چوار دەیە لە ئەزموونی هونەرمەندێکی رۆژئاوا

11:55 - 2024-07-11
ئەدەب و هونەر
218 جار خوێندراوەتەوە

لەعەرەبیەوە
نەرمین عوسمان محەمەد



یەکێک لە بڵاوکراوەکانی وەشانخانەی رامینا لە لەندەن کەتەلۆگێکی هونەرییە بەناونیشانی (شوناسە کۆچکردووەکان)کە سەر بە (زنجیرەی هونەرەکان) ە و وەشانخانەکە بڵاوی دەکاتەوە و لەلایەن هونەرمەندی شێوەکاری (خزر  عەبدولکەریم) ەوە ئامادەکراوە. 
کەتەلۆگەکە لەسەد و شەست وێنە پێکهاتووە کە بریتین لە چەند کار و تابلۆیەکی ئەم هونەرمەندە گوزارشت لە قۆناغە جیاوازەکانی ئەزموونە هونەرییەکەی دەکات بە درێژایی چوار دەیە تاوەکو ئەمڕۆ لە نێو کەتەلۆگەکەدا خوێندنەوەیەکی نووسەر و رەخنەگری ئیتاڵی ئەنریکۆ ماسیلۆنی تێدایە کە دەڵێت: دەم و چاو و پێکان لە بەشێک لە کارەکانی هونەرمەند خزر عەبدولکەریمدا دەردەکەوێت، ئەم ئەندامانەی لەش لە چەقی وێنا کردن و جیهانی تابلۆکانی ئەم هونەرمەندەدا دەردەکەوێت و لەژمارەیەکی بێکۆتا لە گۆڕانکاریدا پیشکەش دەکرێت، چۆن مرۆڤ دەتوانێت بیر لە بێهێزی و باریکی پێکان و دەم و چاوەکان بکاتەوە کە تووشی شێواندن دەبن بەهۆی گەردەلوولی رەنگەکانەوە بەبێ ئەوەی کە هەست بکات پێویستە هەمیشە لە چوارچێوەی کارەساتی رۆژئاوادا تێی بڕوانێت، ئەم پێکەوە گرێدانەش بەبێ هیچ دەستکرد و نمایندەیەکی درۆ دروست دەکرێت، شایەنی باسە وێنەکێشانی لێزانانە دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ جیهاندا بکات بەبێ ئەوەی بیگۆرێت بۆ نمایشێکی دڵخۆشکەر و ئەگەر دەم و چاوەکانی خزر عەبدولکەریم، دەم و چاوێک نەبن بەشێوازە باوەکەی ئەوا ئەو پێیانەی وێنەیان دەکێشێت دەگۆڕێن بۆ ناسنامە و هاوشێوەی دەم و چاوەکان دەدوێن.
سەبارەت  بەهەمان کەتەلۆگ رۆماننووس و رەخنەگر هەیسەم حسێن دەڵێت:(شوناسی هونەری بەشێکە لەو شوناسانەی کە هونەرمەند خزر  عەبدولکەریم لە نێو ناخیدا هەڵیدەگرێت و تێکەڵی دەکات بە شێوازە هونەرییەکەی خۆی تاوەکو تابلۆ هونەرییە چاوەڕوان کراوەکەی بکێشێت بە جۆرێک کە هیج بەشێک ، بەشەکەی دیکە فەرامۆش ناکات و زاڵ نابێت بەسەریدا و لای نادات چونکە خودی ئەو هونەرمەندە ناڵاندوویەتی بەدەست تاڵیی زیندانیکردن و سەختی لەدەستدان و بێبەش بوون و زۆر بە جوانی لە واتای لادان و پەراوێز خستن تێدەگات، هونەرمەند خزر عەبدولکەریم کاری لەسەر ئەوە کردووە کە تابلۆکانی هەڵگری پەیامە مرۆڤایەتیەکان بن چونکە ئەو پابەندە بەمەسەلەکانی میللەتەکەیەوە و بەشێک بووە لە خەباتەکەیان لە رێگەی فڵچە و هزر و پیادە کردنەوە و باجی ئەو پابەندبوونەشی بە چەند ساڵێک زیندانیکردن لە ژیانی داوە ئەمە بێجگە لە ساڵانێک لە نامۆبوون لە مەنفا و پەنابەرێتی).
شایەنی باسە هونەرمەند خزر   عەبدولکەریم لەدایکبووی ناوچەی کەندوورە لە شارۆچکەی عامودا ، لەساڵی1967و لە ساڵی 2014ەوە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی و ئەندامی یەکێتیی هونەرمەندانی شێوەکارییە لە سوریا و چەندین پێشانگایلە ناوە و دەرەوەی سوریا کردۆتەوە لە ساڵەکانی نەوەدەکان و دووهەزارەکاندا.
  سەرچاوە:
.www.aawsat.com

بابەتە پەیوەندیدارەکان