رۆژە رەش و خوێناوییەکەی كەركوكییەكان

10:33 - 2024-07-16
کوردستان
273 جار خوێندراوەتەوە
تەقینەوە خوێناوییەکەی کەرکوک - 2007

هێمن ئەحمەد

لە نێوان ساڵانی 2006 ـ 2008، بارێكی نائارامی سیاسی لە عیراق سەریهەڵدا كە بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان شیعەو سوونە لە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق، لەگەڵ دروستبوونی میلیشیا توندڕەوەكان كە كێشەكانی ئەو ناوچانەیان بە هەلزانی بۆ ئەنجامدانی مەرامە گڵاوەكانیان.
كەركوكیش یەكێك بوو لەو شارانەی كە چەكدارە تیرۆریستیەكان گەلێك كردەوەی تیرۆریستیان تێدا ئەنجامداو خەڵكێكی زۆری بێتاوان بوونە قوربانی. رووداوەكەی ساڵی 2007 رووداوێكی تیرۆریستی گەورە بوو كە كەركوكی كردە ئامانج و بە سەدان شەهیدو برینداری لێكەوتەوە و هەندێك كەسیش تا ئێستا بە كەمئەندانی ژیان بەسەر دەبن بەهۆیەوە.

رۆژێكی شووم بوو بۆ كەركوكییەكان
16/7/2007، رۆژێكی زۆر شووم بوو بۆ كەركوك‌ و كەركوكییەكان، نزیكەی كاتژمێر 10ی بەیانی بوو، گەورەترین تەقینەوە لە بەردەم بنكەی روناكبیری‌ و كۆمەڵایەتی كەركوك بەرامبەر قەڵا روویدا، ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر تەقییەوە، بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان هاونیشتمانیی كورد كە لە ناویاندا نووسەرو رووناكبیر «مستەفا گەرمیانی» هەبوو.
ئەو رۆژە سەردانی هەر كوچەو كۆڵانێكی گەڕەكە كوردنشینەكانت بكردایە خێوەتی پرسەی لێهەڵدرابوو، هەندێك لە ماڵەكانیش دوو یان سێ شەهیدیان بۆ دەگەڕایەوە، ئەمەش گەورەترین كارەسات بوو.

رۆژانە تەقینەوە رووی دەدا
 ئەو دەمە رۆژانە تەقینەوە لە كەركوك رووی دەدا، بەڵام هیچ كام لە تەقینەوەكان هێندەی تەقینەوەكەی 16/7/2007، بە ئازار نەبوو بۆ كەركوكییەكان و بە رۆژە رەش و خوێناوییەكە لە مێژووی كەركوكدا ناو دەبرێت.
ئەوكاتە، بەندە؛ پەیامنێری یەكێك لە رۆژنامەكانی كەركوك بووم، هەر زوو بە خۆم ‌و كامێراكەی شانم گەیشتمە شوێنی روداوەكە، بەڵام سەد خۆزگە نەگەیشتمایە، چونكە ئەو دیمەنەی من بینیم دوژمنیش نەیبینێت، كارەسات بوو، تەقینەوەكە هێندە بەهێز بوو ئاوی لە شەقامەكە دەرهێنا بوو، جگە لەوەش هەر هاونیشتمانییەكت دەبینی وێڵ بوو بە دوای تەرمی ئازیزێكیەوە، یەكێك لەو دیمەنانەی لەو شوێنە بینیم كۆستەرێك بوو كە 21 سەرنیشنی هەڵگرتبوو، سەرجەمیان سووتابوون و ببون بەخەڵوز، یەكێك لە سەرنشینەكان «مام سدیق»ی دراوسێمان بوو، بەڵام لە بەردەم دەرگای بنكەی روناكبیری كۆمەڵایەتیش «نەوزاد»ی كوڕی مام «سدیق» پارچە.. پارچە بوبوو.
هەر لەناو كۆستەرەكەدا هاونیشتمانیان كاتێك كە سەرقاڵی دەرهێنانی تەرمەكان بوون، لەپڕ هاونیشتمانییەك هاواری لێ بەرزەوەبوو، منداڵێكی سێ ساڵانی لەنێو تەرمەكان دەرهێناو وتی: دەبێت ئەم منداڵە منداڵی چ داماوێك بێت، بەڵام بەداخەوە دوای چەند كاتژمێرێك بۆی دەركەوت منداڵەكەی خۆیەتی، كە لەگەڵ دایكیدا لە بازاڕ دەهاتنەوە بۆ ماڵ.
ئەی دیمەنی ئۆتۆمبێلی خەباتەكە، كە وەستاو كرێكارەكان كەسی نزیكی یەكتر بوون، لەو شوێنە سەرجەمیان شەهید بوون، كە باوك ‌و كوڕیان تێدا بوو.
با بێمە سەر باسی ئەو خێزانەی، كە چوون بۆ ئاڵتون كڕین بەمەبەستی ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیریی كوڕ و كچەكە، كە دەزگیرانی یەكتربوون، هەروەها دایكی كچەكەو خوشكی كوڕەكە هەموویان پێكەوە لە بەردەم بنكەی رووناكبیری كەركوك بوونە قوربانی.

چیرۆكی تری قوربانیان
دوای تەواوبوونم لە كارەكەم و گەڕانەوەم بۆ ماڵ تەماشای بەردەرگامان كرد، دراوسێكانمان سەرقاڵی دانانی خێوەت بوون بۆ كاك «نەوزاد»ی دراوسێمان كە «بەنەوە ڤاری» ناسرابوو و لە بەردەم بنكەی روناكبیری؛ شەهیدبوو، كات گەیشتە چواری عەسر لە خەفەتی «نەوزاد» كەس ئاگای لە «مام سدیق»ی داماو نەبوو، دوای چەند كاتژمێرێك لە دانانی خێمەكە «شیرین» خان كە دەكاتە خوشكی شەهید «نەوزاد» بەگریانەوە هاتە لای «كاك فەرهاد»ی برای ‌و پێیوت: كاكە، تائێستا باوە نەهاتۆتەوە ئیتر ئەوەبوو لەگەڵ «كاك فەرهاد» و پیاوانی گەڕەك سەردانی نەخۆشخانەی ئازادی فێركاریمان كرد و سەردانی پزیشكی دادوەریمان كرد، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك لە گەڕان بە دوای مام «سدیق»دا، لەوێش پێیانڕاگەیاندین كە تەرمەكان ناناسرێنەوە دەبێت بەنیشانەیەك یان بەپارچە قوماشێك كە بەجەستەیەوە مابێت بناسرێتەوە، ئەوە بوو «كاك فەرهاد» باوكی بەپارچە قوماشێك دۆزییەوە و دواتر مام «سدیق»یشمان بەرەو گۆڕستانی شێخ محێدین بردو بەخاكمان سپارد، دوای تێپەڕبوونی رۆژگار دایكی شەهید «نەوزاد» لە خەفەتی هەردوو ئازیزانی ئەویش كۆچی دوایی كردو ئەو خێزانە لە ناوچوون.
ئاخۆ چەندین خێزان بەهۆی تەقینەوەكانی كەركوكەوە هاوشێوەی ماڵی مام «سدیق» لە ناوچوون‌ و هەڵوەشێنرانەوە و كەسیش پێی نەزانیو دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی 16/7/2007 ی سەرجەم شەهیدانی كوردستان.


بابەتە پەیوەندیدارەکان