شەهیدبوونی (جوامێر عەزیز رەشید) تێکۆشەری کوردستان و کارمەندی هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە رووبەڕووبوونەوەیەکی تیرۆریستانی داعش لە قەرەهەنجیر، خەمێکی گەورەیە و لە دڵەوە نیگەرانین.
شەهید جوامێر لەپێناوی سەرفرازیی خەڵک و سەقامگیریی خاکەکەمان گیانی بەختکرد و ئەمەش بەرزترین پلە شەهادەتە کە هەرگیز لەیادی ناکەین. کەسوکارە سەربەرزەکەشی دڵنیادەکەینەوە تۆڵەی خوێنی شەهید جوامێر دەکەینەوە و وەک چۆن بەڵێنمانداوە هیچ پانتاییەک بۆ تیرۆر و تیرۆریستان نەهێڵینەوە، ئەم کۆستە گەورەیەش سوورترمان دەکات بەتوندترین شێوە رووبەڕوویان ببینەوە.
لە خوای گەورە داواکارم شیفای کارمەندە بریندارەکان بدات و سوپاسی دڵسۆزی و خۆڕاگرییان دەکەین. ستایشی هەوڵ و شەونخوونی هێزەکانی ئاسایش و سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی کوردستان دەکەین کە ماندوونەناسانە سەقامگیریی هەرێمەکەمان و ژیانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان دەپارێزن.
پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری سەربەرزی کاک جوامێر عەزیز و هەڤاڵانی دەکەم و هاوبەشی ئەم ماتەمەم. خوای گەورە هەڤاڵ جوامێر بە بەهەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەهەموو لایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان