(ستایلی سونەتی تێكەڵ بەموزیكی گەلان بكرێت)

رێڤین ئاراس: هونەر پەیامی نەتەوایەتی و كەلتوری دەگەیەنێت

03:01 - 2024-07-07
هەمەرەنگ
91 جار خوێندراوەتەوە

رێڤین ئاراس، هونەرمەندێكی لاوی هەڵەبجەیە، لە منداڵییەوە دەستی بەكاری  هونەری كردووە، خاوەنی چەند بەرهەمێكی هونەرییە بە ستایلی سونەتی.
رێڤین ئاراس بە دوالاپەڕە دەڵێت: لە سەرەتای منداڵییەوە دەستم بەكاری هونەری و گۆرانی وتن كردووە، ئەوكات لە چەندین كاری هونەری كازیوەی منداڵانی سەر بە منداڵپارێزی كوردستان بەشداربووم، خولیام بۆ گۆرانی وتن  زیاتر وابەستەی كاری هونەری كردم، تا ئێستاش بەردەوامم، گۆرانی مامۆستا مەزهەری خالقی و (گوڵە هۆ حاجی مریەم) زیاتر منی لەنێو جەماوەر دەرخست و هەوادارێكی زۆری بەڕووی كارە هونەرییەكانمدا هێنا، هەروەها ( شنەی ئێوارە و نازەنین) دوو بەرهەمی تایبەتی خۆمن، كارەكانیشم لە چوارچێوەی ستایلی سونەتیدایە، هەڵبەتە دەشێت لەگەڵ موزیكی گەلان هاوبەشی بەم ستایلەم بكەم، لە ئێستاشدا سەرقاڵی بەرهەمێكی تری هونەریم كە لە داهاتوویەكی نزیكدا بڵاودەكرێتەوە.
رێڤین وتیشی: پشتیوانی لە بواری هونەر و هونەرمەندان لە ئاستێكی مامناوەندە، بەڵام دەكرا زیاتر پشتیوانی بكرایە، لە رێی هونەریشەوە زیاتر كورد ئاشنای گەلان بكرایە، چونكە هونەر بەشێكی سەرەكی پەیامی نەتەوایەتی و كەلتوری دەگەیەنێت، گرنگ بوو لە تەواوی كوردستان گروپێكی سێمفۆنی تۆكمە و باش هەبوایە، كە بەردەوام كاریان بكردایە، نەك لەو كاتەی كە پێویست بێت ئەوجا دەستبەكار بكەن.
محەمەد تۆفیق نەورۆڵی

بابەتە پەیوەندیدارەکان