هەر جارەی تێكۆشەرێك

نەورۆز زڕگوێزی، پێشمەرگەی دێرین

11:09 - 2024-07-08
کوردستان
375 جار خوێندراوەتەوە
نەورۆز زڕگوێزی لە سەردەمی پێشمەرگایەتیدا

ئالان محەمەد جەزا

 

پرۆفایل


نەورۆز محەمەد ئەحمەد ناسراو بە نەورۆزی حەمە زڕگوێزی.
لە دایكبووی رۆژی 21/3/1961ی سلێمانی.
 دەرچوی ئامادەیی پیشەسازی سلێمانییە.
 ساڵی 1979 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و ساڵی 1981 بووە بە پێشمەرگە.
ئێستا لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێیە.




بەرنامەی پەروەردەكردن و پێگەیاندنی ئەندام و كادرانی یەكێتی و شۆڕشی نوێ، لە ئاستێكی زۆر بەرز و بە دروسترین و پێشكەوتووترین شێواز پیادە دەكرا، زۆریش كاریگەربوو، بێشك ئەو بەرنامەیەش تایبەت بوو بە (كۆمەڵە) و دواتریش یەكێتی سودی زۆری لێبینی.
بەرنامەی (ژیانی رێكخراوەیی) كۆمەڵە، بە جۆرێك بوو لە (شانە)ی بچوك و تێنەپەڕێت كە سەرۆك شانەیەك سەرپەرشتی دەكردن و ئەویش پەیوەندی بەسەروو خۆیە هەبوو.
گرنگی و نهێنی شانە بچوكەكانی خوارەوە لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو تا لەكاتی ئاشكرابوونیان، كەمترین قوربانی لێبكەوێتەوە، هاوكاتیش هەر رێكخراو و كەسێك ناوی نهێنی بۆ دادەنرا، ئەوەش سودی زۆری هەبوو بۆ ئاشكرانەبوون، یان كاتی زیندانیكردن.
گرنگیی زۆریش دەدرا بە لایەنی رۆشنبیری و خوێندەواری و بڕوانامە، بە دەست و داوێن پاكی و ژیری و نهێنی پارێزی و پاشان قوربانیدان بەخۆت بۆ بەنهێنی هێشتنەوەی زانیارییانەكان و پاراستنی هاوخەباتەكانت، هەر لەو رێگەیەشەوە تێكۆشەران گەورەرین سەروەرییان تۆماركرد، چ لە زیندان و چ پێشمەرگایەتیدا.
بـــــــارودۆخەكەش ململانێ بـــوو لـــە نێوان لـە ناوبردن و مانەوەدا، رەوشی كورد دوای ئاشبەتاڵ  زۆر خراپ و پڕ كارەسات بوو، رژێم دەستی واڵا كرابوو بۆ تۆڵەكردنەوە لە كورد و توانەوەی لەناوی عەرەبدا، بەرنامەی تایبەتی هەبوو بۆ ئەوە.
رۆژانە دەبینرا كە تاكی كورد بەگشتی و گەنج بەتایبەتی دەبوونە قوربانی و هەوڵی بە بەعسی كردن و دوورخستنەوەیان دەدرا لە خێزان و كۆمەڵگە، بۆیە ئەركی رێكخستن زۆر سەخت بوو، مەترسیی زۆریش لەبەردەم رێگەی كاركردنیاندا بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەندامانی رێكخستن و تێكۆشەران بەگشتی خاوەن ئیرادەیەكی بەهێزبوون، تەنانەت كە گەنجێك دەگیرا، ئەشكەنجەی زۆر دەدرا و بگرە لە سێدارەش دەدرا، كەچی ئیعترافی نەدەكرد و تۆڕەكانی رێكخستنی دەپاراست، بەدەم وتنەوەی سرودەوە رووبەڕووی دوژمن دەبوونەوە.
ناحەقی و زوڵمی بەعسی داگیركەر گەیشتبووە لوتكە، ئەمانە و زۆری دیكەش، هۆكاری گەرمتركردنی گیانی بەرگری بوون لەلای تاكی كورد.
دوای سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێ، هەر زوو ماڵی ئێمە بەهۆی (سەیوان)ی براگەورەمەوە، بووە لانكەی كاری رێكخستن و بەردەوام كۆبوونەوەی لێدەكرا، ئەوكاتانە من زیاتر وەك پاسەوان و چاودێر ئیشیان پێدەسپاردم، راستەوخۆ تێكەڵی رێكخستن نەبووم، بەردەوام نامە و بڵاوكراوەكانیشم دەخوێندەوە و لە كاتی پێویستدا بۆشم دەگواستنەوە.
ئێمە هەموومان كە لە رێكخستندابووین، دایك و باوكمان ئاگاداربوون و هەمووشتێكیان دەربارەی ئێمە دەزانی. دوای (سەیوان و ئاراس)ی برام كە لەخۆم گەورەتربوون و لە رێكخستندابوون، لە رێگەیەكی ترەوە پەیوەندیم كرد و ژیانی رێكخراوەییم درێژەی كێشا تا بووم بە پێشمەرگە. 
ئەگەرچیش لە ساڵانی (1977 و 1979 و 1980) چوومە دەرەوە و دەمویست ببم بە پێشمەرگە، بەڵام هەرسێ جارەكە وەریان نەگرتم و دەیانوت مادام لەلایەن رژێمەوە مەترسیت لەسەر نییە، باشترە بڕۆیتەوە بۆ درێژەدان بە خوێندن و كاری رێكخستن.
دواتر خوێندنم تەواوكرد، بەخۆشییەكی زۆرەوە و بە بڕوانامەوە، رێگەی خەباتی شاخم گرتە بەر و بووم بە پێشمەرگە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان