راپۆرتی/ ئیدریس جەبار
د.سامان بەرزنجی:
رێژەی هەرەزۆری نەخۆشییەكە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە
تای خوێنبەربوون، لەو پەتایانەیە كە لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا لە عیراق و هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو بڵاوبوونەوە و ژمارەی تووشبوون بە پەتاكە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كەمە، وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان بۆ كوردستانی نوێ، باس لە مەترسی نەخۆشییەكە دەكات و دەڵێت:״رێژەی مردن و پەككەوتن بەهۆی نەخۆشییەكەوە، لە تێكڕای نەخۆشییە گوازراوەكانی تر زیاترە״، ئەندامێكی لیژنەی تەندروستی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش لەبارەی نەخۆشییەكەوە هاووڵاتیان ئاگاداردەكاتەوە و رێنمایی هەیە.
ئەگەری گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەكەوە
د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەتدا سەبارەت بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون بە كوردستانی نوێی راگەیاند:״نەخۆشی تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەكی گوازراوەیە و بەهۆی ڤایرۆسی Viral hemorrhagic fever لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بە دەگمەنیش چانسی ئەوە هەیە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە، ئەمەش بە رێژەیەكی كەم، چونكە رێژەی هەرەزۆری نەخۆشییەكە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، مەترسی نەخۆشییەكە لەوەدایە رێژەی مردن و پەككەوتنی بەراورد بە نەخۆشییە گوازراوەكانی تر زۆر زیاترە، بەوپێیەی مرۆڤی تووشبوو بە خێرایی و خراپی باری تەندروستی تێكدەچێت، تووشی خوێنبەربوونی دەكات لە تەواوی جەستەی، بۆیە تووشبوو دەخرێتە ژێر چاودێری چڕ و هەناسەدانی دەستكرد، بەو هۆیەی ئەگەری گیانلەدەستدانی زۆرە و لەنێوان 20 % بۆ 60 %״.
د. سامان بەرزنجی دەڵێت:״بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە لە كاتێكدایە كە زۆر بە ئاسانی و بە سادە و ساكاریی دەتوانرێت خۆمانی لێ بپارێزین، بەڵێ لە ماوەكانی رابردوودا ژمارەیەكی زۆری تووشبوون بە نەخۆشییەكە لە پارێزگانی عیراق تۆماركراوە، بەداخەوە لە هەرێمی كوردستانیش ژمارەیەك كەس تووشی نەخۆشییەكە بوون كە حەوت كەسن، حاڵەتەكان لە هەرێمی كوردستان ئێستا بەباشی كۆنترۆڵكراوە، بەڵام حاڵەتی تووشبوون هەر هەیە، كۆنترۆڵكردنەكەی لە هەرێم بەو واتایەی رێژەی بڵاوبوونەوە و تەشەنەكردنی بەراورد بە پارێزگاكانی تری عیراق زۆر نییە״.
د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، بۆ كوردستانی نوێ وتی:״بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ تۆماركردنی حەوت حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون، حاڵەتێكی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەكەوە تۆماركراوە، لە هەمانكاتدا توشبووەكانی تر باری تەندروستییان جێگیرە و چارەسەركراون و رەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە، بەو هیوایەین ئەو گیانلەدەستدانە كۆتا كەیس بێت و حاڵەتی تر نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا تیمەكانمان چاودێریی چڕی بارودۆخەكە دەكەن، تیمەكانی دۆزینەوەی حاڵەتەكان زۆر بە چالاكانە رۆژانە لە هەر شوێنێك گومانلێكراو هەبێت، نیشانەكانی هەبێت، پشكینی تەواو بۆ خۆیان و دەوروبەرەكانیان دەكەن، لەكاتی دڵنیابوونەوە و دەرچوونیش حاڵەتەكان رادەگەیەنین״.
د. گەیلان قادر:
هەر گۆشتێك مۆری سەربڕینخانەی پێوە نەبوو مەیكڕن
نەخۆشییەكی مەترسیدارە
د.گەیلان قادر ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، سەبارەت بە ئاستی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون و مەترسییەكانی لەسەر تەندروستی گشتیی كۆمەڵگە، بە كوردستانی نوێی راگەیاند:״تای خوێنبەربوون نەخۆشییەكی مەترسیدارە و بە رێژەی 20 % ئەگەری هەیە كەسی تووشبوو بەهۆی نەخۆشییەكەوە گیانلەدەست بدات״.
د. گەیلان قادر، لەبارەی زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە وتی:״ئەو نەخۆشییە زیاتر لە پارێزگاكانی باشووری عیراق بڵاوبووەتەوە و ئەوان لە لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عیراق و وەزارەتی تەندروستی عیراق، تاوتوێی ئەو كێشە تەندروستییەیان كردووە، لەكاتێكدا كێشەكە تەنیا لای تەندروستی نییە، بەرپرسیارێتییەكە زیاتر لە ئەستۆی ڤێتێرنەری و ئیدارەی پارێزگاكان و یەكە ئیدارییەكانە، بەو پێیەی نەخۆشییەكە لە پرۆسەكانی سەربڕینی ئاژەڵەوە بڵاودەبێتەوە، دەبێت ئەو ئاژەڵانەی لای گۆشتفرۆشەكان سەردەبڕدرێن كۆنترۆڵ بكرێن، چونكە ئەوەی بەدی دەكرێت لەو پارێزگایانە، ئاژەڵەكان لە شوێنە تایبەتەكاندا سەرنابڕدرێن، بەڵكو لە شوێنە گشتییەكاندا سەردەبڕدرێن و هەر كەسە و لەبەردەم دوكانی گۆشتفرۆشییەكەیدا ئاژەڵەكە سەردەبڕێت و گۆشتەكەی دەفرۆشێت״.
ئاگادارییەك بۆ هاووڵاتیان
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران هاووڵاتیان ئاگاداردەكاتەوە و دەڵێت:״پێویستە هاووڵاتیان ئاگاداری ئەوەبن، هەر گۆشتێك مۆری سەربڕینخانەی پێوە نەبوو، یان دڵنیانەبوون لە گۆشتفرۆشەكە نەیكڕن، دەبێت ئەو دایك و خوشكانەی گۆشتەكەش دەكوڵێنن، دەستكێش لەدەست بكەن، چونكە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون بەهۆی گۆشتەوە، تا ئەو كاتەیە گۆشتەكە دەخرێتە ناو مەنجەڵەوە بۆ كوڵان، بەو پێیەی نەخۆشییەكە لەكاتی كوڵانی گۆشتەكە كاتێك ئاستی كوڵانی دەگاتە سەرو 60 پلە، كاریگەریی نامێنێت، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان ئاگاداری ئەو خاڵەبن، چونكە نەخۆشییەكە توانای ئەوەی هەیە لە ماوەیەكی خێرادا بگوازرێتەوە، بە تایبەت لەكاتی بوونی برین لە دەست و پەنجەی ئەو كەسەی گۆشتەكە دەكوڵێنێت و دەستكێشی لەدەستدا نییە، ئێمەش لە لیژنەی تەندروستی لەدوای ئەم وەرزی یاسادانانە، داوامان لە وەزارەتی تەندوستی عیراق كردووە، بە رەسمی ژمارەی توشبووان و گیانلەدەستدانمان رادەست بكات بەو نەخۆشییە، تا گوشار بخەینە سەر وەزارەتی تەندروستی و پارێزگاكان، زیاتر رێگە لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەكردنی نەخۆشییەكە بگرێت״.
عیراق لەنێوان ئەو وڵاتانەدایە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە نەخۆشی تای خوێنبەربوونی تێدایە، بۆ یەكەمجاریش لە ساڵی 1979 نەخۆشییەكە لە عیراق دەركەوت، كە بەپێی رێكخراوی تەندروستی جیهانیی بە دەیان كەس تووشی نەخۆشییەكە بوون، لە عیراق ساڵی 2023 نزیكەی 500 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشییەكە تۆماركراوە و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تائێستا زیاتر لە 50 حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشییەكە تۆماركراوە.
دەرمانڕێژکردنی شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون