دێتەوە بیرم
سێبەری باڵندەکانم
کۆ دەکردەوە
بەناو باخچەکاندا دەگەڕام و
لەڕاوی تەماشادا شارەزا
هەر باڵندەیەکم دیتبا دەنگم دەچنی
ڕەنگم دەبردەوە ماڵ!
***
ئێستا من
مۆزەخانەیەکم هەیە؛
پڕە لەجریوەی پاساری و
گمەی کۆتر و
چەهچەهەی هوزار...
نیشتنی
رەنگاو ڕەنگی باشوکەم هەیە بەئاسمانەوە
راکردنی کەروێشک هەڵگیراوە
قوڵتی ڕێویەکانم پاراستووە
ئاوڕدانەوەی کارمامزەکان
لەچرکەساتی پێکراندا
دیمەنێکی ناخ هەژێنی
مۆزەخانەکەی منە !
***
زۆرشتی تریش
لەنجەی باران لە ئێوارەیەکی پایز
بەربونەوەی پیاوێکی ڕیش سپی
بەسەر تەمەنی خۆیدا..
بەجێمانی چەند قسەیەکی تەڕ
لەنێوان کچ و کوڕێکی تازە پێگەیشتوو.
لەمۆزەخانەکەی مندا؛
بەریەککەوتن هەیە
بەرپابونی شەڕی دوو مۆدێل
هەڵگیرسانی جەنگی ئەقڵ و
ئاشتبوونەوەی دڵ
***
مۆزەخانەکەی من؛
بەیانیان لەکاتژمێر 10 بۆ 12
ئێواران لە 3وە بۆ 7 کراوەیە..
بێ بلیت،
نرخ لەسەر تەماشای کەس دانەنراوە.
من دەزانم تابلۆی کۆچی باڵندەکان
زۆرترین بینەری هەیە،
من دەزانم!