تیپی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی خۆی بەدەستی خۆی وای لەخۆی كرد بكەوێتە گێژاوی سەركەوتن بۆ خولی ئەستێرەكانی عیراق.
رۆژی هەینی رابردوو ئەم تیپەی شاری سلێمانی لە یاریگای خۆیدا میوانداریی لە تیپی یانەی مەسافی كرد، بەهەر نرخێك بوایە دەبوو پێشمەرگە یارییەكەی ببردایەتەوە، چونكە یاریگا و هاندەرانی خۆی لە پشتی بوون، بەڵام ئەمجارەش دوو خاڵی گرنگی تری ئاسانی لەدەستی خۆیداو 2-2 لەگەڵ مەسافی یەكسان بوو، ئەم یەكسان بوونە چووە پاڵ دۆڕاندنی یەكەم یاریی ئەم قۆناغەی یارییەكان، كاتێك لە هەفتەی یەكەمی یارییەكانیشدا بەهەمان شێوە هەلی یاریگا و هاندەرانی لەدەستی خۆیداو 0-1 بە ئیتیساڵات دۆڕا، لەدەستدانی ئەم 5 خاڵە، وایكرد بكەوێتە گێژاوێكی سەختەوە بۆ سەركەوتن بۆ خولی ئەستێرەكانی عیراق.
ئێستا لەم گروپەی یانەی بەشدارەكاندا(گروپی دووەم) دیالە بووە بە یەكەمی گروپەكە هەرچەندە یارییەكیشی ماوە لەگەڵ مەسافی بیكات و بەرەسمیش بوو بە سەركەوتووی ئەم گروپە بۆ خولی ئەستێرەكانی عیراق، پێشمەرگەش بۆ پلەی دووەمی دابەزیوە و تەنانەت پلەی دووەمییەكەشی لە مەترسیدایە، بۆیە دەڵێین لە مەترسیدایە چونكە:
*پێشمەرگە 7 خاڵی هەیەو دووەمە.
*مەسافی 6 خاڵی هەیەو سێیەمە.
یاریی داهاتویی پێشمەرگەش لە یاریگای ئیتیساڵات دەبێت، مەسافیش لەگەڵ دیالە یاریی دەكات، دیالە هیچ پێویستییەكی بە ئەنجامی ئەم یارییە نییە چونكە بووە بەیەكەمی گروپەكەو سەركەوتووە بۆ خولی ئەستێرەكانی عیراق.
بۆ ئەوەی هیوایەك بۆ پێشمەرگە بگەڕێتەوە، یەكەم دەبێت خۆی لە ئیتیساڵات بباتەوە، دووەمیش ئەوەیە دەبێت چاوەڕوانی ئەنجامی یاریی دیالەو مەسافیش بێت تا دیالە لە مەسافی دووەم بباتەوە یان یەكسان بێت ئەوسا پێشمەرگە هیوایەكی كەمی بۆ دەگەڕێتەوە بۆ مانەوە لە ركابەریدا بۆ سەركەوتن بۆ خولی ئەستێرەكانی عیراق هەرچەندە دەكەوێتە گێژاوێكی سەختەوە بەوەی:
*ئەگەر دووەم بێت دەبێت یاریی پلەی ئۆف لەگەڵ دووەمی گروپی یەكەم بكات كە یانەی رومادییە، براوەی رومادی و دووەمی گروپی دووەم، دەچێتەوە قۆناغێكی تری پاڵاوتن ئەوەیش ئەوەیە لەگەڵ دوا تیپەکانی ریزبەندیی خولی ئەستێرەكانی عیراقیشدا پلەی ئۆفی كۆتایی دەكەن كە یەكێك لەو یانانە یەكێكیان دەگاتەوە خولی ئەستێرەكانی عیراق و ئەمەش ئەركێكی قورسە.