ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، بەئامادەبوونی هەڤاڵ پۆڵا سیروان تاڵەبانی ئەندامی سەرکردایەتی، مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال سەردانی تێکۆشەر و کەسایەتی دیاری دەڤەری شارباژێڕ، هەڤاڵ ئەحمەد سەید حەمەلاو ناسراو بە سەید ئەحمەد ماوەتی-یان کرد.
لەو سەردانەدا چەپکە گوڵی رێز و وەفای سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی-یان پێشکەشکرد و لە تەندروستی هەڤاڵ سەید ئەحمەدیان پرسییەوە و هیوای سەلامەتیان بۆ خواست.
مەکتەبی سکرتاریەت بە گرنگییەوە ئاماژەیان بە رۆڵی شارباژێڕییەکان کرد لە خەبات و قوربانیدان و پشتگیریان لە شۆڕشی نوێ کە هەمیشە شارباژێڕ لانکەی شۆڕش و هێزەکانی پێشمەرگە بوون و بەشێکی گرنگ بوون لەسەرخستنی شۆڕش جگە لەوەی بەشدارێکی کاریگەریش بوون، کاک سەید ئەحمەد ماوەتی-ش لە تێکۆشەرە سەرەتاییەکانی ئەو سەدان قارەمانەی شارباژێڕە کە تا کۆتایی لە بەرەی گەلدا مانەوە و مێژوویەکی پڕشانازییان بۆ هەموان تۆمارکرد لە دوای راپەڕینیش وەک لێپرسراوێکی یەکێتی دواتریش وەک قائیمقامی شارباژێڕ خزمەتێکی بەرچاوی بە سنوورەکە گەیاند.
لە بەرامبەردا سەید ئەحمەد ماوەتی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بەو سەردانە، دووپاتیکردەوە وەک رابردوو درێژەپێدەری خەباتی یەکێتی دەبێت و هەتا تەمەن رێبدات لە خزمەتی گەل و ئامانجە باڵاکاندا دەبێت.