یەكێتی خۆی بۆ هەموو پێشهاتەکان ئامادە دەکات

12:29 - 2022-06-21
دووتوێ
533 جار خوێندراوەتەوە

ئاوێنەی عیراق

رەتكردنەوەی براكوژی 
تاڵەبانی لە چاوپێكەوتنەكەدا جەختی لەسەر پشتیگریی لە حكومەتی هەرێم و سەرخستنی بەرنامەكانی چاكسازیی و بەرگری لە ماف و دەستەكەوتەكانی گەلی كوردستان  كردەوە، هەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیشی خستنەڕوو كە دژ بە هەموو ئەو هەنگاوانەیە كە هەڵدەنرێن و دەبنە رێخۆشكەر بۆ شەڕی نێوان لایەنە كوردییەكان، كوشتنی كوردیشی بەدەستی كورد بە هێڵی سور دانا. 
نێوەندە سیاسی و میللییەكان لە عیراق، ستایشی سەردانەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان كرد بۆ بەغدا، لەپێناو كۆتایی هێنان بە چەقبەستنی سیاسی و پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، تا ببێتە مایەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بە هاووڵاتیان. 
یەكخستنی ماڵی كورد لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی سەدرییەكان
نێچیرڤان بارزانی  سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە 14ی حوزەیرانی 2022 داوای یەكگرتنی لە هێزە سیاسییە كوردستانییەكان كرد، لەدوای پاشەكشەكردنی سەدر لە پرۆسەی سیاسی عیراق.  
بارزانی لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) رایگەیاند»بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە دوایین پەرەسەندنە سیاسییەكان لە عیراق، هیواخوازیین هیچ ئاڵۆزیی و تەنگژەیەك نەیەتەئارا و ئەنجومەنی نوێنەران نوێنەرایەتی هەموو عیراقییەكان بكات». 
لەم رەوشەی ئێستای عیراقدا، بارزانی داوای یەكڕیزی و تەبایی و یەكگرتنی لە لایەنە كوردستانییەكان كرد. 
دیالۆگێكی هێمنانە 
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوای لە لایەنە سیاسییەكانی عیراق كرد، دیالۆگێكی هێمنانە سازبكەن و ئاستی داواكارییەكانیان كەمبكەنەوە، سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ بۆ بەرگرتن لە تێكچوونی سەقامگیریی لە وڵات، ئەلینا رۆمانۆسكی باڵێوزی نوێی ئەمریكاش لە بەغدا، لای خۆیەوە ستایشی رۆڵی تاڵەبانی كرد لە رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی خێزانی. 
لە 16ی حوزەیرانی 2022، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر، پێشوازیی لە ئەلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی نوێی ئەمریكا كرد لە بەغدا، لە كۆبوونەوەی نێوانیان، باس لە پرۆسەی سیاسی لە عیراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا. 
لە كۆبوونەوەكەدا كە كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر ئامادەی بوو، تاڵەبانی پیرۆزبایی لە رۆمانۆسكی كرد، بە بۆنەی دەستبەكاربوونی لە ئەركەكەیدا وەك باڵیۆزی نوێی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە عیراق، هیوای بۆ خواست بتوانێت لەماوەی كارەكەیدا ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا لە بوارە جیاجیاكاندا بەرزبكاتەوە و پەیوەندییەكان زیاتر پەرەبستێنن. 

سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵ بۆ كۆكردنەوەی نێو ماڵی كورد دەدات   

هەردوولا لە بڕگەی سەرەكی كۆبوونەوەكەیاندا، رەوشی سیاسی لە عیراق و ئاستەنگەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقیان تاوتوێ‌ كرد، تاڵەبانی لای خۆیەوە ئاماژەی بەو مەترسیانە كرد كە روویان لە پرۆسەی سیاسی عیراق كردوو، جەختیشی لەسەر پێویستی رەچاوكردنی لایەنە سیاسییەكانی عیراق كرد بۆ ناسكی رەوشەكە و گرنگی سازدانی دیالۆگێكی هێمنانە و كەمكردنەوەی ئاستی داواكارییەكان، لەپێناو بەرگرتن لە تێكچوونی سەقامگیریی لە عیراق، داواشی لە وڵاتە هاوپەیمان و دۆستەكانی عیراق كرد، رۆڵی ئەرێنی ببینن بۆ نزیككردنەوەی راوبۆچوونی لایەنە سیاسییەكانی عیراق. 
لەلایەكی ترەوە لە كۆبوونەوەكەدا، باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەو بارەیەوە، جەختی لەسەر گرنگی چارەسەركردنی كۆی كێشە و ناكۆكییەكان كردەوە لەلایەن هەردوو، بەمەبەستی گەیشتن بە رێكەوتن كە هەموو كاروبار و كەرتەكان بگرێتەوە. 
لەبەرامبەردا باڵیۆزی نوێی ئەمریكا لە بەغدا، پشتیوانی رەهای خۆی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی، تەئكیدیشی لەسەر گەشەپێدانی پەیوەندییەكان لە بوارە جیاجیاكاندا كردەوە، لە هەمان كاتدا ستایشی رۆڵی تاڵەبانی كرد لە رووبەڕووبوونەوەی بۆ توندوتیژی خێزانی. 
 یەكێتی لەگەڵ چارەسەرە 
هەر سەبارەت بە رەوشی عیراق، ئەمین باباشێخ ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، یەكێتی بەخەمخۆرییەوە دەڕوانێتە پێشهاتە سیاسییەكانی وڵات، و لەهەر شوێنێك چارەسەر هەبێت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەوێ‌ دەبێت. 
باباشێخ لە زنجیرەیەك تویتیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) رایگەیاند»لەنزیكەوە چاودێری پەرەسەندنە سیاسییەكان دەكەین لە عیراق و چاوەڕوانی رێكارە دەستوری و یاساییەكانین سەبارەت بە دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی رەوتی سەدری، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نایەوێت پێش رووداوەكان بكەوێت و خۆی بۆ هەموو ئەگەرەكان ئامادەكردووە». 
بە وتەی باباشێخ»هەر كاتێك هەست بە بوونی چارەسەر بكەین، ئێمە وەك یەكێتیی نیشمانیی كوردستان و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی گەلەكەمان، دەستپێشخەریی گونجاو دەكەین، و ئامادەی هەموو جۆرە دانوستانێكین». 
ئەمین باباشێخ دەڵێت»ئێمە بەبێ‌ ئاڵۆزی و بە روونی سیاسەت دەكەین و بەرپرسانە بیردەكەینەوە، و خۆمان بە بەرپرس دەزانیین بەرامبەر بە چارەنوسی گەل و وڵاتمان». 

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان