چیرۆکێک بۆ منداڵان

کۆلارەکەی ڕاسا

05:31 - 2024-07-04
ئەدەب و هونەر
764 جار خوێندراوەتەوە

عەلی حەمەڕەشید

ئەمجارەیان کۆلارەکەی (راسا) زۆر بە جوانی خۆی رازاندەوە و خۆی ئامادەکرد بۆ گەشتێکی دوور، لەبەر خۆیەوە دەیوت خۆزگە بمتوانیایە (راسا)یش لەگەڵ خۆم ببەم ،بەڵام ئەو بەبێ پرسی دایک و باوکی بۆ هیچ شوێنێک ناچێت.لەم قسانەدا بوو لەگەڵ خۆی ، کامێراکەی (راسا) کە لە گۆشەیەکی پەرتوکخانە بچوکەکەدا بوو وەڵامی دایەوە و وتی جا چییە من ببە لەگەڵ خۆت هەر زۆریش حەز بەو گەشتە دەکەم، تا دەگەڕێینەوە هەر وێنە دەگرم و کە هاتینەوە نیشان (راسا) ی دەدەین.کۆلارە و کامێراکەی (راسا ) رێککەوتن کە پێکەوە گەشت بکەن .وردە وردە بەرەو ئاسان بەرز بوونەوە،(راسا) سەرنجی دا وایدەزانی وەکو جاران لەبەرزییەکی دیاریکراودا دەمێنێتەوە،بەڵام هێندەی زانی لە چاو ون بوو،خۆی گەیاندە سەرو هەورەکانیشەوە.(راسا) بەم کارەی کۆلارەکەی زۆر نیگەران بوو،بۆیە خۆی گەیاندە لای پەرتوکخانەکەی،بینی پارچە کاغەزێکی بچوک دانرابوو ،هەڵیگرت و تەماشای کرد لێینوسرابوو(بۆ راسای هاوڕێم) ئەمیش کردییەوە و کەوتە خوێندنەوەی:(راسا) گیان حەزمدەکرد کە تۆ ببەم لەگەڵ خۆم بۆ ئەم گەشتە، بەڵام زانیم کە تۆ بە بێ رەزامەندی دایە و بابە ناتوانیت بێیت لەگەڵمدا ،بۆیە ناچار بووم لەگەڵ کامێرەکەتدا بڕۆم و دڵنیابە کە هاتینەوە وێنەی جوان جوان دەگرین و نیشان تۆی دەدەین و بە وردی باسی گەشتەکەشمانت بۆ دەکەین.......کۆلارەکەت....) ئیتر لە خەیاڵی ئەوەدا بوو کە ئاخۆ کەی دەگەڕێنەوە ،هێندی زانی یەکێک لە گۆڤارەکان بە هێمنی بانگی کرد و پێی وت هاوڕێ گیان خۆ هەر ئەو هاوڕێت نییە ئێمەش هاوڕێتین ،وەرە من بخوێنەرەوە بادڵخۆشت بکەم..پێنوسە رەنگاوڕەنگەکانیش پێکەوە وتیان هاوڕێی ئازیز ئێمەش ببە بۆلای خۆت بۆ کێشانی وێنەی کۆلارەکە بە رەنگاوڕەنگی و بەجوانی ، دەفتەری وێنەکەش بە پێکەنینەوە وتی منتان بیر نەچێت، پیانۆ بچکۆلەکەش بەئاوازێکی خۆش وتی منیش هاوکارتان دەبم کە ئەوان هاتنەوە بە ئاوازەوە بەخێرهاتنیان لێدەکەین .لەکاتێکدا ئەوان وێنەکانی گەشتەکەیان نیشان(راسا) دەدەن ئەویش ئەو وێنانەی کەدروستی کردووە نیشان ئەوانی بدات و ئەو زانیارییانەی لەکاتی خوێندنەوەدا بەدەستی هێناون بۆیان باس بکات و منیش بە مۆزیک بەشدار دەبم.لەسەر ئەم کارە رێککەوتن و (راسا)  بە خۆشییەوە چاوەڕوانی کۆلارەکەی دەکرد و بەردەوامیش بوو لە وێنەکێشان و خوێندنەوە و پیانۆ بچکۆلەکەش بە ئاوازی ناسک و خۆش ئەو ناوەی خۆشتر کردبوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان