ئەزموونی نووسینی شانۆییم و پانۆرامای شانۆی ئەوروپی

11:21 - 2024-07-11
ئەدەب و هونەر
49 جار خوێندراوەتەوە


دانا رەئووف


2 - 2  

ئەوەی لەم دەقە نوێیانەی شانۆی ئەوروپیدا گرنگە ئاماژەی بۆ بکەم، ئەوەیە ململانێی نێوان پاڵەوانەکان و رووداوەکانی نێو دەقەکانیان ئاڕاستەیەکی تر لەخۆ دەگرێت، یان دەتوانین بڵێین پاڵەوان بوونی نییە. شەڕی نێوان ئەم دەقانە، شەڕی ململانێی چینایەتی و بورژوازییەت نییە بەو شێوەیەی لە شانۆنامە تقلیدییەکاندا دەخرانە ڕوو، یان شەڕی نەوەکان و پەردە هەڵماڵینی درۆکانی نێو کۆمەڵگە و خێر و شەڕ، بەڵکو جیاوازییەکانی بیرکردنەوەی منداڵ و دایک و باوکەکان چ ئەنجامێکی لێ دەکەوێتەوە، نەبوونی تێگەیشتن، کەس لە کەس ناگات، بێدەنگی و تەنیایی. ململانێکان زیاتر ناوەکین، وەک لەوەی لە رووکاری دەرەوە بتەقنەوە. ئەم دەقانە گەڕانەوەیەکە بۆ ناوەوە و پێداگرییەکە لەوەی، کە راستییەکان لە قووڵاییه‌کاندان.  لەم تەکنیکەدا دووبارە بوونەوە، بێدەنگییەکی ترسناک، هەندێک جار ریتمێکی هێمن، ترسێکی گەورە، هەروەها کۆمیدیایەکی ڕەش وێنای ئەو ململانێیە دەکات، کە شانۆی مۆدێرنی ئەوروپی لە ستریندبێرگ، ئیبسن و چێخەفەوە بۆی ماوەتەوە. بێگومان ئەم کەلتوورە دەوڵەمەندە لای بێکێت، کە دەبێتە سەرەتایەکی تر بۆ نەوەکانی دوای خۆی، ئاڕاستەیەکی تر وەردەگرێت، وەک لای سەرەوە ئاماژەمان بۆ کردووە.

دەتوانم بڵێم؛ ئەو دەقانەی من نووسیومن، لە رووی زمان و تەکنیک و دراماتۆرگی و رۆنانی درامییەوە، بە شانۆی کوردی نامۆن و بۆ ئەزموونی نووسینی دەقی شانۆنامەی کوردی تازەن

 لەم تەکنیکە نوێیەی شانۆنامەنووسە ئەوروپییەکاندا، کات رۆڵێکی گرنگی هەیە، بەڵام بە جۆرێکی تر. ستریندبێرگ لە شانۆنامەی «خەونەنمایشێك»دا دەرگایەکی فراوان بە رووی شانۆیەکی مۆدێرن و دواتریش پۆستمۆدێرندا دەکاتەوە. ئەم دەقەی ستریندبێرگ بەتەواوی یەکەی کات و شوێن تێک دەشکێنێت. شانۆنامەنووسەکانی ئەمڕۆ شوێن پێی ستریندبێرگ -یان هەڵگرتووە و یەکەی کات، هەروەها شوێنیش تێک شکێنراوە. کات چیتر ئەو کاتە نییە، کە لە شەو و ڕۆژێکدا، لە مانگ و ساڵەکاندا ژیانمان ڕێک دەخات، بەڵکو کات ئامڕازێکی ترە، هەندێک جار فەلسەفییە و نامێنێ، هەندێک جار رەوتی کرۆنۆلۆژی خۆی لە دەست دەدات، هەندێ جاریش هەموو شتەکان لە دەرەوەی کاتەوە بەرجەستە دەبێت. لەم پانتاییەدا، زۆر ئاساییە کارەکتەرەکان رۆڵەکانییان بگۆڕنەوە، شوێنەکان بگۆڕن، تەنانەت رەگەزی پیاو و ژن ئەو گرنگییەی نەمێنێ.
 هەموو شتێک لەم دراماتۆرگییە نوێیەی شانۆی ئەوروپیدا لێکدانەوەی بۆ ناکرێت؛ روونتر بدوێم، شانۆنامەنووسەکان هۆکارێک نادەن بە دەستەوە، ئەو کارەکتەرە، یان ئەویتریان بۆ بەو شێوەیە رەفتاریان کردووە. ئەمەیش رەوتی رووداوەکان لە دنیایەکی نادیاردا دەهێڵێتەوە، یاوەخود ئاوێزانی چەند چارەسەرێکی کراوەی دەکات. ئەم تەکنیکە بۆ نموونە لای «یۆن فۆسە» زۆر دووبارە دەبێتەوە. کارەکتەرەکانی فۆسە هیچ جۆرە شوناسێکیان نییە، بەڵام بنەمایەکی قووڵی سیکۆلۆژی لەخۆ دەگرن، کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تەنگەژە دەروونییە قووڵەی مرۆڤی ئەمرۆی کۆمەڵگەی ئەوروپی تووشی هاتووە. ئەم کارەکتەرانە، لە زۆربەی دەقەکانی شانۆنامەنووسەکانی ئەمڕۆی ئەوروپادا دووبارە دەبنەوە، ناتوانی بزانی بە چ دەردێکی دەروونییەوە گیرۆدە بوون، ئەمانە لەوێدان، لە شوێنێکی نادیاردا گیریان خواردووە، چۆن دەردەکەون، بە هەمان شێوەیش ون دەبن و دیار نامێنن. زۆر جار ئەم کارەکتەرانە وەڵامی هیچ پرسیارێک نادەنەوە، یان هیچ جۆرە پرسیارێک لە خۆیاندا هەڵناگرن، وەک «ئێستراگۆن» و «ڤلادیمێر» چاوەڕوانی گۆدۆیەکن، کە هەرگیز نایەت. خاڵێکی تری هاوبەشی، بەشێکی زۆری ئەم شانۆنامەنووسانە ئەوەیە، کارەکتەرەکانیان هیچ ناوێک هەڵناگرن، بێ ناون: پیاو، ژن، کوڕ، دایک، باوک، کچ... هتد، ئەمەیش وا لەم کارەکتەرانە دەکات، شوناسێکی گەردوونی هەڵبگرن، پێناسەیەک بۆ ون بوونی مرۆڤی ئەم سەدەیە، بۆ نامۆ بوونێک، کە ڕەگەکەی لە قووڵایی رەوتی مرۆڤایەتیدا داکوتیووە.  زمان لەم دەقانەدا لە لێوارەکانی سنوورەکانی نەبووندایە. زمان لە هەموو شتە زیادەکان پاککراوەتەوە و داماڵراوە؛ زمانی پەیوەندی نێوان مرۆڤایەتی، ئەوەی لە پەنجاکاندا (ئۆژین یۆنسکۆ) و دواتریش بێکێت بە قووڵی کاریان لەسەر دەکرد، لەم دەقە تازانەی ئەم نەوە نوێیەی شانۆنامەنووسەکاندا، پێگەی خۆی لە دەست داوە، ماناکانی ون کردووە، بەهای زمانی گفتوگۆ کردن نەماوە و کەس لە کەس ناگات. لێرەدا دووبارە بوونەوەکان، وشەی پچڕ پچڕ و ڕستە و دەستەواژەی نارێک و تەواو نەکراو، وەک کارەکتەرەکان لە خەونێکی قووڵدابن، پێوەدانگە درامییەکە و ستراکتوری کارەکتەرەکان دروست دەکات. ئەوەمان لە بیر نەچێت، زمانێکی شیعری، شیعرییەتێک، کە ریتمێک بەم زمانە دەبەخشێت، کارەکتەرەکان و رووداوەکان، چەندە قووڵ دەکاتەوە، هێندەیش دەوڵەمەندییان دەکات. 
 سەرەتا رەخنەگرەکان، بینەرانیش ئەم تەکنیکە نوێیە و ئەم دراماتۆرگییەیان بە گران وێنا دەکرد، زۆر کەس ئاماژەی بۆ ئەوە دەکرد، لەمە ناگەم، بەدحاڵی بوونێک لەنێو ناوەندە شانۆییەکە و لای بینەرانیش دروست بوو بوو، دواتر هەر زۆر زوو ڕەخنەگرەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، کە ئەم واقیعە هێندە بەئاشکرا، هێندە بە قووڵی خراوەتە ڕوو، سەختە بۆ ئێمە ددان بەوەدا بنێین، کە ئەوە ئێمەین؛ بەرگەی ئەو دۆزەخە بگرین، کە ئەم شانۆنامەنووسانە بۆمان باس دەکەن. لەبەر ئەوە، هەموو لەو ئاوێنەیەدا خۆمان دەبینین، هەر لەبەر ئەوەیشە پێویست ناکات بڵێین (بۆچی؟)بەڵکو هەموو دەڵێن (بێ هیچ بۆچییەک)هیچ شتێک پێویست بە ڕوونکردنەوە ناکات، هیچ شتێک ڕوون ناکرێتەوە، هیچ شتێک بە ڕوونکردنەوە ڕوون نابێتەوە. ئەوەی فۆسە لە دەقە شانۆییەکانیدا نووسیویەتی، ئەوەی بەرلەو لای بێکێت، هەروەها سارا کێن نووسراوە، ئەوەی لاش نۆرێن بە قووڵی کاری لەسەر دەکرد، هەمووی لەوەدا کۆدەبێتەوە، کە ئێمەی مرۆڤ دەبێت لە خودی خۆمان جیابینەوە، بێینە دەرەوە، تا بتوانین لە خۆمان بگەین؛ ئەمە کارێکی ئاسان نییە، سەختە، زۆریش سەختە. سەختی ئەم کارەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خودویستییەی مرۆڤی ئەمرۆ دووچاری بووە. هیچ شتێک لە دەرەوەی منەوە بوونی نییە، هەموو شتێک سەبارەت بە منە و من لە ناوەندی هەموو شتەکاندام. 
 ئەوەی منیش تا ئێستا نووسیومە، ئەو ئەزموونە کورتەی ئەم چەند ساڵەی منیش لەگەڵ نووسینی دەقی شانۆییدا، درێژکراوەی ئەم کەلتوورەیە، چەند و تا چەند خزمەتی شانۆی کوردی دەکات، زۆر زەحمەتە، لە ئێستادا بتوانم هیچ وەڵامێکی لۆژیکی بدەمەوە. دەتوانم بڵێم؛ ئەم دەقانەی من نووسیومن، لە رووی زمان و تەکنیک و دراماتۆرگی و رۆنانی درامییەوە، بە شانۆی کوردی نامۆن و بۆ ئەزموونی نووسینی دەقی شانۆنامەی کوردی تازەن. دەقەکان بە زمانێکی شیعری و شانۆیی نووسراون و هەر چەندە بە رواڵەت واقیعین، بەڵام بە دیوه‌که‌ی تریدا ئەبسێردن و لە دنیای واقیع و ژیانی رۆژانە دوورکەوتوونەتەوە. ئەم دەقانە شیعری شانۆیین، نەک شیعر بێت لە شانۆدا، شیعرێکی بینراوە، نەک شیعرێک گوێی لێ بگریت. کارەکتەرەکان بە پلەی یەکەم وەک مرۆڤ لە دەرەوەی هەموو جۆرە جوگرافیا و کات و نەتەوە و شوناسێکی دیاریکراوەوە، مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، دەکرێت هەموو مرۆڤێک لە هەر شوێنێکی ئەم دنیایەدا بێت، خۆی لەم دەقانەدا بدۆزێتەوە. ئەوە گرنگ نییە ئەم کارەکتەرانە چی دەڵێن، بەڵکو چۆن دەیڵێن.
 من لەم دەقانەدا، بێ ترس، دەست بۆ شتە ساکار و ئاسانەکان دەبەم، روواڵەتێکی تەنک، هاوکات هەست بە هێزی ڕاکێشانی شتە قووڵەکانیش ده‌کرێ، کە بەرەو قووڵایی خۆی راماندەکێشێت. بێگومان بێ چینەکانی سەرەوە قووڵاییه‌کانیش هیچ مانایەک نابەخشن، هیچ قووڵاییەکیش بێ چینی سەرەوە بوونی بۆ نییە و لە سەرەوە بەرەو قووڵاییەکان دەڕۆین. زۆر جار من لەسەرەوە دەمێنمەوە تا ئەو رێگایە بۆ ئێوە بکەمەوە بە قووڵاییەکاندا رۆبچنە خوارەوە، بە ناوەوەدا بڕۆن تا دواتر بتوانن، بە شتەکانی ناو قووڵاییەوە بێنەوە سەرەوە، ئەوەی لە قووڵاییەکاندا دۆزیوتانەتەوە، کە رەنگە جیاوازتریش بێت لەوەی من بیرم لێکردۆتەوە. هەموو یەکێک لەم دەقانەی من نووسیومن، چیرۆکێکی تایبەتی ده‌گێڕێته‌وه‌، بەڵام هەندێک جار لەوانەیە ئەم چیرۆکانە دیار نەبن و پێویستیان بەوە بێت بدۆزرێنەوە؛ لەوانەیە لەسەرەتاوە هەست، بۆ نموونە، بە رووداو، شوێن و پێوەدانگە درامییەکە نەکەین، بەڵام هەموو ئەو شتانە لە دەقەکاندا هەن و رێچکە و فۆرم و شێوازێکی تریان وەرگرتووە و لە تەکنیکێکی نوێدا داڕێژراون. ئەم دەقانە بۆ جەستە و دەنگی ئەکتەر نووسراون، هاوکات بۆ خوێندنەوە و تێڕامان و چوونە نێو دنیای کارەکتەرەکانەوە.
 بە بڕوای من شتگەلێکی زۆر لەم دەقانەدا روودەدەن، کە لەوانەیە بە یەک خوێندنەوە هەموو ئەو رووداوانە نەبینین و زمانەکەیش وەک جەستەی ئەکتەر لە جووڵەدایە و ڕووداوەکان و کارەکتەرەکانیش دەجووڵێنێت. 

2024/6/23
ستۆکهۆڵم

بابەتە پەیوەندیدارەکان