رێكارەكانی رووبەڕوبوونەوەی كۆلێرا توندتر دەكرێن

11:29 - 2022-06-21
کوردستان
225 جار خوێندراوەتەوە

بۆ رێگریی لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای كۆلێرا، كە چەند رۆژێكە لە سلێمانی و هەولێر بڵاوبۆتەوە و ژمارەیەك هاووڵاتی داخلی نەخۆشخانەكان كراون، جگەلەوەش رۆژانە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی بەهۆكاری تووشبوونیان بە سكچوون و رشانەوەی توند تۆماردەكرێن، لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكومەت و وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی، رێكاری پێویستیان گرتۆتەبەر و نەخۆشخانەی تایبەت و بودجە و دەرمان و كەرەستەی پزیشكیی پێویستیان تەرخانكردووە.
گرتنەبەری رێكاری پێویست
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، پەیامێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوكردۆتەوە و تێیدا رایگەیاندووە: ‏هەواڵی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆلێرا لە سلێمانی و هەولێر، نیگەرانی كردم. لە پەیوەندیدام لەگەڵ وەزیری تەندروستی لەپێناوی گرتنەبەری رێكاری پێویست بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەم پەتایە. «داوا لە هاووڵاتیان دەكەم، پابەندی رێنمایی تەندروستی و پاكوخاوێنی و خۆپارێزی بن».
دابینكردنی 800 ملیۆن دینار
لەلایەكی دیكەوە، سایتی رەسمیی حكومەتی هەرێم، لە هەواڵێكدا ئەوەی خستۆتەڕوو كە «800 ملیۆن دینار لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كۆلێرا بۆ سلێمانی تەرخانكرا».
لە هەواڵەكەدا هاتووە: بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكانی سكچوون و كۆلێرا لە پارێزگای سلێمانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رەزامەندی داوە بە خەرجكردنی بڕی 800 ملیۆن دینار وەكو بودجەی فریاگوزاریی خێرا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكانی سكچوون و كۆلێرا، كە بۆ ئەوەش وەزیری تەندروستی راسپاردووە بۆ بەدواداچوونی رەوشی تەندروستی و ئامادەیی و پاڵپشتیكردنی هەر پێوستییەك بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەكە.
پلانی فراوان بۆ رێگەگرتن لە كۆلێرا
هەروەها، بەپێی هەواڵێكی دیكەی هەمان سایت «بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی، پلانی فراوان بۆ رێكارەكانی كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكانی سكچوون و رێگەگرتن لە نەخۆشیی كۆلێرا دەگرێتەبەر».
ئاماژە بەوەش كراوە كە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی تەندروستی لە پارێزگا و ئیدارەكان لە رێكارەكان ئاگاداردەكرێنەوە بۆ چڕكردنەوەی كاری پێویست بۆ چالاككردنی لیژنەكانی فەرمانگە و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و تیمەكانی دۆزینەوەی حاڵەت و پەتازانی و توانای تاقیگە و پشكنین و دەرمان و پێداویستیی پزیشكی و نەخۆشخانەكان بۆ پێشوازیكردنی تووشبووان و هەماهەنگیكردن لەگەڵ وەزارەتەكانی شارەوانی و كشتوكاڵ و فراوانكردنی هەڵمەتی هۆشیاریی تەندروستی لە رێگەی دەزگاكانی راگەیاندن و مامۆستایانی ئایینی و چاودێریكردنی شوێنە گشتییەكان لەناو بازاڕ و چێشتخانە و سەرچاوەكانی ئاوی خواردنەوە.
كۆلێرا لە سلێمانی و هەولێر تۆماركراوە
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، لە پەیامێكدا ئەوەی ئاشكراكردووە كە بەهۆی ئەوەی ژمارە و رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی سكچوونی توند زیادیكردبوو، تیمەكانی پەتازانی بۆ دۆزینەوەی پەتای كۆلێرا چەند پشكنینێكیان كردبوو، لە ئەنجامدا ژمارەیەك حاڵەتی كۆلێرا لە تەمەنی جیاواز لە سلێمانی و هەولێر دەستنیشانكران، دوای پشتڕاستكردنەوەی تاقیگەییش، بەهەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) رێكاری پێویست گیراوەتەبەر.
لە سلێمانی رێكاری پێویست گیراوەتەبەر
بۆ ئاگاداربوون لە رەوشتی تەندروستی لە سلێمانی، دوێنێ سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێم، سەردانی سلێمانی كرد و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا کۆبۆوە.  لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیشدا د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند: هەڵسەنگاندنمان بۆ كۆلێرا كردووە. 
وەزیری تەندروستیش رایگەیاند: لە سلێمانی رێكاری باش بۆ رووبەڕوبوونەوەی سكچوون و رشانەوە گیراوەتەبەر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان