بەشێكی نوێ لە كۆلێژەکە دەکرێتەوە

کۆلێژی پەروەردەی شارەزوور، گرفتی نەبوونی بینای تایبەت و بەشەناوخۆیی

10:31 - 2024-07-16
ڕاپۆرت
425 جار خوێندراوەتەوە
چەند پێشنیازێك لە نێوان قایمقامیەت و شارەوانی هەیە بۆ دروستکردنی بینای کۆلێژەکە

راپۆرتی/ محەمەد تۆفیق نەورۆڵی


کۆلێژی پەروەردەی شارەزوور، یەکێکە لە کۆلێژەکانی زانکۆی هەڵەبجە، لە ساڵی 2019 دا، بە فەرمانی وەزاری لە قەزای شارەزوور دامەزراوە، کۆلێژەکە زیاتر لە 800 خوێندكاری لێیە و لە سێ بەش پێکهاتووە، بەشی کوردی، بەشی باخچەی ساوایان و بەشی گەشەپێدانی مرۆیی، بەڵام تائێستا گرفتی نەبوونی کەمپی تایبەت بە کۆلێژ و بەشە ناوخۆیی چارەسەر نەکراوە و بڕیارە بەشێكی نوێ بۆ كۆلێژەكە زیاد بكرێت.
محەمەد زوبێر خوێندکارە لە کۆلێژی پەروەردەی شارەزوور بە کوردستانی نوێی وت: زۆریی خوێندکار و  نەبوونی هۆڵی پێویست بۆ خوێندن گرفتی بۆ دروست کردوین، هەندێكجار بە ناچاری لە دەرەوەی هۆڵەکان وانەکان دەخوێنین، یاخود بە هەوڵی راگرایەتی هەوڵ بۆ دابینكردنی بینای تر دراوە بۆ ئەوەی پرۆسەكە پەكی نەكەوێت.
وتیشی: نەبوونی بەشە ناوخۆیی کچان و کوڕان بۆ خوێندکاران، گرفتێکی بەردەوامە، ساڵانی سەرەتا زۆر کێشەی وەک، ئاو و کارەبا و نەوت و غازمان هەبوو، بەردەوام لە هەوڵدابووین تا کەموکورتییەکان چارەسەر بکرێت، راستە ئێستا کەمێک باشترە، بەڵام ساڵانە ئەم گرفتانە دووبارە دەبنەوە ئەگەر باڵەخانەی تایبەت بە بەشەناوخۆیی کچان و کوڕان دروست نەکرێت لە قەزاکەدا.

پلانی چارەسەری گرفتەکان
پ.ی.د. ئەحمەد میرە راگری كۆلێژی پەروەردەی شارەزوور بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەشی پەروەردەی تایبەت، بەشێكی نوێیە و بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە كۆلێژەكەمان دەكرێتەوە، كە بەشێكی زەروور و پێویستە، هەرچەندە تاقیگەی پزیشكی و پسپۆڕیی تایبەتی دەوێت، بەڵام دەتوانین مامۆستای پسپۆڕ و تایبەت بە شێوەی میوان بۆ كۆلێژەكەمان بهێنین، چونكە لەیەک تێگەشتنمان لەگەڵ زانكۆ لۆكاڵی و نێودەوڵەتییەكاندا هەیە.
لە بارەی بینای پێویست وتی: هەڵبەت گرفت دەبێت، بەڵام ئێستا بە سوپاسەوە، بینای  كشتوكاڵی شارەزوورمان وەرگرتووە و بۆ كۆلێژ بەكاریدەهێنین، لەگەڵ ئەوەشدا پلانمان هەیە نەهێڵین گرفتەكان كاریگەریی لەسەر كردنەوەی بەشەكە هەبێت و چارەسەری گونجاوی بۆ دەكەین.

رێکارەکان تەواوکراون
پێش كردنەوەی كۆلێژەكە، رێكەوتن لە نێوان زانكۆ و قایمقامییەتی شارەزووردا هەبووە، كە لە رێگەی شارەوانی و قایمقامەوە، پەنجا دۆنم زەوی بۆ کەمپی کۆلێژی پەروەردەی شارەزوور تەرخان بكرێت، بەڵام دواتر بەهۆی هەندێك گرفتەوە تا ئێستا زەوییەكە تەرخان نەكراوە.
پ. د. مهاباد كامل سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: چەند پێشنیازێك هەیە لە نێوان قایمقامیەت و شارەوانی شارەزوور، كە هەر یەكێكیان شوێنێك پێشنیاز دەكەن بۆ دروستکردنی بینای کەمپی کۆلێژی پەروەردەی شارەزوور، بەڵام تائێستا رێكارەكان وەك پێویست چارەسەر نەكراون.
وتیشی: لەلایەن زانكۆوە هەموو رێكارەكان تەواوكراون و دەرخستە ئامادەیە، لەناویدا باڵەخانەی كچان و كوڕانیشی تێدایە، پێشتریش وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە رەزامەندبوو، كە باڵەخانەكانی شارەزوور كەیەكەی نیشتەجێبوونن بۆ زانكۆ تەرخان بكرێت، بەڵام لەبەرئەوەی تێچووی نۆژەنكردنەوەكەی زۆر دەركەوت لەسەر زانكۆ، نەتوانرا جێبەجێ بكرێت.

زەوی پێویست هەیە
شارەوانی شارەزوور زەوی پێویستی هەیە بۆ کۆلێژەکە، سالار ئەحمەد رەشید سەرۆکی شارەوانی شارەزوور بە کوردستانی نوێی راگەیاند، هەرکاتێک بە رەسمی داوامان لێبکرێت، شارەوانی زەوی پێویست بۆ کۆلێژی پەروەردەی شارەزوور دابین دەکات، بە مەرجێک لە ناوەندی قەزای شارەزوور بێت و نەبرێتە دەرەوەی قەزاکە، ئەوەی ئێستا هەیە گرفتی زەوی نییە، بەڵکو گرفتەکە لە پلانەکاندایە و بوونەتە رێگر.
وتیشی: ئەگەر بە رەسمی داوامان لێبکرێت، ئامادەین وەک شارەوانی شارەزوور بۆ رۆژی دواتر زەوی بۆ کۆلێژەکە دابین بکەین، تەنانەت دەتوانین لەو رووبەرەش زیاتر دابین بکەین کە داوای دەکەن.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان