لەمیدیای جیهانییەوە

09:48 - 2024-07-14
جیهان
173 جار خوێندراوەتەوە

ئا/ بورهان ئەمین

لەم رۆژانەدا سێ بابەتی سەرەکی جیهانی بوونە جێی باس و خواسی میدیا، یەکەمیان لوتکەی هاوپەیمانی ناتۆ و دووەم دوو کاندیدی گەورەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا و سێیەم دەرەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا.

فاینانشیاڵ تایمز: ناتۆ بەهێزتر بووە لە جاران
سەبارەت بە لوتکەی ئەم دواییەی ناتۆ لە ئەمریکا لەیادی 75 ساڵەی دامەزراندنیدا رۆژنامەی Financial Times ی بەریتانی دەنوسێت، لە 2019 سەرۆکی فەرەنسا پێی وابو کە هاوپەیمانی ناتۆ  جەستەو مێشکێکی مردووە، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی جەنگی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا خۆی تۆکمە کردۆتەوە و بەتایبەتیش دوای بەئەندامبوونی سوید و فنلەندا، بودجەی سوپاکەی زۆر زیاد بووەو ژمارەی سەربازانی بۆتە  500  هەزار، وا خەریکە هەندێ وڵات خزمەتی سەربازیان دەکەنە ناچاری تەنها لەپێناوی ئەوەی سوپای ناتۆ بەهێزبکەن.

Isiwstija: بارەکە مەترسیدارە
 لەسەر ئەم پێشهاتە تازەیە رۆژنامەی ئیزڤێستیای روسی نوسیویەتی، مەودای  ئەو مووشەکە مۆسکۆی پایتەختیش تێدەپەڕێنێت، ئەو هەنگاوە بارەکە سەختتر دەکا و ئەگەری روبەرووبونەوە و گرژی زیاتر دەبێت. 

رۆژنامەی Politico :
کاندیدەکان گاڵتە بەیەکتر دەکەن
لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی «جۆ بایدن»ی سەرۆکی ئەمریکا و کاندیدی خولی داهاتوو چەند هەڵەیەکی زمانەوانی کرد و لەقسەکانیدا تیکەڵ و پێکەڵی روویدا، لەسەر ئەمە «دۆناڵد ترەمپ»ی نەیاری لەهەژماری تایبەتی خۆیدا بەپۆستێک گاڵتەی پێکردو قسەکانی بەپێکەنیناوی ناوزەد کرد.

 New York Times: بریاردان لای ئەمریکییەکانە
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی دەڵێت: دیموکراتەکان مافی خۆیانە کەمشتومڕێکی تایبەتی بکەن لەسەر ئەوەی ئایا تەمەنی بایدن گونجاوە بۆ سەرۆکی داهاتوی ئەمریکاو پێویستی بە گۆڕینی کاندید هەیە، لەولاوەش ئێستا نیگەرانییەکی زۆر هەیە کە ترەمپ بتوانێت مەترسی لەسەر وڵات و هێز و ئاسایش و ناسنامەی نەتەوەیی دروست بکات، کارەساتە ئەگەر کۆمارییەکان نەتوانن بیر لەوە بکەنەوە بەشداری مشتومڕێکی هاوشێوە بکەن کە کاندیدی ئەوانیش شایستە نییە، ئەرکی بڕیاردان لای گەلی ئەمریکایە.

ASAHI SHIMBUN: سیاسەتی ئەمریکا دەگۆرێت
رۆژنامەی ژاپۆنی ئاساهی شیبۆن پێشبینی گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات، بەپێی توێژینەوەیەک ئەمریکا پێویستی بەوەبەرهێنانی سەرچاوە و بەرژەوەندی تازە دەبێت لە ناوچەی هیندستان- ئاسیای هێمن کە چین شوێنێکی گەورەی تێدا هەیە، لە راستیدا تاکە چارەسەری عەقڵانی ئەوەیە کە ئەوروپا بەرپرسیارێتی زیاتر لە ئەستۆ بگرێت. 
سەبارەت بە سەرکەوتنی هاوپەیمانی چەپ لە هەڵبژاردنی فەرەنسا بە 180 کورسی و ئۆردوگای ماکرۆن بە 163 و بەرەی نیشتیمانی راستڕەوی گەل پەرست بە 143 کورسی، پێکهێنانی حکومەت کەمێک سەخت بووە، چونکە هیچ کامێکیان زۆرینەی رەهای 289  کورسی بەدەستنەهێناوە .

The Guardian : ماکرۆن خۆی خۆی کوشت
رۆژنامەی زەگاردیانی بەریتانی لەسەر شکستی ماکرۆن دەنوسێت، ماکرۆن هەر لەسەرەتاوە بایەخی بەسیاسەتی دەرەوە دا بۆ ئەوەی خۆی وەکو سەرۆکێکی کاریزمایی دەربخات، بەبێ ئەوەی گوی بداتە ژیان و گوزەرانی خەڵک، چاکەکەشی ئەوەبوو کە هەوڵی یەکگرتوویی ئەوروپای دەدا، لەناوخۆی وڵاتەکەی وەزعی ژیان پەشۆکاو بوو کەچی لەخەمی ئەوروپادا کۆڵی نەدەدا، تا وای لەخۆی کرد و زیانی بەخۆی و بەئەوروپاش گەیاند، ئێستا کەوتۆتە گێژاوێک نازانێت چۆن خۆی لێ دەرباز بکات، هاوپەیمانێتی لەگەڵ کێ و چ لایەنێک راسترەو یان چەپڕەو بکات.

La Tribune: بەرژەوەندی گشتی پێش بەرژوەندی حزبی
رۆژنامەی لاتریبۆنای فەرەنسی دەنوسێت: پیویستە بەرژوەندییە گشتییەکانی گەلی فەرەنسا پێش هی حزبییەکان بخرێت، دەبێت نمونەی ئەوروپا بکەنە ئەزمونێکی باش کە 19 وڵات لەنێو 27 وڵاتی ئەندامدا لەسەر بنەمای هاوپەیمانی پەرلەمانی کاردەکەن و سەرکەوتووشن، گرنگە حزبە سەرکەوتووەکان ئیئتیلافێکی ستراتیژی پێکبهێبنن و لەسەر ئەوەش کابینەی حکومەت دامەزرێنن، ئەگەرنا کەسیان ناتوانن بەردەوام بن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان