یانه‌ی ریاڵ مه‌درید ئه‌نتۆنیۆ رۆدریگێری ئه‌ستێره‌ی ئه‌ڵمانی وه‌كو یاریزانی نوێ ناساند و ئه‌و یاریزانه‌ش خۆشحاڵی خۆی به په‌یوه‌ندی كردن به یانه‌ی شاهانه‌وه راگه‌یاند.
ئه‌و ئه‌ستێره‌یه دوای ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوو بۆنده‌كه‌ی راگه‌یه‌ندرا رۆژی دووشه‌ممه له یانه‌ی ریاڵ مه‌درید پشكنینی پزیشكی بۆ كرا‌و دوای ئه‌وه‌ش ئیمزای له‌سه‌ر بۆنده‌كه‌ی كرد.
ئه‌و یاریزانه بۆنده‌كه‌ی بۆ ماوه‌ی 4 ساڵه له‌گه‌ڵ ریاڵ مه‌درید و درێسی ژماره 22ش له ریزی یانه‌كه ده‌پۆشێت، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی به‌بێ به‌رامبه‌ر په‌یوه‌ندی به یانه‌كه‌وه كرد.
دوای به‌رزكردنه‌وه‌ی درێسی یانه‌كه‌ش كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی بۆ رێكخرا و وتی: گرنگترین شت له‌م یانه‌یه بردنه‌وه‌یه و له‌ماوه‌ی ساڵی رابردووش یانه‌كه ئه‌مه‌ی دوپات كردۆته‌وه، هه‌رچه‌نده گومانی له‌سه‌ر بووبێت ریاڵ مه‌درید توانیویه‌تی به ئامانجه‌كانی بگات، یاریكردن بۆ یانه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه ئاسان نییه، ریاڵ مه‌درید خاوه‌نی یاریزانی زۆر باشه به‌تایبه‌ت له شوێنی یاریكردنی من، من له‌خۆم دڵنیام و ئاماده‌م بۆ ركابه‌ریكردن.
وتیشی: یه‌كه‌م جار كه ریاڵ په‌یوه‌ندی به به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانم كرد مانگی 9ی ساڵی رابردوو بوو، جاری دووه‌م له مانگی چوار له‌گه‌ڵ ئه‌نچیلۆتی قسه‌م كرد‌و ئه‌مه بووه خاڵی یه‌كلایی كه‌ره‌وه.
سه‌باره‌ت به خۆشی وتی: من كه‌سێكم ئاره‌زوم له قسه‌كردن و سه‌مایه، به‌ڵام له‌ناو یاریگا زۆر جدیم و ئاره‌زوم له‌سه‌ركردایه‌تی كردنه، گرنگترین شت لام ئێستا فێربوونی زمانی ئیسپانیه، ئاره‌زوم له‌ژماره دووه‌و ئه‌و ژماره‌یه لای كارڤاخاله بۆیه 22م هه‌ڵبژارد.