داوا لە دوو وەزارەت دەكرێت هاوكاریان بن

«قۆناغی دابەشكردنی فۆڕمی وەرگرتنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەستپێدەكرێت»

11:26 - 2024-07-14
کوردستان
286 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا

بەمەبەستی جێبەجێكردنی بڕیاری دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، وەزارەتی شارەوانیی هەرێم، دەست بە دابەشكردنی فۆڕمی ئەو زەوییانە دەكات و وتەبێژی وەزارەتی ناوبراویش رایدەگەیەنێت: ئەوان توانای دابینكردنی زەوی تەرخانكراویان نییە كە پێویستە بۆ دابەشكردن، بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵ و دارایی دەكەن، هاوكاریان بن.
كوردۆ عومەر بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانیی هەرێم، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: دوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و دەركردنی رێنمایی پێویست لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە، ئێستا قۆناغی دابەشكردنی فۆڕمی زەوی بەسەر مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمدا دەستپێكراوە‌ و لەلایەن شارەوانییەكانەوە ئاڕاستەی بەشێك لە فەرمانگەكان كراوە و قۆناغی داهاتووش گەڕانەوەی فۆڕمەكان دەبێت بۆ وەزارەت، بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانە ژمارەی ئەو كەسانە دیاریبكرێت كە تائێستا لە وەرگرتنی زەوی نیشتەجێبوون سوودمەندنەبوون.
ئاماژەی بەوەشكرد: تەرخانكردنی زەوی لەلایەن وەزارەتی شارەوانی بۆ فەرمانبەران، قۆناغێكی دیكەی ئەو پرۆسەیە دەبێت، بۆ تاوتوێكردنی ئەو بابەتە و بەرچاوڕوونی زیاتر، وەزارەت چەندین كۆبوونەوەی لەگەڵ شارەوانییەكاندا كردووە، وتیشی: دیارە وەزارەتمان توانای دابینكردنی تەواوی زەویی تەرخانكراویان نییە كە پێویستە بدرێت بە فەرمانبەران، بۆیە داوا لە هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵ و دارایی دەكرێت لە دابینكردنی زەویدا هاوكاریان بن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان