باخچە و بلوارەکانی سلێمانی سەوز دەکرێنەوە

بەهرۆز سالار: بڕی دوو ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی پارکی ئازادی تەرخانکراوە

12:05 - 2024-07-07
دیدار
242 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی/ ئالان محەمەد جەزا

ماوەی چەند مانگێکە دەستکراوە بە سەوزکردن و نۆژەنکردنەوەی باخچە و بلوارەکانی سلێمانی، بۆیە بۆ زیاتر ئاگاداربوون لە وردەکارییەکان بەرێوەبەری باخچەكانی سلێمانی بەهرۆز سالار-مان دوواند و لەوبارەیەوە وتی: 
لە ساڵی 2023 وە پلانێكی باش دانراوە بۆ نۆژەنكردنەوەی هەندێك پارك و باخچەو بلوار و شەقامەكان لەڕووی سەوزایییەوە و ساڵی پار 70 باخچە و بلوارمان نۆژەنكردۆتەوە و بە دیزاینێكی مۆدێرنتر و جوانتر نموونەی وەك ئەوەی پاركی ئازادی.
هاوکات سەبارەت بە پلانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بۆ سەوزكردن بەهرۆز سالار دەڵێت: ئێستا هەرشوێنێك سەوز یان نۆژەن دەكەینەوە، دوو پلانی زۆر گرنگمان بۆ داناوە، چونكە لە سەوزكردنەكەی گرنگتر ئەوەیە چۆن بەڕێوەی دەبەین و خزمەتی دەکەین. 
واتا پلانمان ئەوەیە هەر شوێنیك سەوز بكەین یان نۆژەنی بكەینەوە، پلانی خزمەتكردنەكەی بۆ ئاودێریكردنی دادەنێین، ئەمەش زۆر گرنگە بۆئەوەی بەردەوام ئەو سەوزاییە بمێنێتەوە.
*لە كوێوە دەستكراوە بە نۆژەنكردنەوە و سەوزكردن؟ 
سەرەتای نۆژەنكردنەوە لە باخی گشتییەوە دەستپێكرا بە بەرگێكی نوێوە باخی گشتی بەڕووی هاوڵاتیاندا کرایەوە.
ئێستاش زۆر بەچڕیی خەریكی نۆژەنكردنەوەی پاركی ئازادین كە لە نیوەی ساڵی پارەوە دەستمان پێكردووە و بەپێی ئەو پلانەی دامانناوە تاكۆتایی ساڵ بەردەوام دەبین و شتێكی ئەو تۆ نامێنێت لەو پلانەی دانراوە كە بڕی دوو ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە لەلایەن وەبەرهێنەر زریان جەزا خاوەنی ئەوین ستی یەك و دوو. ئێستاش خەریکی نۆژەنكردنەوەی سەرجەم یاری منداڵانەکانن كە هەموویان گۆڕاوە بە سێتی نوێ و لەگەڵ تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی خەریكی نۆژەنكردنەوەی دەریاچەکەی پارکی ئازادی. 

 

بەهرۆز سالار: لە مانگی 9 ی ئەمساڵدا هەڵمەتێكمان هەیە بۆ نۆژەنكردنەوەی بلوارەکانی (سلێمانی-تاسلوجە) و رێگە ناوەندییەكەی و بلواری بازنەی مەلیك مەحمود

 

*پلانی نوێی بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی چییە؟ 
لە مانگی 9 ی ئەمساڵدا  هەڵمەتێكمان هەیە بۆ نۆژەنكردنەوەی بلوارەکانی (سلێمانی-تاسلوجە) و رێگە ناوەندییەكەی و بلواری بازنەی مەلیك مەحمود كە هەندێك زەرعی نوێی تێدا دەکرێت لە گوڵ و پەرژین و نەمام و جوانكاری تێدا دەكەین بەشێوەیەكی جوان و مۆدێرن كە ئەو نەمامانەی دەچێنرێت تایبەتن بە كەشوهەوای سلێمانی و دیراساتی لەسەر كراوە، بۆیە بە پێی ئەو پلانە لە مانگی 9 تا مانگی 11 كاری باشدەكەین لەهەردوو بلوارەكە و چەند بلوارێكی دیكەی گشتی شاری سلێمانی لە شەقامە گشتییەكان و هەندێك باخچە.
*بۆ ئەم وەرزی گەرمایە پلان چییە بۆ ئاودێریی؟
ئێستا ئێمە بەچڕیی خەریكی ئاودێریكردنین، چونكە لە وەرزی گەرماداین و پلانێكی زۆر باشمان داناوە كە نزیكەی 30 تەنكەرمان هەیە و نزیكەی 30 تەنكەری دیكە ساڵانە بەكرێ‌ دەگرین ئەمانە بە بەردەوامی ئاو بۆ ئەو باخان دەبەن كە ئاویان نییە بۆ ئەو خەزانانە دەبەن كە بیریان نییە یان بەهۆكارێك بیرەكەیان ئاوی پێویست نادات، لەگەڵ نەمامەكانی سەرشەقامەكان و بلوارەكان بە بەردەوامی بەدواداچوون هەیە بۆ پاراستنی ئەو سەوزاییەی هەمانە تا لە وەرزی گەرمادا بیانپارێزین لە دوای مانگی هەشتەوە پلانەكانمان دادەنێینەوە بۆ نۆژەنكردنەوە چاندن و سەوزكردنی باخچەكان بە شێوەیەكی رێكوپێك. 
* گرنگی نۆژەنکردنەوەی پاركی ئازادی چییە؟   
لەبەر گرنگی پارکی ئازادی وەک شوێنێکی گەشتیاریی و ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو گەشتیارێكی زۆر روویانكردە سلێمانی و پاركی ئازادی بە تایبەتی زۆرینەی گەشتیاران لە شارەكانی تری عیراق لە ناوەند و خوارووی عیراقەوە سەردانی پاركی ئازادیان كرد، دڵگیریی شوێنەكە هەرزانیی لە نرخ و خواردن و خواردنەوەكان شاری یاری و باخچە و شوێنی حەوانەكەی وایكردووە زیاتر گەشتیار سەردانی بكات، لە ناوخۆی سلێمانیش زۆربەی رۆژەكان فێستیڤاڵی جۆراوجۆری تێدا دەكرێت و خەڵكی سلێمانی و هەولێر و كەركوك و شوێنەكانی تر سەردانی ئەو پاركە دەكەن.

لەڕێگەی 60 تەنکەرەوە ئاو بۆ باخچەو بلوارەکانی سلێمانی دابین دەکرێت

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان