خۆرهەڵات و داگیرکردنی میسر لەلایەن فەرەنساوە

09:45 - 2024-07-15
دووتوێ
87 جار خوێندراوەتەوە

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

داگیرکردنی میسر لەلایەن فەرەنساوە لە ساڵی 1798  یەکێکە لە رووداوە گرنگەکانی مێژووی خۆرهەڵات، چونکە لێرەوە میسر بەتایبەتی و خۆرهەڵات بەگشتی، بە شارستانی خۆرئاوا ئاشنا دەبن و لەنزیکیشەوە ئاگاداری شۆڕشی فەرەنسی دەبن. هەربۆیە داگیرکردنی میسر  قۆناغێکی زۆر گرنگە چونکە لەهەناویدا قۆناغێکی نوێ لەدایک دەبێت. لەهەمانکاتیشدا  جیاوازی گەورە لە نێوان هێزی داگیرکاری ئەوروپی و عوسمانیدا دەردەکەوێت، چونکە راستە فەرەنسا میسری داگیرکرد، بەڵام لەگەڵ خۆیدا شارستانی هێناو لەهەمانکاتیشدا بیرۆکەی هەڵکەندنی نۆکەندی سوێسی هێنا، کە دواتر بووە مایەی خێروبەرەکەتێکی زۆر بۆ ئەم وڵاتە. بە پێچەوانەی داگیرکاری تورکی عوسمانی، کە تەنها دواکەوتن و برسێتی و کوشت و بڕی لەگەڵ خۆی هێنا بوو. 
رۆژنامەوان و رووناکبیری ناوداری میسری  محەمەد حەسەنەین هەیکەل دەڵێت: پیسترین داگیرکار، هەژارترینیانە، بۆ نموونە راستە داگیرکاری فەرەنسی ئەویش بەزەبری هێز میسری داگیرکرد، بەڵام لەگەڵ خۆیدا شارستانی  بۆ میسر هێنا، بەپێچەوانەی داگیرکاری عوسمانییەوە کە تەنها دواکەوتن و نەخۆشی و برسێتی بۆ میسر هێنابوو.

 

فەرەنسییەکان دەرگایەکی نوێیان بە ڕووی خۆرهەڵاتییەکان کردەوە، بە جیهانێکی نوێ و مۆدێرن ئاشنایان کردن، جیهانێک کە تەواو جیاوازە لەو جیهانەی خۆیان

کاریگەرییە کەلتورییەکانی
وەکو دیارە گەلان یان لەرێگەی بازرگانی یان لەرێگەی جەنگەوە بە یەکتری ئاشنا دەبن. گرنگترین کاریگەری ئەم داگیرکارییە لایەنی کەلتووری بوو، چونکە وەکو دیارە لەگەڵ ئەم هێرشەیدا، ناپۆلیۆن کۆمەڵێک زانا و رووناکبیر و نووسەری لەگەڵ خۆیهێنا کە ژمارەیان دەگاتە 146 کەس 146 کە ئەوانیش  لە بوارەکانی  هونەر، جوگرافی، ئەندازیاری، فەلەکناسی، جیۆلۆجی، شوێنەوارناس، مێژوو، ئابووریی، رووەكناسی، وێنەکێشان و پزیشكی پسپۆر بوون. جگە لەوەش بۆیەکەمجار لە میسر رۆژنامەگەری پەیدا دەبێت،  چونکە فەرەنسییەکان چاپخانەیەکیان لەگەڵ خۆیان هێنا. دواتریش دوو رۆژنامە دەردەچێت یەکێکیان بە زمانی عەرەبی و ئەویتریان بە زمانی فەرەنسی. هەروەها لەپاش خۆیان چاپخانەکە بۆ میسرییەکان بەجێدەهێڵن.  لە هەمووشی گرنگتر گەلی میسر بە دروشم و ئامانجەکانی شۆڕشی فەرەنسی ئاشنا دەبن، لەرێگەی ئەوانیشەوە هەموو خۆرهەڵات بە شارستانی فەرەنسی  و خۆرئاوایی ئاشنا دەبن. وەکو زۆرێک لە مێژوونووسان دەڵێن، هەڵمەتەکەی ناپۆلیۆن بۆسەر میسر، وەکو بێدرابوونەوەیەک وابوو بۆ گەلانی خۆرهەڵات، ماوەی چەندین ساڵ بوو، لەلایەن داگیرکاری عوسمانییەوە خەوێنرابوون و  لەناو جیهانی جەهل و دواکەوتوویی و نەخۆشیی و برسێتیدا نوقم بوو بون. فەرەنسییەکان دەرگایەکی نوێیان بەڕووی خۆرهەڵاتییەکان کردەوە، بە جیهانێکی نوێ  و مۆدێرن ئاشنایان کردن، جیهانێک کە تەواو جیاوازە لەو جیهانەی خۆیان. 

رابوونی میسریی و عەرەبی
لەلایەکی ترەوە داگیرکاری فەرەنسی توانی رابوونێکی گەورە لەناو خەڵكی میسر و دواتریش خۆرهەڵاتدا دروستبکات لە دژی هێزی داگیرکەر، هەربۆیە بەشێک لە مێژوونووسانی عەرەبی، سەرهەڵدانی بیری نەتەوەیی عەرەبی بۆ هەڵمەتی داگیرکاری فەرەنسا بۆسەر میسر دەگەڕێنەوە، چونکە بەهاتنی فەرەنسییەکان، بزووتنەوەیەکی جەماوەری گەورە لە دژی ئەم داگیرکارە دروستبوو، هەروەها هەستێکی گەورەی نەتەوەییش لە دژی هێزی داگیرکەر دروستبوو، هەرئەمەش وایکرد کە پاش ماوەیەکی تر، میسر بە یەکجاری خۆی لە ژێر حوکمی دگیرکاری تورکی عوسمانی رزگار بکات، سەرەتایەکی نوێ لە مێژووی میسر دەستپێبکات، ئەمەش بە دامەزرانی دەوڵەتی میسری نوێ بە سەرۆکایەتی محەمەد عەلی پاشا، لێرەشەوە بونیاتی سوپا و دەوڵەتی میسری نوێ دانرا. 

کاریگەرییە ئابوورییەکانی  
گەورەترین کاریگەری ئابووری ئەم داگیرکردنە ئەوەبوو، لێرەوە بیرۆکەی هەڵکەندنی نۆکەندی میسر کرایەوە، هەرچەندە ئەم بیرۆکەیەش زۆر کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فیرعەونەکان بەتایبەتی لەسەردەمی فەرمانڕەوایی (نیكۆی دووەم 616-595 پ.ز)  بەڵام بەهاتنی فەرەنسییەکان، ئینجا بە تەواوەتی بیر لە هەڵکەندنی نۆکەندنی سوێس کرایەوە و 10 ساڵی پێچوو لە  ساڵی 1859 دەستکرا بە هەڵکەندنی نۆکەندەکە و  هەتا ساڵی 1869 تەواو بوو. بەمجۆرەش میسر بووە خاوەنی گەورەترین نۆکەندی گرنگ کە هەرسێ کیشوەر « ئاسیا، ئەفریقا و ئەروپا» بەیەک دەبەستێتەوە، لێرەشەوە رێگای بازرگانی  و دەریاوانی شۆڕشێکی گەورەی بەسەردا هات و چیتر رێگە کۆنەکەی باشووری ئەفریقا گرنگی نەما. لە هەمووشی گرنگتر هێندەی تر پێگەی ستراتیژی ئەم وڵاتەی بەهێزتر کرد، چونکە ئەمڕۆ نۆکەندی سوێس بۆتە رارەوێکی گرنگی  بازرگانی کە خۆرئاوا و خۆرهەڵات بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هەروەها لەرووی وزەشەوە زۆر گرنگە، چونکە بەشێکی زۆری غاز و نەوتی جیهان لە رێگەی ئەم نۆکەندەوە دەگاتە بازاڕەکانی ئەوروپا. 

دەرەنجام
پێش چەند ساڵێك کۆمەڵێک نووسەرو رووناکبیری میسری داوای ئەوەیان دەکرد، کە پێویستە لە میسر ساڵیادی داگیرکاری فەرەنسا بکرێتەوە، چونکە هێندەی سوودی بەم وڵاتە گەیاندووە هێندە زەرەری پێ نەگەیاندووە. راستە فەرەنساش وەکو هەموو هێزیكی داگیرکەر کۆمەڵێک ئامانجی داگیرکاری خۆی هەبووە، ئەویش بەشی خۆی خەڵکی کوشتوەو دزیی و تاڵانیشی کردووە، بەڵام کاتێک سەیری دەرەنجامەکانی ئەم داگیرکردنە دەکەیت، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە سوودی زیاتر بووەتا زەرەر. هەروەها بۆ هەموو گەلانی خۆرهەڵاتیش، ئەم داگیرکاریە سوودی هەبوو، بەتایبەتی لە رووی کەلتوورییەوە، چونکە لێرەوە بە شارستانی خۆرئاوا ئاشنا دەبن و بێداربوونەوەیەکیش لە دژی داگیرکاری عوسمانی دروست دەبێت.  


بابەتە پەیوەندیدارەکان