ئەزموونی نووسینی شانۆییم و پانۆرامای شانۆی ئەوروپی

12:41 - 2024-07-04
ئەدەب و هونەر
173 جار خوێندراوەتەوە

دانا رەئووف

1 - 2  

لە هەشتاکاندا، کە قوتابی پەیمانگای هونەرە جوانەکان بووم، دواتریش، لە سلێمانی تیپی شانۆی ئەزموونگەریمان دامەزراند، شانۆیەکی فیزیکی، کە لەسەر بنەماکانی جەستە و جووڵەی ئەکتەر و بونیادی وێنەی شانۆیی و دەنگ و بەکارهێنانی سینۆگرافیایەکی بزۆزوە رۆ نرا بوو، جێگای سەرنجم بوو. هەر بەو ئاڕاستەیەشدا کارم دەکرد. نمایشی "چیرۆکی باخچەی ئاژەڵان"ی ئەدوار ئەلبی، نموونەیەکی کارەکانم بوو. 
سەرچاوەکانی ئەم دیدە شانۆییە دەگەڕایەوە بۆ نموونە، سەرسامیم بە ئارتۆ لەلایەک و گرۆتۆڤسکی، جۆلیان بێگ و دواتریش پیتەر برووک و رەوتە شانۆییەکانی تر، کە ئەوانیش بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ژێر کاریگەری ئارتۆدا بوون، لەلایەکی ترەوە. 
ژیانی تاراوگە و تێکه‌ڵاوبوونم بە شانۆی ئەوروپی، زۆر شتی لا گۆڕیم. لە نزیکەوە ئەو شانۆیەم بینی، کە تا ئەو کاتە، هەر لەنێو بەرگی کتێبە عەرەبییەکاندا بەرییان کەوتبووم و هیچ ئەزموونێکی کردەیی و راستەوخۆم، تەنانەت وەک بینەریش بە شانۆی ئەوروپییەوە نەبوو. لێرە بەر شانۆیەکی تر کەوتم، ئێستاتیکایەکی تر، دیدێکی تر بۆ شانۆ، کە زیاتر لەنێو بێدەنگییەوە، لەنێو جۆرە نادیاری و رەوشێکی پڕ لە راز و نیازەوە کاری دەکرد.
لە کوردستان بێکێت-م خوێندبووەوە، لە برێشت گەیشتبووم، کتێبێکیشم لەسەر ئارتۆ نووسی بوو، بەڵام لێرە، کە راستەوخۆ بەر شانۆی ئەوروپی کەوتم، لەوە گەیشتم لە بێکیت نەگەیشتووم، برێشت ئەوە نەبوو، کە من تێگەیشتبووم، ئارتۆ، کە تا ئێستایش سەرسامم بە کارەکتەرەکەی، بە میتۆدەکەی، کاریگەرییەکانی بەسەر شانۆی ئەوروپییەوە لە چەندین ئاڕاستەی تردا کۆدەبنەوە، نەک تەنیا تەکنیک و تیۆر و پراکتیک، بەڵکو پەلی هاویشتووە بۆ زۆر بوار و لایەنی تری هزری و فەلسەفی.
ئەوەی من لەسەرەتای نەوەدەکاندا لە ستۆکهۆڵم، لەندەن، بەرلین و پاریس دەمبینی، بەلامەوە نامۆ بوون، نەمدەزانی بە چ شێوەیەک شێکاری بۆ بکەم، چونکە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو وێنەیەی من بۆ شانۆی ئەوروپی لە کوردستان، لە هزر و ئەندێشەی خۆمدا دروستم کرد بوو، یەکی نەدەگرتەوە!
هەندێک جار دەچووم بۆ بینینی نمایشی دەرهێنەرێکی گەورە، لە شانۆیەکی رووت، چەند دیمەنێکی ساکار، سێ، چوار ئەکتەر بەولاوە هیچی ترم نەدەبینی. دیالۆگی کارەکتەرەکان و ئەو رووداوانەی دەقەکەی پێکهێنابوو، لە رەوتێکی ژیانی رۆژانەدا دەسوڕانەوە، بۆ نموونە پانتاییەکی تەواو داماڵراو لە هەموو شتێک، لە پر بە کورسییەک دەبووە نەخۆشخانەیەک، یان کەنیسە و هۆڵی ماڵێکی دوو کەسی گەنج، یان سەرەڕێگایەک. هیچ جۆرە تەم و مژ و نادیارییەک لە ئارادا نەبوو. هەموو شتێک لە رووکاری دەرەوە ریالیزمێکی داماڵراو، ئێستاتیکایەکی سمبولیزم، بەڵام دوور لە هەموو جۆرە ئاڵۆزییەک. لەگەڵ ئەوەیشدا، کە لە هۆڵی نمایشەکە دەهاتمە دەرەوە، چەندین پرسیارم لا دروست دەبوو، بۆ نموونە ئەو کارەکتەرە یان ئەویتریان کێ بوون؟ بۆ لە پڕ لەوێدا دەرکەوتن، یان چووە دەرەوە؟ بۆ دیمەنەکە، بە تایبەتی لەوێدا کۆتایی هات؟ هەندێک کارەکتەر هیچ جۆرە جووڵەیەکی دەرەکی و ناوەکییان نەبوو، ئەی بۆچی لە کۆتاییدا بەو شێوەیە دەرکەوت. ئەم جۆرە لە ریالیزمێکی سمبۆلیزم لە شانۆنامەکانی بێکێت-یان نزیک دەکردمەوە، زیاتر لە کاریگەرییەکانی ئەو بێدەنگییەی بێکێت خوڵقاندبووی دەگەیشتم. لێرەوە زیاتر لە پیتەر بروک نزیک بوومەوە، بە تایبەتی لە رووە هزرییەکەوە، چۆن لە شەستەکاندا، کە "شالیر"ی خستە سەر شانۆ، بە یارمەتی لێکۆڵینەوەکانی رەخنەگری پۆڵۆنی "یان کۆت" گەڕابووەوە بۆ بێکێت. برووک لە بێکێت-دا دیدی خۆی بۆ تێڕوانینە هونەرییەکانی، لە خوێندنەوەی شالیردا دۆزیبووەوە.
ئەو نمایشانەی لە سوید یان لە وڵاتانی تری ئەوروپادا دەمبینین، بە تایبەتی بەرلین، کە لەم سیی ساڵەی دوایدا بۆتە گرینگترین پایتەختەکانی شانۆ لە ئەوروپادا، تووشی سەر سووڕمان دەهاتم. له‌و نمایشانەی،  نووسەرە شانۆییەکانیان، گەنجەکانی ئەمڕۆی ئەوروپان، هیچ جۆرە سەرەتا و ناوەند و کۆتاییەکم نەدەبینی، هێڵێکی لۆژیکی بۆ رووداوەکان نەبوون، کێشە و ململانێ بوونی نەبوو، کارەکتەرەکان بوونێکی دیاریکراوییان لەخۆ نەدەگرت.

 

 

ئەو نمایشانەی لە سوید یان لە وڵاتانی تری ئەوروپادا دەمبینین، بە تایبەتی لە بەرلین، کە لەم سیی ساڵەی دوایدا بۆتە گرینگترین پایتەختەکانی شانۆ لە ئەوروپادا، تووشی سەر سووڕمان دەهاتم. له‌و نمایشانەی، کە نووسەرە شانۆییەکانییان گەنجەکانی ئەمڕۆی ئەوروپان

 

لە بەریتانیا، کە بە بۆچوونی من بە مەڵبەندی شانۆی جیهانی دادەنرێت، نەک هەر لەبەرئەوەی خاوەنی "شەکسپیر"ن، بەڵکو لەبەرئەوەی هونەری نواندن، دەرهێنان، تەکنیک لەم وڵاتەدا گەیشتۆتە ئاستێکی بەرز، ئەمە جگە لەو مێژووە دێرینەی ئەم شانۆیە، کە بووە بە داب و نەریتێکی گرینگ و لایەنێکی بەبەهای ژیانی رۆژانەی خەڵکی. شانۆ ببووە شتێک، کە رەخنەگر و تەنانەت شانۆکارانیش بە
in-yer-face theatre ئاماژەیان بۆ دەکرد. هارۆڵد پینتەر و سارا کین و شانۆی "رۆیاڵ کۆرت" رۆڵێکی گەورەیان لەم بوارەدا گێڕاوە. 
لە نەوەدەکاندا، بە حوکمی ئەوەی دراماتۆرگ بووم لە شانۆی گەل لە سوید، چەند جارێک سەردانی شانۆی رۆیاڵ کۆرت-م کرد و لەگەڵ دەرهێنەر و دراماتۆرگەکانیاندا باسی ئەوەمان دەکرد، کە شانۆ دەبێت چۆن بێت؟ چ رۆڵێکی هەبووە و ئێستا چ رۆڵێکی هەیە. هەر ئەم شانۆیە ساڵانە وۆرکشۆپیان بۆ نووسینی دەقی شانۆیی دەکردەوە، چەندین شانۆکاری ئەوروپی لەم وۆرکشۆپانەدا بەشدارییان کردووە.  
ئەوەی جێگەی سەرنجە، دەقە کلاسیکییەکانی شکسپیر، مۆلێر، ئیبسن، ستریندبێرگ، چێخەف... هتد لە نمایشە نوێیەکاندا، دەبوونە شتێک بە هەموو شێوەیەک دوور لە بنەما کلاسیکییەکانی شانۆ، ئەو دیدە مۆدێرن و دواتریش پۆستمۆدێرنەی شانۆ، ئەم دەقانەی تەواو هەڵوەشاند و سەرلەنوێ لە نمایشێکی، هەندێک جار ئێجگار جواندا پێشکەش دەکران.
ڕۆژ بە رۆژ زیاتر کاریگەرییەکانی بێکێت-م بۆ دەردەکەوت، ئەم کاریگەرییانە، هێدی هێدی لە جەستەی شانۆی ئەوروپیدا، لە رووی فۆرم، تەکنیک، دیدی دەرهێنەرەکان، ناوەڕۆکی دەقە نوێیەکانی شانۆنامەنووسە گەنجەکانی ئەمڕۆی ئەوروپادا بڵاو دەبوونەوە.
لەم رووەوە "سارا کین" لە لەندەن وەرچەرخانێکی گرینگ بوو، پینتەر بەر لە کێن، کەوتبووە نێو تەڵەکەی بێکێت-ەوە، بەڵام پینتەر زۆر بە ورییاییەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەم هزرە بێکێتییە کرد، لەو رووەوەی پینتەر توانی هزرە رەشەکەی بێکێت و تەکنیکە تەواو ئەبستراکتەکەی لە تەکنیکێکی تردا بنووسێتەوە. پینتەر توانی تەکنیکێکی تایبەت بەخۆی بدۆزێتەوە، کە کاری کردە سەر نەوەیەک لە شانۆنووسانی نوێی دنیا. پینتەر هزرە سەخت و قووڵە رەش و فۆرمە ئەبستراکتەکەی بێکێت-ی هێنایە ناو ژیانی رۆژانەی کارەکتەرەکانییەوە. ئەم رەوتە کاریگەرییەکی راستەوخۆی بەسەر زۆربەی شانۆکارانی ئەوروپاوە بەجێ هێشت، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا "ماریۆس ڤۆن ماینبۆرگ" لە سوید "لاش نۆرێن" و لە دانیمارک "پیتەر ئاسموسن" لە نەرویژ "یۆن فۆسە" و دواتریش "ئاڕنە لێری". ئەوەی خاڵی هاوبەشی ئەم شانۆنامەنووسانەیە، ئەوەیە، کە باسی ئەو مرۆڤانە دەکەن، لە پەراوێزی کۆمەڵگەدا دەژین، ئەو مرۆڤانەی هەرگیز جێ پێی خۆیان ناکەنەوە و لە پەراوێزی کۆمەڵگەیەکی رواڵەت ئاسا و بێ بەهادا ون دەبن. نەوەیەکی بێلانە و بێدەرەتان. 

2024/6/23
ستۆکهۆڵم

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان