ئەوەی تۆ هەتە لەوانەیە زۆر ئافرەتی تر لێی بێبەش بێت و هەر لە ئێستاشەوە بەخۆت بڵێ‌ بەختەوەری نەك بەدبەخت، هەر سەركەوتوو بیت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان